ئایا ئێران و تورکیا و روسیا دژ بەکورد رێکدەکەون ؟
Sunday, 14/08/2016, 21:04
سەرەرای بوونی جیاوازیە زۆر و هەمەجۆرەکان و ناکۆکیە گەوەرکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە. لەم کاتەدا سێ وڵاتی ناکۆک خەریکی جموجوڵی فراوانن و تارادەیەک ئەمریکا و ئۆرپاش چاودێری وەزعەکە دەکەن و چاوەرێی دەرهاویشتەی وتوێژە هەمەچەشنەکانی نێوان ئێران و تورکیا و روسیا دەکەن و، رۆڵی وڵاتانی جیهان و مامەڵەیان لەگەڵ پرسەکە بە پێی خوێندنەوەی لێکەوتەکانی هاوکێشە نوێکان و چونێتی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانیان لە قۆناغە نوێکە، هەنگاوەکانیان دیاری دەکەن . دیارە ئاڵوگۆرێکی یەکجار گەورە بەسەر هاوکێشە ناوچەییەکانی رۆژهەڵاتی ناورەاستدا بەدیدەکرێت و ئەوەی لە جێگەی خۆی لەنگەری بەستووە و لەئاست گۆرانکاریەکاندا متقی لەخۆی بریوە و گۆرانکاریەکان ناخوێنێتەوە و لە کێشە ناوخۆییەکانیدا چەقی بەستووە، تەنها کوردە .
پاش سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ روسیا و زەریفی وەزیری دەروەی ئێران بۆ تورکیا و هەڵوێستی نوێی پاش کودەتاکەی تورکیای ئەردۆگان لەمەر کوردی ناوخۆی تورکیا و، لیدوانەکانی ئێران لەمەر پرسی کورد لە ناوچەکە و، ئەو دەنگۆیانەی دزە دەکەن بۆ میدیا جیاهینەکان و ئەوە دەردەخەن کە هەماهەنگیەکی ناوچەیی بەرێوەی بۆ لەناوبردنی پرس کورد لە هەرسێ کوردستانی باکوور و باشوور و رۆژئاوا، ئەم وڵاتانەش ئەگەر لە زۆرینەی بابەتەکانی نێوانیان ناکۆک بن ، کەچی مەسەلەی کورد خاڵێکی هاوبەش و سەرەکی رێککەوتنی ئەو لایەنانە دەدردەخەن، کە لە نەهێشتنی دروستبونی کیانێکی کوردی لەناوچەکە هاورا و هاوبۆچونن . بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە ئایا ناکۆکیەکانی تر رێگە دەدەن لە نێو ئەم جەنجاڵیەی لە نێوانیاندا هەیە، ئامانجە هاوبەشەکەیان بەدیبهێنن . دیارە رۆڵی ئێران لە نزیککردنەوەی روسیا و تورکیا بە روونی دەردەکەوێت و ئەوەی لە قازنجی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دەبینێت کە بتوانێت ستراتیجیەتی تورکیا لەمەر روخانی رژێمی ئەسەد لەم وەزعە لاوازەیدا بگۆرێت و لەم کاتەدا بە کارێکی مەیسەری دەزانێت .
ئەوەی روونە کە هەر سێ لایەن ئێران و تورکیا و روسیا لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ رەورەوەی وەزعی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی، پێویستیان بەیەکە. لەو نێوەندەشدا نە روسیا و نە تورکیا و نەش ئێران ئامادە نین پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بێت تێک بدەن، بۆیە بە بێ هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا کەسیان ناتوانێت تولە رێگەی تایبەتی خۆی بگرێتە بەر و قوربانی بدات بە بەرژەوەندیەانی لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ئۆرپاش . بۆیە، ئەگەر هاوکێشەکان گۆرانکاریەکی تێدا بکەوێت، لەوە دەچێت لە ئەمرۆ بە دواوە تەنها لە قازانجی کورد نەیەتەوە، وەک زۆرینەی چاودێران دەیبینن .
ئەگەر ئێمە بە گەشبینیەوە لە وەزعی کورد بروانین، ئەوە لە باشترین حاڵەتدا، دەتوانێت تەنها لە شەری داعش رۆڵی خۆی ببینێت، بەڵام لە پاش هەرەسهێنانی چاورەوانکراوی داعش، کورد کارتەکانی بەدەستەوە نامێنێت و، حاڵی نێوخۆیی بەم شێوەیە بێت، چارەنوسی نادیار دەبێت. ئەوەی بەدەستیەوە دەمێنێت، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئۆرپایە، بەڵام لە کارەکە بگاتە ئەوە حاڵەتەی پەیوەندی بە بەرژەوەندی گەورەی ئەمریکا لەگەڵ روسیا و تورکیا و ئێرانەوە بێت، ئەمریکا هیچ بوارێکی بۆ دەمێنێتەوە کە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت، یان ئەویش مامەڵە لەگەڵ ئەرزی واقیعدا دەکات .
چەند پرسیارێکی گرنک لەم کاتەدا خۆی فەرز دەکات، ئایا ئەمریکا سازش لەسەر پەیەدە و کانتۆنەکان و هەرێمی کوردستانیش دەکات، کە تورکیا و روسیا و ئێرانیش لەمرۆ بەدواوە پێیان خۆش دەبێت ئەگەر هێزەکانی سوپای ئەسەد بە یارمەتی هاوکارانی باڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا بکێشێت کە کورد بەرێوەیان دەبات . ئایا هێزی ناوەندی عیراق فشاری خۆی زیاتر بۆ باکوری عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات و ناوچە دابراوەکانیش دەبنە قوربانی هاوکێشە تازەکانی دوای داعش . هاوسەنگی هێز لە نێوخۆی عیراق و ناوچەکە لە بابەت جەمسەرگیری شیعە و سونە بە لای کێدا دەشکێتەوە و لە ئاست بەرژەوەندیەکانی کورد چۆن دەبێت .
واتە، دەکرێت هەڵوێستی نوێی ئەم سێ وڵاتە لە سێ خاڵدا خۆی ببینێتەوە :
یەکەم : شەر لەگەڵ داعش و ئەگەر بکرێت تورکیا رازی بکرێت شەر دژ بە بەرەی نوسرەش بگرێتەوە .
دووەم : پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و عیراق و رەتکردنەوەی هەر کیانێکی کوردی لەم دوو وڵاتەدا .
سێیەم : وتوێژ کردن لەپێناو چارەسەرکردنی هەر قەیرانێکی سیاسی لەم ناوچەدا هەیە، بۆ ئەوەی ئامانجە گەورەکانیان بەدیبێت .
لەم حاڵەتانەشدا تەنها زەرەمەند کوردە و بەس و هەموو لایەک دەزانێت ئەمریکاش خۆی لەقەرەی هیچ بابەتێک نادات کە لە بەرژوەندیەکانی نەدات و ئەم خاڵانەش نەک زەرەری لێ نادەن بەڵکو بارەکەیشی سوک دەکەنەوە و، لەو بارەشەوە دەتوانێت لەگەڵ ئەم سێ لایەنەدا لێکتێگەیشتنی هەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست