سیناریۆ سیاسی و هەواڵگریەکانی کوردستانی باشوور ئاشکران
Wednesday, 27/07/2016, 9:49
قسە کردن لەسەر ئەم جۆرە بابەتانە و لەم بارە زۆر سەختە و نەبونی زانیاری تەنانەت لەهیچ بوارێکی ژیانی سیاسی ئاسایی کوردستاندا، ئەمە چ جای نەبونی زەرەیەک زانیاری بەردەست لە جۆری ئەم دامو دەزگا هەواڵگریە کلاسیکیانەی زەمانی شەری ساردی سۆڤێت و ئەمریکا، کە تا ئێستا لە کوردستان کاری پێدەکەن، کارێکی قورسە .
لەو رۆژەی چەندین دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی حزبیی کوردستان کاردەکەن،پاش گوزەرانی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵیش، دەرخستنی زانیاریەکان هەمیشە کارێکی بڤە بووە و کەس نازانێت چی دەگوزەرێت و تەنانەت هێڵە گشتیەکانیش لە دوورەوە دەبینرێن، کەهەمیشە ئامانجیان تەنها بەرژەوەندی حزبەکانیان بووە، نەک وەک دەزگایەکی حکومی و قازانجبەخشی گشتی و هەوڵدان بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی پیلانی دوژمنان کاریان کردبێت .
ئەوە لە خەڵکی بە ئەزمون و دەست رەنگین تیرۆر کردن لەهەموو بوارەکاندا بخەرەلاوە ئەگەر لە بەرژەوەندی حزبەکەیاندا نبێت، کەچی سیناریۆی چەواشەکاری و هەوڵی کزکردنەوەی تورەیی خەڵک و بەلارێدابردنی هەندێک کەیس و لەخشتە بردن و دیزەبەدەرخونەکردنی زۆری تر یەکێکە لە مەهامە سەرەکیەکانی زۆرینەیان .
مەعقولە گەنجی نەتەوە و وڵاتەکەی خۆت تیرۆر بکەیت لە پێناو ئامانجی حزب و کەس و بیشاریتەوە و، بۆ ئامانجێکی حزبی هەزار و یەک رێگە بگریتەبەر و، خەڵکیش تێدا بچێت هیچ خەمێکت نەبێت . رەوایە بۆ خامۆشکردنەوەی کردەوە و فەڵتە وهەڵەی کارێکی قورس بۆ ئەوەی لەسەرت نەکەوێت، کارێکی زەرەربەخش بە کەسێک یان کۆمەڵێک بدەیت هیچ گوناحیان نەبێت، ئەگینا کوشتنی ئەو گەنجەی کەرکوک چی ناودەنرێت جگە لەوەی کە بە سیناریۆی یەکێک لە دەزگاکان دەخوێنرێتەوە بۆ مەبەستی سیاسی حزبی و لە شارێکی هەستیاری وەک کەرکوک دا .
دونیایەک پرسیار لە مێشکی چاودێرانی ئەم کوردستانە وێرانەدا دێتە ئاراوە :
1-لە تیرۆرکردنی چەندین کەسی ناودار و بەتوانا و قەڵەمی جوان و بوێر و خۆشەویستی ئەم کوردستانە هیچ بەدواداچونێک نەکرێت و هەموو کەیسەکان دیزە بەدەرخونە بکرێن، وەک ئەوەی هیچ نەکرابێت، کەچی بیانەوێت هیچ لەو دەزگایانەش تۆمەتبار نەکرێن .
2-بۆچی لە کاتی نا ئاساییدا ئەو کردەوانە روودەدەن ئەگەر بۆ مەبەستی تر نەبێت، چۆن ئەم دەستەواژەو چەمکانە بەیەکەوە دەبەستنەوە، ویکلیکس و تیرۆری گەنجێک . بەهەدەر دانی پارە و خۆکوشتنی سەرمایەدارێک . ئاشکرابونی کارێک یان پەیوەندیەکی نابەجێ یان ئاڵۆزی سەرکردەیەک و رودانی ئاڵۆزیەک لە شارێکدا . نەدانی موچە و تێکدانی جێگەیەک و دروستکردنی ئاڵۆزیەک بۆ خەفەکردن و داپۆشینی هەڵچون تورەیی خەڵک . هەواڵێکی سەرنج راکێش و کێرەشێوێنیەکی بەمەبەست . ئەمانە و چەندین کاری قێزەونی ئاشکرا ، بۆچی ؟
3-بەگەرخستنی مەکینەی راگەیاندنی سێبەر و دامەزراوەی دەزگا هەواڵگریە حزبیەکانی کوردستان بۆ کارێکی حزبی کە لە سودی میلەتدا نەبێت، جگە لە سەرلێشێواندن چی دەبێت ؟
بۆیە بەدواداچون بۆ ئاشکراکردنی هەموو کاروکردەوە قێزەونەکان لە ئەرکی راستەوخۆی دەسەڵاتی شەرعی و هەڵبژێردراوی کوردستانە لە هەر کاتێکدا وەزعی سیاسی ئاسایی بێتەوە و، یەکێک لە ئامانجە مەدەنیەکانی کوردستان چاکسازی سەرەکی نەهێشتنی ئەو دامودوزگا هەواڵگریە حزبیەکانە و بنیتنانی دەزگایەکی تایبەتی پسپۆری حکومی سەرتاسەریە، کە مەهامی سەرەکی پاراستنی کوردستان بێت نەک بەدەست حزبەکانەوە یاری بکات . بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هیچ لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کەمتر نیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست