کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەشێت کودەتا لێکراو رەفتاری کودەتاچی بکات؟

Tuesday, 19/07/2016, 9:39


بەو شیعارە شەخسیە نوێیەی ئەردۆگان، زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە، کە دەڵیت؛ بەهێز هەمیشە لەسەر حەق نیە، بەڵکو ئەوەی حەق بەدەستە هەمیشە بەهێزە . خۆی بەحەق لەقەڵەم دەدات و دیارە مەبەستی  لە بەهێزەکەش سۆپا و زۆر لایەنی تریشە.
وادیارە رەفتارەکانی ئەردۆگان لە پاش کودەتاکە بە شێوەیەکی هەڵچون و هەرزەکارانەی عاتیفی دوور لە عەقڵمەندی و دووربینی بێت و، کردەوەکانی بە پێچەوانەی ئەو پێشبینیانەیە، کە جیهان چاوەرێی دەکرد،  دەکرا بە شێوەیەکی سەردەمانە وبە پەند وەرگرتن لە کودەتاکە ( ئەگەر راستی ئەوە دەرنەکەوێت بە شێوەک لە شێوەکان خۆی خاوەنی کودەتاکە بێت، یان لە ئاسمانەوە بۆی هاتبێتە خوارەوە)   دەیتوانی لە عەقڵمەندی سیاسی، نەک تەنها بە سفرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی بەم شێوە نەگونجاوە و کودەتا رەفتارە، بەڵکو بە چاک رەفتارکردنی  لە رووی  نێوخۆیی و دەرەکیەوە، قازانجی لێ بکات، بەڵام پاش ئەو هەموو گرتن و ونکردنەی خەڵکانی نەیار  و، نواندنی هەمان رەفتار و کردەوەکانی لەم کاتەدا، رەفتاری سەرجەم کودەتاچیە سەرکەوتوەکانی پێشتر دێنێتە بەرچاو جیهان، کە لە پاش کودەتا سەرکەوتووەکانی پێشودا هەمان رەفتاری ئەردۆگانی ئەمرۆیان دەنواند، واتە بەم کردەوانە ئەردۆگان خۆی خستە نێو کودەتاچیەکانی مێژووی تورکیاوە، نەک وەک کودەتالێکراوێکی رزگار بووی سەرکەوتوو تەماشا بکرێت، کە دەیتوانی بە بیرێکی فراوان و لە خۆبوردویی، ولاتەکەی بگەیەنێتە قەراغی ئاسایش و سەقامگیری، کەچی ئەمرۆ کودەتا لێکراو رێگەی کودەتاچی دەگرێتە بەر . 
گرتنی جەنەراڵ و پلەو پایە بەرزەکانی سوپا لەسەر بنەمای پاک کردنەوەی لە نەیارانی، یان ئەوەی بۆنی هەر لایەنێکی تری لێ بێت نەک پەیوەندیان بە کودەتاکەوە هەبێت و، لەهەمان کاتدا گرتنی نزیکەی سێ هەزار دادوەر کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە کودەتاوە نەبێت، بەڵگەی بیری کودەتاچیانەی ئەردۆگانە.
تۆمەتبارکردنی نەیار و وڵاتانی تر و، سیاسەتی کۆنە قین لەگَەڵ ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتی کورد، سەرەرای هەڵوێست و سیاسەتی دیموکراتیانە و پێشکەوتنخوازانە و عاقڵانەیان لە مەر کودەتاکە، چیی لێ دەچنێت ؟
بۆیە؛ لەم رەفتارانەی ئۆردوگان ئەم دەرئەنجامانە دەخوێنینەوە :
1- پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکادا، شێوەیەکی تر وەردەگرێت و لە هیچ روویەکیەوە قازانجی بۆی نابێت، هەر بۆیە تەگەرەی گەورە دەکەوێتە پێش ئامانجە نزیک و دوورمەوداکانی و نیشانە شەخسیە تەسکبینیەکانی بە ئاسانی ناپێکێت .
2- چوار ئامانجەکەی ئەردوگان؛ پاک کردنەوەی سوپا بە تایبەتی پلە باڵاکان لە نەیارانی، نەهێشتنی رەوتی گولەنیەکان ( خزمەت) لە وڵاتەکەی، گۆڕینی دەستوری وڵاتەکەی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی، توندکردنی پێگەی خۆی لە نێو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بە ئاسانی بۆی ناچێتە سەر، دوای ئەم رێگە هەڵەیەی لە پاش کودەتاکە گرتیە بەر .
3- لە پەیوەندیەکانی دەرەوەدا و بە نەخوێندنەوەی سەردەمەکە وەک خۆی و پێویستیەکانی  لە بواری دیموکراسی و ئازادیدا، وا دیارە لە دەرئەنجامدا لاتەریکی زیاتر بۆ خۆی بێنێتە ئاراوە و ئەمەش دەردانی نێوخۆیی گەورەی لێ بکەوێتەوە .
4-  هەر لە ئێستاوە شێوە قەیرانێکی قوڵ لەگەڵ یەکێتی ئۆرپا دەرکەوتووە، جگە لە ئەمریکا و تۆمەتبارکردنی،  شتی گەورەی لێ دەردەکەوێت و، ناتوانێت روسیا وەک ئەڵتەرناتیڤ بەکاربێنێت، تا ئەو رۆژەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ بێت . ئەگەر باسی قەیرانە ناوچەییەکانی لەگەڵ سوریا و عیراق و ئێران و روسیا و ئەرمینیا  نەکەین .
5- لە دەرئەنجامی دەردان و دەرهاویشتەی زۆری کودەتاکە و ئەوەی لە پێشتر هەبوو، قەیرانی ئابووری توندتر دەبێت و بواری گەشتیاری کە بربرەی پشتی ئابووری وڵاتە کزبونەوەی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و، بەو پێیەش ئەردوگان توشی قەیرانی گەورەتری نێوخۆیی دەبێتەوە . 
بۆیە، سەرەرای ئەوەی کودەتاکە شکستی هێنا، بەڵام قەیرانە نێوخۆییەکانی تورکیا روو لە قوڵبونەوەی زیاتر دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە