چپەیەک بە گوێی برادەرێکدا
Friday, 22/07/2016, 21:33
با شتێکت بۆ بڵێم؛ تا دوێنی باسی مێژووی خۆت و ئەوانەی نزیکت دەکرد و تەنانەت دتوت ئێمە یەکبوین و بەیەکەوە قوربانیمان داوە و بەرپرسیارێتی گەورەی میلەتەکەمان لەسەر شان هەڵگرتووە و ناکۆکیەکانی مێژوو کاریگەری نابێت لەسەرمان سەرەرای تەنگوچەڵەمەو ناکۆکی، خێرە ئەمرۆ بە کردەیی نەتسەلماند تۆش خۆبەخش و لەخۆبوردوو بیت و تەنها بەخۆفیداکاری رێگەی رزگاری میلەتەکەت ئاوەڵا بکەیت، ئەی بۆ چی ئەمرۆ ئەو بەڵێنی وەفایەی بەباوباپیرانت دابوو نەسەلماند، بە هەوڵدان بۆ تموحی شەخسی شتێکی گەورەت لەدەست دا و مەجدێکی مێژوییت لەکیس چوو . لەو رۆژەوە تۆ دەناسم و بۆ ماوەیەکی زۆرە باسی بیروباوەر و فکر و فەلسەفەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و کەلتور و دابو نەریتی گەلەکەت دەکەیت و داوای پاراستنی تایبەتمەندی میلەتەکەت دەکەیت، دەپرسم لەوبارەوە ئیستێک بکە بزانە سیاسەتەکانت راستن ؟
ئا با شتێکی باشت بۆ بڵێم، تۆیەک کە دەتوانی شتی گەورەتر بکەیت نەک لەبەر ژیری و عەقڵمەندیی رەفتار و سیاسەتەکانت بەڵکو لەبەر ئەوەی ئاستی روشنبیری و رای گشتی و بۆچونی رێژەیەکی باشی میلەتەکە لەگەڵ ئەو جۆرە ئیدیعایانەدایە کە تۆ بۆ مەبەستی تەسکتر و بەناوی بەرژەوەندی باڵاوە دەیکەیت، ئەگەر بە رێگەیەکی راستتردا برۆیت دەتوانی بەو رێز و پێگەی خۆتەوە هەتا هەتایە لە مێژوودا ناوی خۆت تۆمار بکەیت .
تازە زۆر شتت لەدەستی خۆتدا نەهێشتەوە و مللمانێی حزبی زۆر هەڵەی پێ کردیت و خۆت نەگەیاندە پێگەی مەرجەعیەت و گەورەیی نەتەوەیی و نیشتمانی و، هەلی باشت بۆ خۆت و میلەتەکەت لەدەست چوو. ئێستا دەپرسیت بەبەریەوە ماوە یان نا ؟
با پێت بڵێم، بەڵێ کاکی کاکان ئەگەر نیەتت باش بێت و رێگەت راست کەیتەوە تا ئەمرۆش هەلێکی تێدا ماوە و لە ئاسۆدا شتی باش دەبینرێت . وەرەوە برام بۆ رێگە راستەکە؛ گۆراِنێکی ریشەیی لەخۆتەوە دەست پێ بکە با لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێیت، دڵسافی و دڵپاکی خۆت بسەلمێنە بۆ تەنانەت نەیارانیشت، شتی لابەلای بچوکی سیاسی بخەرە لاوە و باری ناوخۆ رێک بکەرەوە. ئەگەر دەپرسی بە تۆ دەکرێت یان بە دەستی تۆوە ماوە، دەڵێم بەرێژەیەکی گەورە لە دەسەڵاتی تۆدایە، بەڵام بەخۆت گیرۆدەی دەستی دەوروبەرت کردووە و دەتوانیت لێی دەرچیت، ئەگەر ستراتیجیەتێکی تازە بگریتە بەر .
ئاها وەرە کاکم دەتوانم بڵێم گەورەبە، بەڵێ بە خۆداچونەوە و گۆڕانی خودی و قازانج بەخش بۆ میلەتەکەت گەوەر دەبیت، خۆت لە وابەستەیی بێنەدەر و بە جەماوەربون و خۆشەویستی میلەت خۆت لە هەموو کێشە و تەگەرەیەک رزگار دەکەیت و خۆشەویستی میلەت لە بەرەبستەکان رزگارت دەکات، بەڵێ گەر بتەوێت دەتوانیت بە چەند هەنگاوێک مەجدی هەمیشەیی بۆ خۆت تۆمار بکەیت، تەنها لە خودویستی و حزبایەتی تەسک و خۆ بەستنەوە بە پێداویستیە حزبیەکان و بەخۆداهەڵدان و خۆ بەحەق زان و مامەڵەی ئاغا و رەعیەت دوور بکەوەروە، هیچ تری ناوێت، لەوبیرەوە هەنگاوەکانت راست دەبن و بەڵکو هەنگاوە گونجاوە گشتیەکان خۆیان مەیسەر دەبن بۆ جەنابت، کاکی کاکان . ئەگەر دەپرسیت لەم بارودۆخە ئاڵۆز و تێکچرژانەدا ئەمەم پێ دەکرێت، دەڵێم ؛ بەڵێ زۆر ئاسانیش دەبێت و بە خۆت و میلەتەکەش سودبەخش دەبن و پرسەکەش بەرەو چارەسەری دەچێت و تەنانەت لەو ریگەیەوە مێژوو بۆ خۆت دروست دەکەیت، دەی بیری لێ بکەرەوە و وا وەرەوە، چاوەروانین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست