کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی فیکر لە تاکە لایەنێکی کوردستاندا هەیە کە ئەویش فیکری نیە

Wednesday, 10/08/2016, 20:16


بێگومان یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی حزبی سەرکەوتوو، پابەندبونە بە کاری سیاسی لەسەر رێباز و جێگیربونی وەحدەی فیکری و پراکتیزەکردنی یەکشێوەیی کارکردن لەلایەن سەرجەم ئەندامانەوە، ئەگەر جیاوازیەکی بچوکیش لەنێوانیاندا هەبێت، پێویستە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی خۆی دەرنەچێت، واتە بونی یەکێتی بیروبۆچون و پابەند بونی ئەندامان بەو فیکرەوە خاڵێکی سەرەکی سەرکەوتنی هەر حزبێکە . ئایا لەسەر ئەرزی واقیع شتێکی لەم بابەتە لە کوردستاندا شک دەبەین ؟
سێ لایەنی سەرەکی لەکوردستاندا دەسەڵات بەرێوەدەبەن و خۆیان بە حزبی سیاسی خاوەن ویست و فکر و شیعار و مێژوو لەقەڵەم دەدەن و شانازی بە فکر و بۆچونی خۆیانەوە دەکەن . یەکێتی و پاتی وگۆران، ئەمە جگە لە کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامی هەمەجۆر لە ناخەوە هاوشێوەن و لە رەفتاردا جیاواز، لەگەڵ چەند وردیلە حزبێکی بێ قورسایی  .
یەکێتی خۆی بە سۆشیال دیموکرات دەزانێت، کە بە ئاسایی بە ناو ریزەکانیدا بگەرێیت؛ سۆشیال دیموکرات دەدۆزیتەوە و لەولاشەوە بۆچونی پارتی ئاسا و گۆران ئاساشی تیدایە، ئەمە جگە لە رەفتاری بنەماڵە ئاسا، ئەگەر زۆر وردبینتر بیت لە جۆری رەوتە ئیسلامیەکانیشی تێدا بەدیدەکەیت.
پارتی رەوتێکی دیاری پابەند بە بنەماڵە و شەخس، دوور لە حزبایەتی و بنەماکانی و جێبەجێکردنی فەرمانی ئەزبەنی تاکە فیکرە بەرێوەی دەبات، کە ئەویش فیکر نیە .
گۆران خۆی بە بزوتنەوەیەکی لیبراڵی و حزبی هەڵبژاردن دەزانێت و تا ئێستا لە هیچ کلۆجێک باسی فیکر و بیروبۆچونی نەکردووە، کەچی وەک بەرەیەکی یەکگرتوو دەردەکەوێت، کە دەتوانیت بڵێیت چەپ و راست و ناوەراستیشی تێدایە و، تەنانەت پابەندبونی شەخسی و کاریزماییش باڵی بەسەردا کێشاوە و، هەموو رەوتەکانی تێدایە و لە شێوەی چێشتی مجێوریانە پێکهاتووە و  دەروات بەرێوە .
ئیسلامیەکانیش ئەگەر لە بنەرەتدا خۆیان بە خاوەنی قاعیدەی فیکری خودپارێزی و پابەندبوو بە سونەتی پێغەمبەر و قورئان دەزانن، بەڵام لە سیاسەتەکانیاندا خۆیان لەو تولە رێگەیەش لاداوە و شوکر وەک حزبەکانی تر کوردانە رەفتار دەکەن و دوورن لە فکرەوە، ئەگەر فشاری دەرەکی بهێڵێت . 
کۆمەڵێک حزبی بچوکی تر هەن، کە جگە لە پاشکۆیەتی و بەرژەوەنخوازی و ئیدیعای زارەکی فیکر، هیچ شتێکیان نیە و لە ئامانجی خۆ ژیاندن زیاتر، لەسەرجەم رووەکانەوە تاکە قورساییەک ناخەنە سەر شانی خۆیان، نەک پابەندبون و پراکتیزەکردنی بیروبۆچون و بنەمای فیکری .
بۆیە دەتوانین بە روونی و راشکاوی بڵێین، لە نێو هیچ حزبێک لە کوردستانی باشووردا وەحدەی فیکری  نادۆزیتەوە و، تەنها ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت، شانازی بە شۆرش و مێژوو و خەبات و قوربانیدان و هاورێیەتی و بنەماڵەیی و بەرژەوەندی خۆ ژیاندن وپلە و پایە و پۆست و  بازرگانیی هەمەجۆریشی لەگەڵدایە . تا حاڵەتەکەش ئاوا بێت، هیچ زانا و دانایەکیش ناتوانێتبە هاوکێشە شیکاریان بۆ بکات و بیانخوێنێتەوە و پێشبینی رەفتار و کردەوەی هیچ لایەنێکیان بکات، بۆ ئەوەی بزانێت کوردستان بە کام لادا دەبەن و دوارۆژمان چون دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە