ئاخۆ تۆتالیتاریزم دەبێتە چەمکی سەرەکی لەدوای سەرنەکەوتنی کودەتا سەربازیەکەی تورکیا؟
Tuesday, 19/07/2016, 9:44
دەسەڵاتەکەی دەوڵەتی ئەردۆغان بێهیچ کەموکورتیەک دەسەڵاتی قۆناغی گواستنەوەیە لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ قۆناغی تۆتالیتاریزم. ئەم ڕەوشەی ئێستا لەتورکیادا هەیە،بەگشتی ئەو خوێندنەوە دەدەن بەدەستەوە کە لەدوای سەرنەکەوتنی کودەتا سەربازیەکەوە،هێندەی تر دەستی ئەردۆ داعشی ئیسلامی سیاسی سونی کراوەتر دەبێت بۆ قڕکردنی کۆی نەیارانی و دەم کوت کردنی هەردەنگێکی ناڕازی لەنێو کومەڵگەدا. ئێستای تورکیا،گەر نەڵێین ڕێکاوڕێک لەسەردەمی دەسەڵاتی ستالین و هیتلەر دەچێت،ئەوا بەیەقینەوە دەتوانین بڵێین هەنگاوەکانی ئەردۆ داعشیش لەوهەنگاوانەی ستالین و هیتلەر کەمتر نین. چونکە ئەو دوو کەسایەتیەش،بەتەسفیە کردنی نەیارانیان و گرتن و کوشتنی هەزاران ناڕازی و ترساندنی خەڵکە سیڤیلەکە دەستیان پێکرد. لەنێو دوو کەوانەیشدا،بەشێکی جێخستنی ئەو قۆناغی تۆتالیتاریزمەیش پەیوەندی هەبوو بەپاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی کاپیتاڵیزمی جیهانیەوە.ئێستایش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی کاپیتاڵیزمی ئەمریکی،چونە پێشی مەدی چەمکی تۆتالیتاریزم لەتورکیادا بەکارێکی گونجاو دەزانرێت. چونکە تورکیا تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە کەبەجۆرێک لەجۆرەکان مەدێکی سیکولاریستی تێدایە و گەر ئەو مەدە لەڕوی سیاسیەوە بچێتە پێشەوە،ئەوکات ڕێی تێدەچێت هەنگاوەکان بەجۆرێک بشکێنەوە کەچیتر بۆنێو ئامانج و پرۆژەکانی ئەمریکا لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا مایەی دڵ خۆشی نەبێت. بەڵام لەڕێی سەرکەوتنی دەوڵەتی ئەردۆ داعشەوە بەسەر نەیارەکانیدا،هێندەی تر چونە پێشی پرۆژەکانی ئەمریکا مسۆگەرتر دەکات لەناوچەکەدا.
دەوڵەتی ئاخوندەکان لە کۆماری سێدارەی ئێراندا،دەوڵەتێکی دیکتاتۆرو تۆتالیتارە لەیەک کاتداو کۆی بنەما سەرەکیەکانی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی خستۆتە ژێر پێوەو هیچ دەوڵەتێکی بەرژەوەند پەرستی وڵاتانی سەرمایەداریش ڕێگریەکیان لەو دەوڵەتە ئیسلامیە شیعیە نەکردوە،بەڵکو بەپێچەوانەوە،پێ دەچێت لەژێرەوە زۆرترین کۆمەکی هەمە چەشنەی پێ بکرێت تاسەرکەوێت بەسەر هەر نەیارێکیدا. بۆئێستای دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعشیش هەروایە و قۆناغەکە وانیشانمان دەدات. ئیسلامی سیاسی بەهەردوو مەزهەبەکەیەوە،وەبەبەشی توند ڕەوی و بەشی میان ڕەویەوە لەخزمەتی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتدان و لەلایەکی دیکەیشەوە کۆمەڵگە دەمکوت دەکەن و دەیان هێڵنەوە لەژێر خەتی هەژاری و ژیانی کولە مەرگیەوە. ئێستا دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی،بەکۆ کۆمەڵە دەوڵەتێکن بەهەمو پێوەرێک کار لەسەر بنەماکانی چەمکی تۆتالیتاریزم دەکەن و باشترین دۆستی دەوڵەتی ئەمریکایشن. ئاخۆ لەکام یەک لەو وڵاتانەی کەنداوی عەرەبیدا،مرۆڤی ئازاد بونی هەیە؟ ئاخۆ ژن هێشتا کۆیلەی تەواو نیە؟ ئاخۆ سەربڕین و دەست بڕین و کوشتارگاکانیان بۆ مرۆڤەکان لەوپەڕی برەو پێداندا نین؟ کەواتە تۆتالیتاریزم چیە کاتێک بڵێین نەخێر لەو وڵاتانەدا مرۆڤ مافی هەیەو لەژێر گوشاری دەوڵەتدا نیە؟
خوێندنەوەم بۆئەم قۆناغەی تورکیا وایە کە خودی ئەردۆ داعش گڵۆپی سەوزی بۆهەڵکراوە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاو دامودەزگا هەواڵگریەکانی ئەو دەوڵەتەوەو ئێستایش دەبینین لەژێر ناوی پاکتاوکردنی کودەتا چیاندا،دەست لەهیچ شتێک ناپارێزێت و لەڕێی پۆلیس و میت و بەڵتەجیەکانیەوە،پەلاماری بەردەوامیان دەست پێکردوە بۆ گرتن و سەرکوت کردنی گشتی.
بەسەرکەوتنی ئەم قۆناغەیش دواتر دەست دەبات بۆ بەدادگا کردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەو سڕینەوەیان تادواتر دەستور بگۆڕن و لەبەرژەوەندی ئەردۆ داعش بنوسرێتەوە.
هەردەم دەڵێم لەغیابی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،ئەوکات کاری کودەتا دەبێتە کارێکی چاوەڕوان کراو،یان سەپاندنی دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم دەبێتە بەشێک لەمێژووی ئەو وڵاتانە.
تەنها ئومێدێک لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا ببینرێت،ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیەی ڕۆژئاوای کوردستانە،گەرچی ئەویش لەلایەن گەلە گورگەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەردەوام لەبۆسەدان بۆی. جەنگی دڕندانەی داعش بەشێکی زۆری ئامانجەکەی بۆلەنێو بڕدنی ئەو شۆڕشەیەو بەشێکی دیکەیشی بۆ سەپاندنی تۆتالیتاریزمی دینی و سەرکوتی تەواوی دەنگە ناڕازیەکانە لەناوچەکەدا. ئێستا هەردەوڵەتە و بۆخۆی داعشێکەو بەئارەزوی خۆیان کۆمەڵگەکانیان دەکوژن و کار لەسەر تەسفیە حساباتەکانی نێوان خۆیان و نەیارانیان دەکەن. بۆیە گومانم لەوە نیە کەبڵێم، چەمکی تۆتالیتاریزم دەبێتە جێگرەوەی ئەم دیکتاتۆریەتەی ئێستا هەیە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا. قۆناغ قۆناغی سەرسەریە سیاسیەکانەو بەهەموشێوەیەک بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئەمریکای کاپیتاڵیزم و ڕوسیاو وڵاتانی ئەوروپا ئەوە دەخوازن لەژێر ناوی چەسپاندنی دیموکراسیەتدا،کۆی چەمکەکانی تۆتالیتاریزم بسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەکانداو درێژە بەو چەمکە بدەن لەڕێی دەسەڵاتدارانی وەکیلیانەوە لەناوچەکەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست