شانۆگەری"هەڵوێستی دۆڕاو"!
Friday, 26/08/2016, 3:01
کوردستان، هەنوکە لە بار و دۆخێکی ئێجگار نەشیاو هەستیارە. هەر چی کەسێک چەکی بەدەستە، بگرە لە چەتەکانی داعش، چەکدارانی خۆفرۆش، هێزی میلیشیا، چەکدارانی سیخوری هەموو لایەک، هەرچی هێز و سوپایی زلهێزی دنیا و ناوچەکە هەیە ئیمرۆ لە کوردستانە.
جەنگی سوریا خەریکە بە لایەکدا دەکەوێت، زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، هێشتا بە فەرمیی رێککەوتنی نێوان خۆیانیان بە خەڵک رانەگەیاندوە کە ئایا لە نێوان خۆیان دا لەسەر چی رێککەوتن و تاڵانی دوای جەنگ چۆن دابەش دەکرێت.
پلانی سەربازی و هێرشی ئاسمانیی و زەمینی، خستنە گڕی موشەک و چەکی وێرانکەر لە لایەن زلهێزەکانی ناوچکە و دنیادا، بۆ خزمەتی ئەو پلان و رێککەوتنانەیە کە پێشوەخت هەموویان لە سەری کۆکن و بەرژەوەندییان پارێزاروە، کە ئەویش دابەش کردنی تاڵانی دوای جەنگە.
لێداوانەکانی، سوریا، ئەمریکا، چین، رووسیا، تورکیا، ئێران و عیراق پێشەکی ئەو رێککەوتنانەی پێوە دیارە. ئاماژەکانی جۆری ئارستە کردنی جەنگ لە سوریا لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارانە، بە تایبەتی لە لێدوانەکانی "ئوردوگان"ی دژە کورد و مرۆڤاییەتی و ئێران، دەریدەخەن مەترسی ئەوە دەکرێت کە میللەتی کورد گورگان خوارد بکرێت.
لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا دەستڕۆیشتووەکانی هەولێر و سلێمانی خەریکی چین؟
هەولێر: فڕین بۆ تورکیا
سەڕۆکی پارتی، چوو بۆ تورکیا، لەگەڵ "ئوردوگان"ی تا سەر ئێسقان، دوژمنی میللەتی کورد کەوتە کۆبونەوە و فسکە فسک کردن. لە دوای تەواو بوونی سەردانەکەی لە میدیاکان دا سەڕۆکی هەرێم رایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگیان کردوە،
یەکەم، هاریکاری کردنی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا بۆ شەڕ دژ بە داعش.
دووەم، پەیوەندیی ئابووری
سێیەم، یەکێک لە تەوەرەکانی باسەکانیان لەگەڵ ئۆردوگان بریتیبووە لە " گولەن" و قوتابخانەکانی کە لە هەرێم هەن.
تورکیا، لە هەموو دانیشتنێک، لێداونێک، کۆڕ و کوبونەوە ناوچەییەکان و دنیادا بەبێ شەرمی دوژمنایەتی خۆی بۆ میللەتی کورد دوپات دەکاتەوە. مەسەلەی چوونە جەنگ دژ بە داعش ئەگەر تورکیای داعش درۆ ناکات، مەبەستی بوو بێت شەڕ دژ بە داعش بکات، ئەوا لە هیچ کاتێک پێویستی بە زلهێزەکانی دنیاش نەدەبوو بۆ ئەوەی ئەوە بکات نەک بە حکومەتی هەرێم کە نەیتوانی پارێزگاری تەنیا لە شەنگاڵ بکات!
ئوردوگان، ئەگەر شەرمی نەکردبێت، داوای داخستنی قوتابخانە تورکییەکانی کردبێت کە بۆ چەندین ساڵە لە شارەکانی باشووری وڵات کار دەکەن و مێشکی خەڵک دەشۆن، ئەوا پێی شەرم دەبێت خۆی لابدات لە باسی "قەندیل" کە ئیمرۆ هەموو تورکیای هەژاندوە؟
تورکیا بۆ سێ داواکاری سەڕۆکی هەرێمی بانگێشت کردوە بۆ ئەنقەرە و رێککەوتن:
یەکەم، لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەوڵدان بۆ جێ لەقکردنیان، تیڕۆڕ کردنی ئەندام و لایەنگریان لە باشوور.
دووەم، کردنەوەی خەزێنەی تورکیا بۆ جاش ناونووس کردن لە رۆژئاوای وڵات دژ بە پەیەدە و یەپەگە. ئەو جاش ناونوسکردنەش بە هەموو شێوەیەک بێت هەتا ئەگەر لە چوارچێوەی دروستکردنی حزب کە سەر بە حکومەتی بنکە فەرەوان و تورکیا بن، نمونە وەکو (ئەنەکەسە) .
سێیەم، دزینی سەروەت و سامانی کوردستان.
سلێمانی: شانۆگەری داش گۆڕینەوە
لە شانۆگەریەکی ئاست نزمادا دەسەڵاتدارانی سلێمانی داش دەگۆڕنەوە. فەرەیدون ئاسۆ لا دەچێت هەڤاڵ ئەبوبکر جێی دەگرێتەوە.
لە شاری ڕۆشەنبیری، لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی دەستەی ئەنجومەنی شار، هەڤاڵ ئەبوبەکر لەلایەن هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و نەوشێروان مستەفا ئەمین چەند ناوێکی بۆ ریزبەند کراوە و دەیخوێنێتەوە و بەبێ ئەوەی ئەو ناوانە ڕکابەریان هەبێت، بە ئامادەبووان رادەگەیەنێت کە دەنگ بدەن! ئەکرەم"ی دەرکراو توڕە و توندە دەنگ هەڵدەبرێ باسی پێشێل کردنی یاسا دەکات و چەند کەسێک هەڵوێست وەردەگرن و واز لە یەکێتی دەهێنن!؟، میدیایی حزبی، سێبەر و بێلایەن، کامیرای کەناڵە زەبەلاحە حزبییەکان و پارە خۆرەکان وەکو مێش تێکقژقژاون، دەورەی شانۆیان گرتوەو هەوڵدەدەن بە گوێرەی کە چۆن ئاراستە کراون بەهەمان جۆر هەواڵەکە بە میللەت رابگەیەنن! کەناڵی رووداو چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری پارتی دەکات، نوێنەری پارتی باسی پێشیل کردنی یاسا دەکات، پێی وایە دانانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بە گوێرەی یاسا دەبێت چاوەرێێ مەرسومی "سەرۆکایەتی هەرێم" بێت بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگای شاری سلێمانی.
ئاشکرایە کە ئەو داش گۆڕینەوەیە، فەرەیدون ئاسۆ بێت یان هەڤاڵ ئەبوبەکر هیچ لە بارودۆخی شاری سلێمانی و باشووری وڵات ناگۆرێت. مەسەلەی وازهێنان بە هۆی ئەوەی کە یاسا پێشێل کراوە، زۆر سەیرە! بە درێژایی حوکمی ماڵی هێرۆ تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، بە هەزاران شتی نا یاسایی کراوە کەچی تا ئیمرۆ ئەو دوو سێ کەسەی کە ئیمرۆ وازیان لە یەکێتی هێنا، هەموو شتێکیان قبوڵ بووە!؟
لە ئاست تاک، بچووک بیرکردنەوە، بچووکی کەساییەتی دەگەیەنێت. بچووک بیر کردنەوە لە ئاست پارت و سەرکردایەتی بچووکی کەسایەتی سەرکردایەتی و ئەو هێزانە دەگەیەنێت. ئەوەی ناوی یاسا و دەستور بێت لە کوردستان دا نییە. تورکیا بە ئارەزووی خۆی سوپای بردۆتە نێو شاری جەرابلوس، سنووری بەزاندوە بە ئارەزووی خۆی کورد دەکوژێت، کەس نییە دەنگ هەڵببرێت بڵی ئەمەی تورکیا دەیکات دژی یاسایی نێو دەوڵەتیە، سوریا بەشێک نییە لە خاکی تورکیا تا لە ژێر دەستی ئۆردوگان بێت و بیخاتە ژێر پۆستاڵی جەندرمە.
پێشمەرگە، بە خوێنی سووری خۆیان، ناوچەکانی مەخموریان رزگار کرد، کەچی ئێستا سوپای عیراقی ئەو ناوچانەی داگیرکردوە، لە هەر چرکەیەکدا عەبادی بیەوێت دەبێت هێزی پێشمەرگە بە تەواوی ناوچەکان چۆڵبکەن بە ئەمری ئەو، وە هێزی پێشمەرگە تا ئەو چرکەیە بەشێکە لە سوپایی عیراقی کەچی کەس نییە ورتە لە دەمی بێتە دەرەوە.
کوردستان لە ناوە و لە دەرەوە ئابڵوقە دراوە، چاڵێک هەڵکەنداراوە خەریکە هەموو میللەتی کورد بەبێ دەنگی زیندەبەچاڵ بکرێت، ئێوەش دەستڕۆیشتوانی هەولێر و سلێمانی خەریکی شەڕە پۆست، جاشایەتی و داش دابەشکردنن!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست