بۆچی ئەردۆگان داوای ڕادەستکردنەوەیه گولەن ئەکا
Sunday, 31/07/2016, 22:37
کەمێك دوای ڕودانی کودەتاکە،ئەردۆگان تۆمەتەکانی ئاڕاستەی فەتحوڵلا گولەن کرد . ئەردۆگان بێ یەك و دوو داوای ڕادەستکردنەوەی گولەن لەئەمریکا ئەکا و پێی وایە،هەرچی ڕوویدا سەبارەت بە کودەتاکە،دەستی گولەنی لەپشتە. ئێشتا هیچ ساغ نەبوو بۆوە کەچی پەنجەی تۆمەت بۆ گولەن و گولەنیەکان درێژ کرا،ئاخۆ هۆکاری ئەم دەرەنجامە خێرایە لەکوێوە سەریهەڵدا و تا کوێش ئەڕۆا؟!
ئەمریکا و بەتایبەتی دیموکراتەکان گەلێ سەرسەختانە هەوڵیاندا کە تورکیا ببێتە ئەندام لە ئەوروپا،هەر بۆئەمەش تورکیا تەواو خۆی بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەستبۆوە تا ئەو چانسە وەربگرێ. لێ ئەوروپا کەخاوەنی پاشخانێکی دوورو درێژن لە سیاسەت و مێژوودا، بەو هەوڵەی ئەمریکا هەڵنەخەڵەت و گەلێ مەرجیان لەبەردەم تورکیا دانابوو تا بیکەنە ئەندام و متمانەی پێبکەن. ئەگەرچی ئەو مەرجانە بۆ ووڵاتێکی وەك تورکیا و گەلێکی وەك تورك گەلێ زەحمەت و قورس بوو بەئەنجامی بگەیەنن،لەبەرئەوەی کەلتووری تورك ڕێگرە لەهەر گۆڕانکاری و چاکسازیەك لەمەڕ مافی گەلان و مەمەڵەکردن لەگەڵیان،هەربۆیە چەندین سەرۆك و چەندین سیستمی سیکۆلار،سەربازی،مەدەنی و دواتر ئیسلامی نەیانتوانی داواکانی ئەوروپا پەسەند بکەن . هەربۆیە لەئەنجامدا و دوای ئەو هەموو ساڵەو ئەو هەموو هەوڵانە ،تورکیا تووشی شکست بوو لەمەڕ چونە ناوەوەی بۆ یەکێتی ئەوروپا.
ئەردۆگان دوای ئەوەی بەتەواوەتی دەستی لە یەکێتی ئەوروپا شت و زانی ئەوروپا ڕازی نابن ببنە ئەندام،هەر بۆیە بڕیاری دا ڕووی خۆی بەرەو جیهانێکی تر وەرچەرخێنێ کە تەواو جیاوازە لەوەی هەوڵیان بۆدا. ئەمەش خۆی لەجیهانی عەرەبی و سونەگەریدا دۆزیوە. ئەڵبەت بۆ ئەمەش پێوستی زۆری بە سعودیە و هاوشێوەکانی هەیە و نیازی ئەوەی هەیە نەك هەر هاوپەیمانی لەگەڵیان دروست بکا،بەڵکە ئەیەوێ هەموو بوارەکانی تری وەك ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی ئاوێتە بکا تا دواتر بتوانێ خۆی زیاتر قایم بکا. ئەم هەوڵەی ئەردۆگان بەمەبەستی خۆ نزیك کردنەوە لە کەنداوی عەرەبی ڕوونادا گەر بێت و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا بەهێزبێ. بۆیە ئەبێ کارێك بکا ئەو پەیوەندیانە لاواز بکرێ پاشان تورکیا ئەتوانێ بەتەواوی خۆی لەگەڵ سەرکردەی عەرەبە سونیەکانی کەنداو نزێك بکاتەوە.
ئەردۆگان زۆر باش ئەزانێ ئەمریکا گولەنی ڕادەست ناکا،هەربۆیە لەماوەیەکی نزیکدا چاوەڕوان ئەکرێ لە ئەردۆگان کەبەتەواوی هەموو پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بپچڕێ و داوا بکا هێزەکانی ئەمریکا تورکیا جێبهێڵن. لێرەدا دوو ئەگەر پێوستە ڕەچاو بکەین :
یەکەم: ڕووداوەکانی فەرەنسا و کاریگەری تیرۆریزم پێشهاتێکی نوێ بۆ ناوچەکە بەگشتی و سوریا دێنێتە کایەوە کەخۆی لەوەدا ئەبینێتەوە سوپای فەرەنسا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکان بکا و بنکەی سەربازی گەورە لە کوردستانی ڕۆژئاوادا بنیات بنێ. کەئەمەش ،نەك هەر پاراستنی ڕۆژئاوایە،بەڵکە هێزێکی ئامادە کراو ئەبێ دژ بەتورکیا و هێزەکانی داعش .
دووەم: کاندیدی کۆماریەکان(دۆناڵد ترامپ) لەگەڵێ بۆنەدا ئاماژەی بەوە داوە کەچیتر ئەمریکا بە خۆڕایی پارێزگاری لە شانشینی سعودیە ناکا و سەرسەختێکی گەورە ئەبێ دژ بە داعش و هاوپەیمانەکانی. ترامپ پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا گەڵی پۆزەتیڤانە ئەبێ و بوونی هێزی ڕووسیا و ئەمریکا و دواتر فەرەنساش،هەمان ئەو جۆرە هاوپەیمانیانەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوومان بۆ دوبارە ئەکاتەوە لەکاتی دابەشکردنی ووڵاتە عەرەبیەکان،ڕوویاندا. ترامپ بەهیچ شێوەیەك دانووی لەگەڵ ئەردۆگان و ئیسلامی سیاسی ناکوڵێ و لەوەش ناچێ ئەردۆگان هیچ هیوایەکی بەو هەبێ.
ئۆردۆگان هەموو سێوەکانی خستۆتە سەبەتەی سونەکان و داعشەکان. بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر خۆی لە ڕۆژئاوا دوور ئەخاتەوەو بەرەو کەنداوی عەرەبی ئەچێ. بەبڕوای بەندە،سوور بونی ئەردۆگان بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن تەنها بۆ ئەوەیە کە خۆی لە ئەمریکا زیاتر دوور بخاتەوەو پەیوەندیان لەتەکدا نەهێڵێ،کەدواتر ئەمەش ئەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ کە لە کۆتاییدا بەنەمانی ئەردۆگان و تورکیا تەواو ئەبێ و تورکیا پارچە پارچە ئەکرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست