دەستکەوتەکانی جەمال عەبدول بۆ سلێمانی
Friday, 12/08/2016, 20:54
ڕۆژی ٨ / ٤ / ٢٠١٥ لە سایتی کوردستان پۆستدا ناوی نزیکەی ٢٢٥٠ بە ناو نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند بڵاوکردۆتەوە ، کە داوای مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەی ئەکەن و لایان وایە بە مانەوەی ناوبراو یەکڕیزیی و تەبایی و خۆشگوزەرانی لە کوردستاندا دەپارێزرێت . بە داخەوە ئەم هەلپەرستانە لە بەردەمی ڕاستییەکاندا چاو و گوێی خۆیان کوێر و کەڕ کردووە و وەک ئەوەی نەزانن ، کە هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەی ئەمڕۆی کوردستان دووچاری هاتووە مەسعود و بنەماڵە خۆسەپێنەرەکەی نەبن .
یەکێک لەو کەسانەی داوای مانەوەی مەسعود بارزانی ئەکات جەمال عەبدولە ، کە خۆی بە کەسێکی خواپەرست ئەزانێ و ڕقی لە درۆیە . ئەوە بوو کاتێک ئیمزاکەی بڵاوکرایەوە گورج سەردار قادر بەرزنجی و مەحمود رەزا سەردانییان کرد و ئەم دوو ئەندامەی گۆڕانیش دوای سەردانەکە نامەیەکییان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو کە جەمال ئیمزای وای نەکردووە و بە بڵاوبوونەوەی ئیمزاکەشی تووشی شۆک بووە و جا بە تەمایە کە دێتەوە سەرخۆی نامەیەک بڵاوئەکاتەوە و ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک ئیمزای لەو جۆرەی نەکردووە . ئێستا ئەوە ساڵێک زیاتر بەسەر ئەو ئیمزایەدا تێپەڕدەبێت ، کەچی هێشتا لەرزوتای ئەو شۆکە مێشک و دەوروونی جەمالی بەرنەداوە . باشە یەکێک خۆی بە موسڵمان بزانێت و ڕقی لە درۆ و دزیی و ئارەقخۆر بێ، چۆن ئەبێ قسەی خۆی نەباتە سەر و درۆ لە گەڵ میللەت و سەردار و محمودی هاوڕێیدا بکات .
کاتی خۆی جەمال عەبدول لە سەر پشکی یەکێتی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە دەستنیشان کرا بۆ پارێزگاری سلێمانی ، بە داخەوە نەوشیروان مستەفا لە ناسینی جەوهەری خەڵکدا زیرەک نییە ، زۆری هانییە پێشەوە ، کە وا دەرنەچوون . ئێستا با بزانیین ئەو کاتەی جەمال پارێزگای سلێمانی بووە دەستکەوتەکانی چیی بووە بۆ سلێمانی و خەبات و تێکۆشانی و ماندوو بوونی چیی بووە، تا ئەو پلە و پایەی پیێ بدرێت و هێشتا بە دەستکەوت و چاکەکانی یەکێتی و نەوشیراون ڕازی نییە و بە تەمایە لە ڕێگای کلکە لەقێ و ماستاوکردنەوە شتێکی زیاتری لە مەسعود بارزانی دەستبکەوێت؟.
هەڵبەت دەستکەوتەکانی بۆ شارە حەیاتەکەی مامە ئەمانەی خوارەوەیە :
١ – بە هۆی پۆستی پارێزگارەوە بە پلەی وەزیر خانەنشینکراوە و بەهۆی ئەو پلە بەرزەشەوە بۆتە خاوەنی مووچەی بەرز و ئوتوومبێل و شۆفێر و پاسەوان .
٢ – کاتێک ڕەوای کوڕی لە دوا ناوەدی دەرئەچێت نمرەی کەم دەهێنێ و لە کۆلیجی کشتوکاڵ وەردەگیریێ، بەلام جەمالی پارێزگار لە جیاتی سەرقاڵی ئیشوکاری هاوڵاتییان بێت و روو لە فەقیر و هەژار بکاتەوە، کەچی ئەچێ واسیتە بۆ ڕەوای کوڕی ئەکات و ئەیخاتە کولیجی پزیشکییەوە . هەروەها ریبازی کوڕیشی ئەمیش کۆلیجی پزیشکی بە ١٠ ساڵ تەواو کرد، جەمال عەبدولی باوکی چووە لای تالەبانی و داوای لێکرد کە لەگەڵ بوکەکەی، کە کچی د. عیزەدین مستەفایە، هەردووکیان بنیریت بۆ بەریتانیا و هەردووکیانی نارد بۆ بەریتانیا، باشە یەکێک خۆی بە ئیسلامی ڕاست بزانێ چۆن کاری نا قانوونی وا ئەکا ت؟
٣ – لە دوای ڕاپەڕینەوە کارگەی جگەرەی سلێمانی دەرگای داخراوە ، خێزانی جەنابی پارێزگار پێش ڕاپەڕین لەو کارگەیەدا کاتب حسابات بووە ، کەچی جەمال هەڵۆ ئاسا پلەی ئەویش لە کاتبەوە بەرز ئەکاتەوە بۆ ڕاوێژکار . ئاخر خۆ تۆ خۆت بە موسڵمان ئەزانێ کارگەیەک دەرگای داخرابێت ڕاوێژکاری بۆ چییە ؟. خۆزگە باسی یەک ڕاوێژی ئەو ژنەت بۆ ئەکردین کە بە سەرووی خۆی دابێ تا قەناعەت بەوە بکەین کە بە ڕاستی ڕاوێژکاربووە. پاشان چۆن ئەبێ کەسی لە خواترسی نوێژکەر ڕێگا بدات پارەی پۆستی حەرام بچێتە ماڵەکەیەوە . بۆ زانیرییتان ژنەکەی کاتێک لە کارگەی جگەرەی سلێمانی بوو، ئەوەندە دەکروزایەوە، هەموو جارێک دەیگوت، جەمالی مێردم ئەوەندە بێدەسەلاتە هیچی پێناکرێت، تەنانەت سەیارەیەکیشمان نییە، مەگەر بە رینۆی (١١)ەکەمان بڕۆێن، (رینۆی یانزە واتە هەردوو قاچیان هەڵبهێننەوە و بە پێ بڕۆن).
٤ – جەمالی کۆنە پارێزگار چوار منداڵی هەیە ، هاتووە لە بەینی قوتابخانە جەمالی حاجی عەلی نزیک خانووەکانی کارگەی شەکر و شوقەکانی زەکەریای لاپاڵی گردی سەرچنار هەزار مەترە دووجای لەو شوێنە زۆر چاکەدا بۆ هەر چوار منداڵەکەی وەرگرتووە و بۆی کردوون بە چوار پارچەوە و هەریەکەیان دووسەدو پەنجا مەتر و دووجایان لەسەر تاپۆ کراوە و چوار کۆشکی لەسەر ئەو زەویانە بۆ دروستکردوون .
ئەمانەی سەرەوە هەموو ئەو خزمەتانەی جەمالە کە لەو ماوەیەدا پارێزگار بووە بۆ میللەتی سلێمانی کردووە ، خۆ ئەگەر وا نییە فەرموو جێگا دەستێکی خۆتمان بۆ بنووسە . کەچی هێشتا بەو هەموو دەستکەوتانەی خۆی ڕازی نییە و کلکە لەقێ بۆ مەسعود ئەکات، بێگومان بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکییەوە و لە زوربەی پرسەکانی شاردا لە پێشی پێشەوەدا دائەنیشێ و وەک کەسێکی ئیمانداری دڵسۆز خۆی دەرئەخا .
مرۆڤی ڕاستی ئیماندار ئەو کەسانەیە لە سەریشی بدەن و لە برسا بمرێت دەست بۆ نانی حەرام نابات و بە ڕەش ئەڵێ ڕەش و بە سپیش ئەڵێ سپی ، ئاخر ئەمڕۆ جگە لە نۆکەران و هەلپەرستان کێ هەیە نەزانێت، کە مەسعود بارزانی سەرچاوی نەهامەتییەکانی کوردستانە و کەسێکی دز و ناپاک و خائینە بەرامەبەر مە میللەت و نیشتیمانەکەی؟ حەیفە مرۆڤێک خۆی بە پاک بزانێ ، کەچی بێ ئەو میللەتە هەش بە سەرە هەڵبخەڵەتێنێ .
عەیبی گەورەی کورد ئەوەیە دەرس لە مێژووی خۆی وەرناگرێت و زوو شتی لە بیرئەچێتەوە و لێپرسینەوە و دادگایی کەسانی نۆکەر و جاش و خائن ناکات ، هەر ئەمانەشە وایانکردووە هەتا ئەمڕۆ کورد سەری بێ کڵاوبێت و هەتا کوردیش خاوەنی کەسانی وەک ئەو ٢٢٥٠ ناڕۆشنبیرە هەلپەرستانە بێت جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی و برسێتی و ئاشبەتاڵ هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نابێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست