کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمێکى تازەى دەستوورى لەچوارچێوەى کوردستاندا

Wednesday, 27/07/2016, 10:29


یاساناس/پشتیوان ڕزگار پیرۆمەرى
دواى بە دواى پرسى سەرۆکایەتى هەرێم، کوردستان کەوتە نێو تەنگژیەکى سیاسى  ئاڵۆز و دۆخێکى چەق بەستوو، بەهۆى لەکارخرانى  پەرڵەمان و ناردنە ماڵەوەى وەزیرەکانى گۆڕان و ڕادەست نەکردنەوەى کورسى دەسەڵات لەلایەن بارزانیەوە،کە بەمەش پەیوەندی نێوان حیزبە سیاسیەکانى کوردستان بەرەو خراپى و پچران هەنگاوى نا، بەتایبەتیش پەیوەندى نێوان پارتى و گۆڕان کە نزیکەى پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتریدا پچراوە و هیچ کامیان ئامادەى گفتووگۆ و دانووستاندن نەبوونە لەگەڵ یەکتریدا کە بەمەش دۆخى سیاسى ناهەموارتر و چەق بەستووتر بووە، هیچ ئاسۆیەکى ڕوونیش بەدی ناکرێت لە کۆتایى هێنان بە کێشەکانیان و چاککردنەوەى پەیوەندیەکانیان و کۆتایى هێنان بەو گەمە سیاسەى کە لەسەر حیسابى میللەت دەکرێت، کوردستانیش  لە ئێستاداخۆی لە لێوارى جۆرێک لە ترسى دوو ئیدارەیدا دەبینێتەوە، ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستیە کە  حیزب  و سەرکردە سیاسیەکانى کورد تا ئێستا فێرى کەلتوورى سیاسیانەى  دیموکڕاسیەتى بەڕێوەبردنى وڵات و هەماهەنگى لەگەڵ یەکتر و ئاڵوگۆڕکردنى دەسەلات و دانووستان و ووتوو وێژکردن لەگەڵ یەکتری و بەیاسایى کردنى کۆمەڵگا نەبوونە،دەرفەتیان نەڕەخساندووە  بۆ ئارامى گشتى و پێگەیاندنى سەرکردەى تر لە وڵاتدا کە ئەمەش ڕێگرێکە لە بەردەم گەشەسەندن و بەرەوپێش چوونى دیموکڕاسیەت لە کوردستان و هەنگاونانى بەرە و سەربەخۆیى و دەوڵەت بوون.
گەر سەیرى واقیعى کوردستانیش بکەین دەزانین کە کوردستان تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت لەلایەن دوو حیزبى چەکدارى  زل هێزى سیاسى زەرد و سەوز بەڕێوە دەبردرێت و ئەم دوو حیزبەش بە عەقڵیەتى جاران و لەسەر بنەماى ففتى بە ففتى حوکمڕانى وڵات دەکەن و لەهەر دۆخێکى نەخوازراودا بیرى جیاکردنەوەى سنورەکانیان لەیەکترى بەخەیاڵدا دێت، نەیان توانیوە وەک دوو حیزبێکى پڕۆفیشناڵ بیربکەنەوە و بەهەما هەنگى یەکترى و حیزبەکانى تر نێو ماڵى کورد یەک بخەنەوە،کە بەمەش بوونى جیاوازیەکى زۆر لە نێوان هەردوولادا دەبینرێ و هەست پێ دەکرێ ،بەڵکو بگرە سنوورە سەوز و زەردەکەى هەردوو حیزبیش وەک دوو هەرێم و خاک و نەتەوەى جیا دەکەونە بەر بەرچاو لەوەى وەک دوو پارێزگاى سەر بەیەک حکومەت بن، هەتا لە ئەرزى واقیعیشدا دەسەڵاتدارانى ئەو دوو سنوورە لە ڕووى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان کەشێکى وایان خولقاندووە کە هەردوو هەولێر و سلێمانى وەک دوو هەرێمى تەواو لەیەکترى جیا دەربکەون لەهەموو ڕووەکانى کەلتوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و بارزگانى و شێوازى بەڕیوەبردندا..کە ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە وەک چارەسەرێکى بنبڕ بیر لە دروست کردنى هەرێمێکى تر بکرێتەوە لەچوارچێوەى کوردستاندا لەبرى دروست نەبوونەوەى دوو ئیدارەیى حیزبى بۆ مەبەستى زیاتر بەرە و پێش بردن و بە دیموکڕاسی کردنى کوردستان.
دروست کردنى هەرێمێکى تازەش لە چوارچێوەى کوردستاندا شتێکى نایاسایى و دەستوورى نیە بەڵکو بەگوێرەى دەستورى عێڕاقى کوردستان هەروەک لە ماددەى (119) دا هاتووە و دەڵێ (بۆ هەموو پارێزگایەک یان زیاتر هەیە هەرێمێک پێک بهێنن لەسەر بنەماى ڕاپرسى)،کوردستانیش لە ئێستادا لە چوار پارێزگا پێک هاتووە کە پارێزگاى هەولێر و دهۆک و سیلێمانى و هەڵەبجەن.کەواتەپارێزگارى سلێمانى و هەڵەبجە دەتوانن بە ئەنجامدانى ڕاپرسیەک دەتوانن خۆیان وەک هەرێمێکى سەربەخۆ ڕابگەیەنن و تیایدا لەسەر بنەماى هەڵبژرادان پەڕڵەمان و حکومەتێکى جیا و سەرۆک هەرێمکێک و دەستوور و یاساى تایبەت بەخۆیان دابنێن کە ئەمەش لە چوارچێوەى دەستوورى عێڕاقى فیدڕاڵدا دەبێت و پێک هێنانى ئەم هەرێمەش دەچێتە نێو قالبی دەستوورى و یاسایى و هەنگاوێکى تەواو دەستوریە.
ڕەنگە زۆرینە وا هەست بکەن ئەم هەنگاوە دەستوورییە ماناى لەت کردنى کوردستان و خیانەتى نشتیمانى بگەیەنێت بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم هەنگاوە باشترین چارەسەرە بۆ ڕزگاربوونى کوردستان لەم دۆخە چەق بەست و تەنگژە سیاسیەى  کە ئێستا تێى کەوتووە و دەبێتە هۆى زەمینە سازى بۆ دروست بوونى حیزبى سیاسى زیاتر و پەیڕەو کردنى سیاسەتێکى تازە کە زۆر باشترە لەوەى لەهەر ئان و ساتێکدا بە نایاساییانە پەیڕەوى سیاسەتى دوو ئیدارەیى حیزبى بکرێت.جا بۆیە بەباشى دەزانم لە ئێستادا کە هیچ ئومێدێکى چاک بوون و گۆڕانکارى بەدى ناکرێت  پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بکرێن بە هەرێمێکى سەربەخۆ و جیا لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک لە پێناو ڕزگارکردنى کوردستان لەم دۆخەى ئێستا و پتەوکردن و پاراستنى ڕەوشى ناوەخۆى کوردستان و باش کردنى گوزەرانى هاوڵاتیان و پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى تازە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى عێڕاقدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە