دیاردەی لۆمپەنیزم لە سیستمی ئۆلیگاڕشیدا
Sunday, 24/07/2016, 19:12
لە رێککەوتی ٣١/١/٢٠١٥ دا وتارێکم بە ناوی / دیاردەی لۆمپەنیزم لە روودا تیڤی دا لە کوردستانپۆست بڵاو بۆوە. پڕۆگڕامی چوار قۆڵی بە سەرپەرستی / رێبوار کەریم وەلی / چەند بەرنامەیەکی تێدا بڵاو کرایەوە. بە داخەوە چەند کەسێکی تا رادەیەک خاوەن هەڵویستیش تێدا بەشدار بوون. زۆری نەخایاند کە ستافی کوردستان پۆست لە دامەزراندنی / رووداوتیڤی / دا گومانی خۆی ئاشکرا کرد. بەڵام کەس سرنجی نەدایە و ئێستێ دەرکەوت / رووداو تی ڤی / بۆ کام مەبەست چێ بووە.
دیاردەی لۆمپەنیزم مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتی مۆنیگاڕشی وئۆلیگاڕشی هەردەم بۆ ئەنجامدانی مەبەستەکانیان لە رێگای پارە وپووڵ کەڵکیان لە کەسانێک وەرگرتووە کە لە ناو چین وتوێژی کۆمەڵگادا ناسنامەی وهەستی نیشتمانی خۆیان وەندا کردوە. ئەو کەسانە بە تایبەت لە سیستمی عەشیرەگەری وئۆلیگاڕشیدا بە رواڵەت خۆیان وەک رووناکبیرو نووسەرو رۆژنامەوان نیشان دەدەن. زۆر جاریش وەک کەسانێکی چەقۆ کێش و قەممە بەدەست زۆر بێڕەحمانە کەسانی هوشیار دژە گەندەڵ دەکوژن.
رەفتاری ئەو کەسانە وەک تاکێکی بێ هیوا بێ ناسنامە و دوور لە هەستی نیشتمانی وەها هان دەدرێن کە بە پێچەوانەی کۆمەڵگا وئاواتەکانی رزگاری وسەربەستی دەبنە گزیری دەسەڵات وبە زانابون بە پێچەوانەی تەواوی ئاواتەکانی نیشتمانی هەنگاو دەنێن. ( رێبوار کەریم وەلی ) یەکێک لەو کەسانەی کە شانازی بەوەدەکا کە ئەندامی / میتی / تورک بێ تا ئەوەی بە زمانی کوردی بئاخفێ ! ئەو گزیرە چەقۆی بە دەستەوە نییە. بەڵام رەفتار وکردارو هەڵسووکەوتی لەو پەڕی بێ شەرمیدا کەوتۆتە خزمەت دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی. ئەو بنەماڵەیەش لە توولی ماوەی ژیاننامەی خۆیاندا قەت یەک رۆژ بۆ رزگاری کورد و نیشتمانی کورد خەباتیان نەکردوە.
بەڵگەش بۆ قسەکەی خۆم پەڕتووکی / چێشتی مجێوری / هەژاری ڕەحمەتیە کە بە بارتەقای خودای خۆی مەلا مستەفای خۆش ویستووە. لەوێ دا دەری خستووە کە کۆتایی ژیانی مەلامستەفا چۆن بۆتە قەشمەرەی دەستی شای ئیڕان وساواکی ئێڕان. بۆیە لەو شێوە سیستمانەدا کەس ناتوانێ بە ڕادەی کەسێکی ئاکادمێک خۆی پەروەردە بکا. نووسەرو شاعیرو هونەرمەند و خامە بەدەستمان لە باشوور زۆرە کە هەر کات لە بنەماڵەی بارزانی نزیک بوونەوە دوای ماوەیەک بەرە نەمان وتوانەوە چوون ( وەک شوان پەروەر ). زۆر بە داخەوە کاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەناو حیزبەکاندا پڕ بوون لە ، رێبوار کەریم وەلیەکان ، ئەو کەسانە بە شێوەیەک هان دەداران وتفەنگیان دەدانە دەستیان لە ژێر ناوی پێشمەرگە خەڵکانی رەخنەگریان بە شەو ترۆر دەکرد.!
بابەتەکانی ئەو رۆژانەی / ویکیلیکس / بەڵگە گەلێکی زۆر ئاشکراو روونن لە ئاست دەسەڵاتی ٢٥ساڵەی بنەماڵەی بارزانی. ویکیلیکس چی نووسیوە ، بە باوەڕی من ناکرێ لە بەر چاو نەگیرێ. بەڵام ئەوەی گرینگە هەڵویست و داخوازی خەڵکە لە حاند ئەو هەموو نەهامەتیە کە بە سەر خەڵکی باشوور هاتووە. ویکیلیکس ، بارزانی ودەسەڵاتەکەی ناتوانێ دادگایی بکا. ئەوە خەڵکن دەبێ بڕیار بدەن چۆن دەڕواننە داهاتووی خۆیان . هیچ کەس خێرمان پێ ناکا چون بژین و چۆن سیاسەتی داهاتوومان داڕێژین . ئەوەی لەو بەزموهەڵلآیەدا زۆر گرینگە فکرو ڕامانی / پێشمەرگەیە / کە دەبێ بزانێ لە بەرەکانی شەڕدا بۆ کێ شەڕ دەکاو بۆ کێ شەهید دەبێ.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست