کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەبێت هەڵوێستی کورد لەبەرفەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی چۆن بێت ؟

Friday, 29/07/2016, 21:07


دوێنێ عەبادی بریاری بە فەرمیکردنی حەشدی شەعبی هاوشانی سوپای عیراقی و بەهەمان شێوەی دژە تیرۆر راگەیاند و، بۆ ئەو مەبەسەتە بەخۆیەوەی دەیبەستێتەوە و، داوای کردووە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە کاری پێویست بکرێت، کە  فەرماندەیەک  و جێگرێک و بیست لیوای دەبێت لەگەڵ هەموو پشتگیری و پێداویستیەکانی .
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو لایەک دەزانن عیراق لە شەرێکی سەختی دژ بە داعشدایە و هەڵوێستی حەشدی شەعبیش  تەنانەت لەم کاتە نائاساییەدا بەرامبەر کورد و پێشمەرگە ئەگەر بە هەمان شێوە نەبێت، هیچ لە روانین و هەڵوێستەکانی سوپای پاسدارانی زەمانی خۆی و ئێستاش لە وەستان دژ بە هێزە کوردستانیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کەمتر نیە، ئەگەر زیاتریش نەبێت . 
ئەگەر تەماشای مامەڵەی حکومەتی ناوەند بەرامبەر  بە پێشمەرگە بکەین ( هۆکارەکە خودی کوردە یان ناوەندی عیراق ئەوە قسەیەکی ترە)، کە بە پێی دەستور هێزێکی فەرمیە، کەچی دەزانین بێگوێدانی ناوەند بە هیچ شتێک و بە بێخەمی هەموو لایەک، کە لە وەزعی ئابووری  نالەباری پێشمەرگە بروانین، لە کاتێکدا وەک شێر بەرامبەر داعش وەستاوە، بەم شێوەیە بێت ، ئەوسا دەتوانین نیاز و مەرام و هەڵوێستی حکومەتی ناوەند بخوێنینەوە . 
ئا لەم کاتەدا بەو وەزعە لاوازەوە، دوور لە هەموو بەندەکانی دەستور، پاسدارانی شەعبیی عیراقی بە دابینکردنی هەموو پێداویستیەکەوە دابمەزرێنیت و بە هێزیی بکەیت، پاش نەمانی داعش و  ئاساییبونەوەی وەزعی عیراق، چی روودەدات .
تۆیەک لە کوردستاندا لە بارودۆخێکی ناکۆکی  ئاوادا، کە لە ئامانجە ستراتیجیەکان نەروانیت و مێژووی قورباندان و تێکۆشانی میلەتەکەت بە قوربانی بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بکەیت و هیچ بەرژەوەندیەکی باڵا لەبەرچاو نەگریت و خەتی سوورت لە زەرەر گەیاندن بە پرسەکە نەبێت، چۆن بیر لە بابەتێکی هەستیاری وەک بنیاتنانی حەشدی شەعبی دەکەیتەوە، کە لە دوا رۆژدا دەبێتە مۆتەکەی لەناوبردنی ئەزمونی کورد و بە هەمان شێوەی کوردستانی رۆژهەڵات وەک هێزی دەوڵەت بەسەرتەوە دەبێت و دەتوانێت لەناوتبات و ناتوانیت نقەت لێوە بێت . 
ناوەندی عیراق بە خشکەیی ئەم وەزعە ناکۆکەی کوردستان بەهەل دەزانێت و بۆ خۆی قۆستۆتەوە و یاری خۆی لەنێوان هەردوو بەرەکەدا دەکات و تۆش لە دەرئەنجامی ململانێی حزبی ملکەچی هەموو بریارێکی دەبیت و دواجار دەڵێیت ناوەند مافەکانمان دەخوات !.
ئێستا لە وەزعێکدایت نە زەمینە سازی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتت کردووە و تا کات بروات لە زەرەری تۆ دەشکێتەوە و، سەرجەم هەنگاوەکانی دەوروبەر بە ناوەندی عیراقیشەوە لە دژی تۆ بەرێوەدەچێت و وەزعی ئابووری خەڵکەکەش بەم شێوە بەرێوە دەچێت و، تۆش بۆ نیمچە هەنگاوێکی لەیەکتر نزیکبوونەوە، هەزار و یەک فرتوفێڵ دەکەیت و ئەتەکێت دەکەیت و لوتبەرزی بەکاردێنیت، ئەمە چیی پێدەڵێن ئەگەر کات کوشتن و گوێ نەدان بە میلەت و بەرژەوەندیی و داورۆژەکەی نەبێت .
 تا ئەم کاتەش هیچ لایەنێکی کوردی هەڵوێستی خۆی لەمەر بەفەرمیکردنی حەشدی شەعبی دەرنەبریوە، لەکاتێکدا بەچەندین وەزیر لەم حکومەتە بەشدارین و، بە فەرمانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بریارە هەستیارە دەرکراوە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە