کۆبونەوەى ژوورە تاریکەکانتان تاکەى؟
Friday, 12/08/2016, 21:12
(تا ئەمڕۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکان هۆکارى ئەوەن کە کۆبونەوەکان هەر لە ژوورە تاریکەکاندا ئەنجام بدرێن)
لەوەتەى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان لە کۆبونەوەدان چ لە ناوخۆدا و چ لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانى دونیا هەموو خاڵ و مادە و بڕگەکانى ئەو کۆبونەوانە بەنهێنى بوون و بەنهێنیش هێڵراونەتەوە، ئەوەى کە پێى دەوترێت کۆبونەوەى ژورەتاریکەکان ، (یەکێتى و پارتى) سەدان و هەزاران کۆبونەوە و ڕێکەوتنى ناوخۆیى و دەرەکیان ئەنجامداوە تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت هیچ کەسێک و ڕاگەیاندنێک ئاگادارى وردەکاریەکانى ئەو ڕێکەوتن و کۆبونەوانە نەبووە! مەگەر تەنها ئەوو کۆبونەوە و ڕێکەوتن و نامانەى کە (ویکیلێکس) یان لایەنێکى دەرەکى تیشکێکى خستبێتە سەر ئەو جۆرە کۆبونەوە و ڕێکەوتنانە.
ئەوەى تا ئەمڕۆ گوزەراوە بووەتە حاڵەتێکى ئاسایى لاى دوو گەورە حیزبەکەى کوردستان ، بەڵام لێرەدا جێگەى خۆیەتى بپرسین بۆچى حیزبەکانی تریش لەسەر هەمان سیناریۆکانى ئەوان دەڕۆن؟ بۆنمونە بۆچى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕون و ئاشکرا تیشک ناخاتە سەر ئەو خاڵ و بڕگە و پێشنیارانەى کە نوێنەرەکەى پارتى( فوئاد حسین) بۆ ئاسایى کردنەوەى دۆخى چەق بەستوى هەرێمى کوردستان دەیخاتەڕوو! بۆچى کۆبونەوەکانى ئەوانیش هەرلە ژوورە تاریکەکاندا دەکرێن؟ بۆچى هاوڵاتیان ئاگادارى پێشنیارە شیا و نەشیاوەکانى پارتى و گۆڕان نەبن؟بۆچى دەبێت پاش بەسەرچونى سەردەم و لە ڕێگەى لایەنى دەرەکیەوە ڕاستیەکان دەربکەون، یان پاش چەند دەیەیەک لە ڕێگەى یاداشتەکانتانەوە ڕاستیەکانمان بۆ بنوسنەوە ، ئەویش بە میزاجى خۆتان.
ئەى گەورەترین بانگەشەى ئێوە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کۆتایهێنان بە دیارودەنەبوو، ئەى بڕیار نەبوو ئێوە ڕاستیەکان نەشارنەوە ؟ بڕیارنەبوو ئیتر کۆبونەوە لە ژورەتاریکەکاندا نەکەن؟ بڕیارتان نەدا ئیتر لاسایى دووگەورە حیزبەکە نەکەنەوە؟
دەى پێم بڵێن تا ئەمڕۆ خاڵ و بەندى چ کۆبونەوەیەکى ناوخۆیى و عێراقى و دەرەکیتان بۆ خەڵکى و ڕاگەیاندنەکەتان ئاشکراکردووە؟ ئەگەر لەهیچ شتێکدا شوێن پێى ئەوانتان هەڵنەگرتبێت ئەوا لە بوارەدا دەقاودەق فۆتۆکۆپى ئەوانن!
هەموو حیزبەکان هاوشێوەى یەکن تکایە ئیتر شاردنەوەى ڕاستیەکان بەسە ، بۆ پێمان بڵێن لەسەر ئەو خاڵانە ڕێکین و لەسەر ئەو خاڵانەش ناکۆکین؟ هەرچەندە ئەوخورمایەى ئێوە دەیخۆن ناوکەکەى لە گیرفانى خەڵکیدایە! بەڵام ئازایەتى ئەوەیە خۆتان ڕاستەوخۆ پێکەوە ڕاستەیەکان بەخەڵکى بڵێن، نەک شەرمنانە و ناڕاستەوخۆ و بەناوى دزەکرنى کۆبونەوەکانەوە، ئەگەر لایەنى بەرامبەریش ئامادەنەبوو ڕاستیەکان ڕون بکاتەوە دەتوانن کۆبونەوە نەکەن، یان بڵێن ئێمە ڕاستیەکان ڕادەگەیەنیین، بەڵام تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت بەرژەوەندیە تایبەتیەکان هۆکارى ئەوەن کە کۆبونەوەکان هەر لە ژوورە تاریکەکاندا ئەنجام بدرێن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست