مەی خواردنەوە حەرامە
Wednesday, 17/08/2016, 23:16
سەردەمی مەستی نەماوە مەی لە تامی دەرچووە
رۆژی تاریکە لە ڕێمان باڵی ژین پەڕ پەڕ بووە
دەفرە چڕژی تێکەوت خوێن دەدەڵێنێ ناخی مەی
پیاڵە تەنیا ساقی مات مەیخانە دەرگای لەت بووە
کۆنە فڕتۆڵی جیهان قەت بێ گزە و بێ فێڵ نییە
بۆتە دێوجامە شەو رۆژ دەوری خوێڕی پێ بووە
کۆڕی مەستان زۆر پەرۆشن پێدەچێ دێوانە بن
مات وحەیرانن دەزانن دەوری گەردون شڕبووە
ژانە ژین توونە ژین تیژاوە ژین مەی ژهرودەرد
گیا وگژیش سیسە دەڵێی بێوادە مەرگی پێ بووە
رۆژوشەووەک دڕکو داڵە ڕێی تەمەن درد وکوڵە
شوێنی ژینم چۆلە ئیدی کووندە بوی لێ گیربووە
خاکی پیرۆزم وەکودیل کۆتووبەند دەست بەستەیە
بۆیە مەی تامی نەماوە مەی فرۆشیش سووک بووە
شەڕگەیە ئەوخاکە ئەوڕۆ کوانێ مەستی چێژ دەدا
بۆتە وێران کوردە واری چواربەش وداگیر بووە
لەش بە خوێنە دڵ شکاوە وبیروهۆش شێت وکڵۆڵ
مەی حەرامە سەردەمی مەستی نەماوە کۆن بووە .
١٥/٨/٢٠١٦
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست