مەزنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە کوێدایە؟
Sunday, 21/08/2016, 19:48
کۆی مێژوی دەسەڵاتدارێتی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی،تەنها بنیات نانی مەملەکەت و کۆماری ترس بوە.لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆر و پاشاکانیشدا،کۆی مێژوەکەیان بەرنەفرەتی زۆرینە کەوتوە،بۆیە هیچ کاتێک مێژویەک شک نابەین تائێستایشی لەگەڵدا بێت شایانی شانازی زۆرینەی گەلەکانیان بن.
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لەنێو کەلتورو فەرهەنگێکی کۆیلایەتی زیاد لە هەزاران ساڵەییدایە. کۆیلایەتیەک تا ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت،زۆرینەی کۆمەڵگەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەنێو ئەو چەوساندنەوەیەدان،چەوساندنەوەیەک کە ژنان زیاد لەهەر بەشێکیتری کۆمەڵگە باجەکەی بەبەردەوامی دەدات.شێوازی دەسەڵاتداریەکان،هەمیشە ئەو شێوازە پادشایانە بوون کەهاوشێوەی پاشاکانی وەک داریوش و ئەردەشیر و هەزارانی دیکە،چیان بویستایە لە چێژو ڕابواردن و کوشتن درێغییان نەکردوە.ئەو شێوازە دەسەڵاتداریەتیە،هەمیشە چین و توێژەکانی خوارەوەی لەسەر پەرەپێدانی کوشتنی کەسایەتی ئازاد پەرەپێداوە.(ڕەنگە ڕۆمانی ئەسکەندەری مەزن)گەواهیدەرێکی باش بێت لەم نێوەدا.
ئێستایش کۆی دەسەڵاتدارە چڵێسەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات،هەر لەسەرۆک و پاشاوە بگرە تادەگات بەکاربەدەستە پلە باڵاکانیان،تەنها،خەریکی ئەتککردنی ژنان و شکاندنی ئەو کەسایەتیەی ژنن.ئیتر لەم نێوەدا مرۆ ناتوانێت بڵێت ئەم دەسەڵاتەیان لەویتریان ناچێت و دووبارەکردنەوەی ئەو کەلتورە داڕوخاوەی هەڵنەگرتوە.بەداخەوە،تائەم ساتەیش کۆی ئەو دەسەڵاتداریەتیە لەسەر ئەو ڕیتمە دواکەوتوییە کاردەکەن و تەنها خەمیان لای گەدەو ناوگەڵیانە،بەبێ ئەوەی بتوانن بۆ چرکەساتێکیش ڕوی خۆیان لەو کەلتورە وەرگێڕن و دەست ببەن بۆ وەرچەرخانی مەزن و چیتر وەک پاشاو دەسەڵاتدارەکانی پێش خۆیان نەبن.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوی کوردستان و هەنگاونان بۆئەو وەرچەرخانە مەزنە لەکەسایەتی ڕێزدار ئاپۆ و ئەڵتەرناتیڤە مەزنەکەیدا بەرجەستە دەبێت. ئەو وەرچەرخانە مەزنەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگریەتی،خۆبەخۆ تێک شکاندنی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە دواکەوتوانە پیاوسالاریە هەزاران ساڵەیە. وەرچەرخانێک لە زیندوکردنەوەی کەسایەتی ژندا خۆی بەیان دەکات،زیندوکردنەوەیەک کەدەڵێی لەنێو خەیاڵدایە.چونکەکارێکی هەروا ئاسان نیە،بزوتنەوەیەک لەماوەی چل ساڵێکدا بتوانێت تەڤگەرێک بەرهەمبهێنێت و پەروەردە بکات،کەوەڵام بەکۆی پەروەردەی باوی پێنج هەزار ساڵەیی بداتەوە. ئەو بزوتنەوە سیاسیەی پێکاکا ڕابەرایەتیەکەی دەکات،لەپێش هەر کارێکیدا،کارکردنی بێترسی بوە بۆ هەستاندنەوەی کەسایەتی ژن و چیتر ژن وەک ژن بونێکی لاواز لەکەسایەتی خۆی نەڕوانێت،بەڵکو لەکەسایەتی خۆیدا مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەو ئازادو خاوەن پێگە بینێتەوە.
شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان،گەرچی تەنگەبەریەکانی بەردەمی زۆرن لەلایەن ئەو کۆ دەسەڵاتەی تائێستا بەرگری لەمانەوەی ئەو کەلتورە داڕزیوە دەکەن،لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو شۆڕشە مەزنە،بۆ ساتێکیش ئامادە نیە سازش لەگەڵ ئەو فەرهەنگ و کەلتورە باوەدا بکات کەتێیدا بۆ هەر چرکەیەک شکاندنی کەسایەتی ژنی تێدا دەبینرێت.
لەخۆوە ناوی ئەو شۆڕشەی ڕۆژئاوای کوردستانم نەناوە شۆڕشی مەزن.چونکە شۆڕشە مەزنەکان هەمو ساتێک ڕونادەن،بەڵکو ڕەنگە چەندین سەدەی پێ بچێت تا شۆڕشێکی مەزن ڕوو دەدات. بۆنمونە شۆڕشی فەرەنسای ساڵی 1789 بەشۆڕشی مەزن ناودەبرێت لەگشت وڵاتانی ئەوروپاو جیهانیشدا.چونکە چەندین سەدە بوە،وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستیان بەشۆڕشێکی واهەبوە،تاتەواوی ئاسەواری دواکەوتوانەی ڕابوردوی ئەو گەلانە لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵێت و لەجێیدا پەروەردەیەکی نوێ و فەرهەنگێکی نوێ بخاتە جێگای ئەوەی ڕابردوو باو بوە. شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان و بزوتنەوەی تەڤگەری ئازادیش لەباکور و ڕۆژئوای کوردستاندا بارتەقای ئەو شۆڕشە مەزنەی فەرەنسایە.
چۆن دەکرێت بەشۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان نەڵێین شۆڕشی مەزن،لەکاتێکدا ئاوڕێک لە باشوری کوردستان بدەینەوە،لەماوەی بست و چوار ساڵدا،تەنها سوکایەتی و کوشتنی کەسایەتی ژنی تێدا دەبینین و ئەو توێژەی دەسەڵاتیان ڵەژێر دەستدایە،نەک هەر ئامادە نەبوون دەستکاری ئەو کەلتورە داڕزیوە بکەن،بەڵکو هەزار قات زیاتر پەرەیان بەو فەرهەنگە قێزەونە داو،لەڕێی دەوڵەمەند بوونی خەیاڵییانەوە،تەنها چێژەکانیان دەبینن و پشتیان کردۆتە کۆی داهێنان و وەرچەرخاندنی مەزن. ئاخۆ مەزنی نیە بۆ دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان،کەلەماوەی چوارساڵدا،زۆرترین هەنگاوی پێشکەوتن خوازیانەیان ناوەو لەوێدا هیچ دەست درێژی کردنە سەر کەسایەتی ژن نابینرێت،وەک ئەوەی ڕۆژانە لە عێراق و هەرێم و ناوچەکەدا،ژنان ڕوبەڕوی ئەو دەستدرێژی کردنە دەبنەوە. ئاخۆ گەر ئەو ڕابەرایەتیەی لەڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە،خاوەنی ئەو ئیرادە مەزنەو خاوەنی مانیفێستۆی بنیات نانی کۆمەڵگەی خۆسەری دیموکراتی نەبونایە،پێدەچوو ئێستا ئەو مێژوە پرشنگدارەیان لێ ببینرایە؟ بەهەق مایەی شانازیە مرۆڤایەتی ئازادیخواز بتوانێت پشتگیری بەردەوام لەو شۆڕشە مەزنە بکات و بەهەر ڕێگایەک بۆی دەکرێت ببێت بەبەشێک لەو شۆڕشە تا بەسەرکەوتن دەگات و دەتوانێت پەلوپۆی خۆی بهاوێژێت بۆ گشت ناوچەکە.
ئەڵتەرناتیڤی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتیک کە ڕێزدار ئاپۆ بەرهەمهێنەریەتی،دەتوانێت وەڵامدەرەوەیەکی گونجاو، وەشیاو بێت بەرانبەر ئەو کەلتورو فەرهەنگە دواکەوتوانەی لەگشت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونی هەیەو تەمەنی هێندەی تەمەنی ژیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیە. بۆیە بەجۆشەوە دەڵێم وا شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان لەلرفەی خۆیدایەو تاریکی هەزاران ساڵە ڕادەماڵێت و کەسایەتی دروست دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بونەوەرەی ناوی ژنی لێ نراوە و ئەمڕۆ ئازادانە دەتوانێت لەکۆی مەیدانەکاندا شان بەشانی پیاوی ئازاد مانیفێستۆی خۆی پێشکەش بکات. ئەمە بۆخۆی مەزنترینی جۆری کارە مەزنەکانە.چونکە تا کەسایەتی ژن ئازاد نەبێت،هیچ کمەڵگەیەک ناتوانێت بڵێت من کۆمەڵگەیەکی ئازادم. بەڵام دەکرێت لەمانای خودی ئازادیش تێ بگەین.چونکە لەنێو فەرهەنگی سەرمایەداریدا،ئازادی،تەنها بەمانای ئازادی کڕین و فرۆشتن دێت و هێشتا کەسایەتی ژن لەم نێوەدا،بەو مانایە ئازاد نیە کەلەنێو ماناکانی بەکاڵا بوندا نەبێت.بەپێچەوانەوە لەنێو ئەم سیستەمەی سەرمایەداریەدا،کەسایەتی ژن،هێشتا ڵەنێو کاڵاکاندایە و بەهاکەی وەک بەهای هەر کاڵایەک قابیلی کڕین و فرۆشتنە. لێرەیشدا،دەبێت ئەو خاڵەمان لەیاد نەچێت،کەپێەوەندیە کۆمەڵایەتیەکان،هەمیشە گرێدراوی نێو پەیوەندیە چینایەتیەکانن و پەیوەستن بەئاستی چونە پێشی ململانێ چینایەتیەکان و بەریەککەوتنە چینایەتیەکان. لەهەر کۆمەڵگەیەکیشدا،ئازادی ژنان پەیوەستە،بەئاستی چونەپێشیئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی هەرکۆمەڵگەیەکەوە. کەسایەتی ژن تەنها لەدەست کۆتا کردنی هەژمونی خاوەندارێتی تایبەتدا ئازاد دەبێت و دەتوانێت ببێت بەخاوەنی بێقەیدو مەرجی خۆی.لەنێو شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستانیشدا ئەو یەکسانیخوازیە دەبینرێت و کۆتای هێنان بەو خاوەنداریەتیەیش بەکرداری کاری لەسەر کراوە.
سەرکەوتوبێت شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست