داعش، لە ژێر ناوێکی تردا دروست دەبێتەوە!
Tuesday, 16/08/2016, 16:22
هێزی ئیسلامیی توند ڕەو "داعش"، دوای خۆ ناساندنی وەکو رێکخراوێکی ئیسلامیی توندڕەو، بە ماوەیەکی کەم توانی دۆست و لایەنگر بۆ خۆی دروست بکات لە نێو ئەندام و لایەنگری گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی تر، پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروها لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٤وە هێزی مرۆیی "داعش" لە گەشە سەندندا بوو تا سەرتای ساڵی ٢٠١٦.
داعش، توانی لە وڵاتانی لیبیا، تونس، قەتەر، سعودیە، نایجیریا چەند وڵاتێکی ئەفریقی تر، تورکیا، ئەفغانستان، لبنان، ئێران، ئوردن، رووسیا چەند وڵاتیکی ئەوروپی لایەنگر و هەوادار بۆ خۆی دروست بکات.
تا ئێستا نەتوانراوە ژمارەی مرۆی تەواوی ئەو هێزە دەستنیشان بکرێت. زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کە ژمارەی مرۆی ئەو هێزەیان خستۆتە روو تەنیا لەسەر بیناغەی هەڵسەنگاندن و بۆچوونی خۆیان بووە. ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە پێشبینی هەر سەرچاوەیەک لەگەڵ ئەویتردا بۆ ژمارەی مڕۆی داعش جیاوازە.
بە گویرەی راپۆرتێکی لایەنەکی فەرمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاوکرایەوە، تێیدا هات بوو کە پێشبینیان بۆ ژمارەی مرۆیی "دعاش" لە نێوان ٢٠،٠٠٠ تا ٢٥،٠٠٠ هەزار کەسە. لە ساڵی ٢٠١٥دا هەمان سەرچاوە پێ وابوو کە داعش لە نێوان ١٩.٠٠٠تا٣١،٥٠٠ کەس بووە. سی ئێن ئێنی ئەمریکی پێوابوو کە ئەو ژمارەیە ڕاست نییە، ژمارەی ئەو هێزە لە نێوان ٩،٠٠٠تا ١٨،٠٠٠هەزار تێپەڕ ناکات.
سەرچاوەیەکی فرەمیی سوریی، رایگەیاند کە داعش لە وڵاتەکەی ٥٠،٠٠٠ هەزار شەڕکەری هەیە. بەڵام رووسیا پێ وابوو ئەو هێزە خاوەن ٧٠،٠٠٠ هەزار شەڕکەرە.
لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٤دا حکومەتی عیراق ژمارەی مڕۆی داعشی راگەیاند، کە بریتیبوو لە ١٠٠٠٠٠هەزار کەس. لە مانگی یازدەی هەمان ساڵدا حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم پێیان وابوو ژمارەی هێزی مرۆی داعش ٢٠٠٠٠٠هەزار کەسە.
ئەو ژمارانەی کە لە ڕاپۆرتی فەرمیی هەر لایەنێک پێشبینی کراوە، ئەگەر لە نێوان نزمترین تا بەرزترین ژمارە هەر ژمارەیەک هەڵببژێرین، دەردەکەوێت کە ئەو هێزە توندڕەوە توانیوەیەتی خۆی بە جەماوەر بکات، جماوەرەکەی بە چاک و خراپی ئەو هێزە رازی بوون، چوونەتە ریزەکانی، ئامادەش بوونە خۆیان بە کوشتن بدەن لە پێناو ئەو بیڕوباوەڕەی کە ئەو هێزە پروپاگەندەی بۆ کردوە!
ئەم نەخشەیەدا پێنج مانگ بەر لە ئیستا (رەش: ژێر دەسەلاتی داعش.) (سوور: لە دەستیانداوە.) (شین: شەڕو پێکدانانی تێدایە). داعش بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاترە حوکمی چەند ناوچەیەکی کرد لە سوریا وەکو رەقە، کە سەرژمێری دانیشتوانی بریتیە لە ٩٤٤،٠٠٠مرۆڤ. دیار ئەلزهور دانیشتوانی ٧٤٦،٥٦٦کەسە. شەدادی، مارکادا و ئەلعەرش کە ناوچەکانی شاری حەسەکەن ژمارەی دانیشتوانیان ٩٠.٠٩٥ مرۆیە. تەڕابلوس، مەنبەج . ٤٦٧،٠٣٢.
لە شاری موسڵدا، لە کۆی ١،٩٨٤،٨٢٩ دا دوای گرتنی شاری موسڵ لە لایەن "داعش" تەنیا ٥٠٠٠٠٠ هەزار کەس ڕایان کرد. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە زۆربەی ترسی ئەوەی نەبووە ڕابکات و بە دەسەڵاتی ئەو هێزە رازی بووە! کەواتە ١،٤٨٤،٨٢٩مرۆڤ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا گوزەرانیان کردوە.
لە داقوق، حەویجە "داعش" حوکمی ٥٢٥،٧٥٨مرۆیان کردوە. لە فەلوجە، هیت، روتبە، عانە و ئەنبار کە ژمارەی دانیشتوانیان ١،٧٦٧،٦٨٦مرۆ بووە تەنیا ١٨٠،٠٠٠ بە هاتنی داعش ڕایان کردوە، کەواتە ١،٥٨٧،٦٨٦مرۆڤ ماونەتەوە لە ژێر دەسەڵاتی داعش. شەرگات، تکریت و سەلاحەدین ٣٦،٢٤٤ هەزار کەس لە ژێر دەسەڵاتی داعش بوون.
بێگومان لە نێو ئەو دوو ساڵەی حوکمی داعش لە نێو ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکدا، بە تایبەتی لە نیو گەنجانی ئەو ناوچانەدا، زۆریان کەم توانیوایانە لایەنگر بۆ خۆیان دروست بکەن. مێشکی هەرزەکار و گەنج بشۆنەوە. نەمانی دەسەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە جەماوەریی ئەو هێزە ناسنامەی خۆیان وون بکەن. لە ئەنجامدا بۆشاییەکی سیاسیی، مەزهەبی و دینی لە نێو جەماوەریی داعشدا لەو ناوچانەدا دروست دەبێت، کە جەماوەری ئەو هێزە هەوڵدەدەن رێکخراوێکی تر لە هەمان جۆر دروست بکەن، یان بدۆزنەوە ببن بە ئەندامی و دەست بەکارکردن بکەن بۆ ئەوەی دووبارە ناسنامەی وون کردوی خۆیانی تیادا بدۆزنەوە.
لە دوای هەڵمەتی سەربازیی، بە هاوکاری هێزی ئاسمانی و زەمینی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، شانبەشانی سوپایی عیراقی، سوریا و کورد، رشتنی خوێنی هەموو لایەنەکانی کە بەشداری جەنگ بوون. لە دوای تەواو بوونی جەنگ، دوژمنایەیتی نێو کۆمەڵگایی عیراقی، سوریی زیاتر قوڵدەبێتەوە، بە رۆحی تۆڵە سەندندەوە بەرەنگاری یەکتر دەبنەوە و بە تێکرا لە جاران زیاتر دژایەتی نەتەوەی کورد دەکەن.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بە تایبەتی سوریاو عیراق، ناجێگری سیاسیی، ئابووریی و ئاسایش بە خۆیەوە دەبینێت. هەر دوو وڵات خاوەن سەرخان و ژێرخانێکی دارماون و خاوەن سوپایەکی بەهێز نین. کێشەی دینی و مەزهەبی لە ناوچەکەدا هێشتا چارە نەکراوە. کێشەی کەمە نەتەوەکان و ناتەبایی نێوانیان هەر وەک خۆی ماوە بە تایبەتی پرسی کورد، کە گەورەترین نەتەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا گرفتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەبێ چارەسەر ماوەتەوە. لە سەر ئاستی دەسەڵاتی سیاسیی بە تایبەتی عیراق، ئێران، تورکیا و سوریا هێشتا دژایەتی دەکرێت. لە ئاست جەماوەریی ئەو ناوچانەش بە تایبەتی لە نیو پاشماوەی داعش دا دۆزی کورد هێشتا دوژمنێکی زۆری هەیە. کێشەی زلهێزەکانی دنیا، بە تایبەتی ناتەبایی نێوان رووسیاو ئەمریکا، بەهۆی لێکدانی بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانیان. هەر دوو زلهێز هەر وەک جاران لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بەوە هەیە داشی خۆیان هەبێت لە ناوچەکە، جگە لە سوپای خۆیان، پێویستیان بە هێزێکی میلیشیا هەیە بۆ دروستکردنی فشار و سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر داشەکانیان، کەمە نەتەوەکان، پارت و گروپە سیاسیی و دینیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمانە هۆکاری ئەوەن کە ناوچەکە هێشتا زەمینەی لەباری هەیە بۆ ئەگەری دروستبوونی هێزێکی توندڕەوی تری وەک "داعش"، کە سەرکردە و بنەکە جەماوەرییەکەی هەمان، کەوادیر و جەماوەریی "داعش" دەبێت، بەهەمان نەفەس و عەقڵیەت کار دەکات بە تایبەتی دژ بە پرسی کورد و لە ئایندەدا هەمان چارەنووسی بەسەر شەنگاڵدا هات دیسان هەر لە کوردستان دووبارە دەبێتەوە.
سەرچاوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست