کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی کودێتای ئەمجارەی توورکیا سەرکەوتوو نەبوو ؟!

Sunday, 17/07/2016, 8:54


هەرچەندە هێشتا هەموو وردەکاریی و زانیاریی و هەواڵ و دۆکیۆمێنتەکانی پەیوەست بەکودێتا سەربازییەکەی دوێنێ شەوی توورکیا (١٥-١٦/٧/٢٠١٦)؛ نەکەوتۆتە بەردەست، تاکو بابەتییانە؛ شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێ، بەڵام بەپشتبەستن بەشیکردنەوەی زانیاریی و هەواڵی ناو ڕاپۆرتە هەواڵەکان و سەرنجدان لەدیمەنە میدیاییەکانی جموجۆڵە سەربازییەکان لەپرۆسەی کودێتاکەدا؛ ئەتوانین چەند هۆکارێک دەستنیشان بکەین، کەبووە هۆی شکست پێهاتنی ئەو کودێتا سەربازییە ، کە بەبۆچوونی (بەندە)، خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا ئەبینێتەوە: 
1. ئەو کودێتایە لەلایەن گرووپێکی سوپای توورکیا ئەنجامدرا، کەلەلایەن ژمارەیەکی دیاریکراو لەئەفسەری سوپای توورکیاوە سەرپەرشتیی ئەکران، ئەفسەرەکانیش لەو ئەفسەرانە پێک نەهاتبوون؛ کەخاوەنی پلەی سەربازیی باڵاو پۆستی گەورەو گرنگ و ستراتیژیی بن، کەڕۆڵ و کاریگەریی بنەڕەتیی و سەرەکییان هەبێت لەیەکلاکردنەوەی کودێتا بەبەرژەوەندیی کودێتاچییەکان، هەروەها ئەو ئەفسەرانە؛ نەخاوەنی پۆستی گرنگ بوون لەناو وەزارەتی بەرگریی، نە لەناو کۆشکیی کۆماریی پێگەی بەهێز و پێویستیان هەبوو، نە لەناو دەستەی سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپادا پشتیوانییان هەبوو، نە لەناو دامودەزگا گرنگەکانی تری دەوڵەتدا، لەنموونەی دەزگای هەواڵگریی و ئیستیخباراتی سەربازیی و...هتد هاوکاریان هەبوو، بەڵکو زیاتر ئەفسەری خاوەن پلەو پۆستی مامناوەند بوون. 
2. ئەو کودێتایە بێ پلانیی و بێ نەخشەیی پێوەدیاربوو، لەهەروەها ئامادەکاریی پێویستی بۆ نەکرابوو، ئەفسەرە کودێتاچییەکان؛ ناکارامەو ناژیرو نازرنگ دەرکەوتن، نەیانتوانیبوو پشتیوانیی ئەفسەرە باڵاو خاوەن پۆست و پایە گرنگەکان بەدەستبهێنن، بەچەشنی کودێتای یەکەمی ساڵی (١٩٦٠)ی سوپا؛ کەبەسەر (عەدنان مەندریس)دا ئەنجامیانداو سەرکەوتن، لەکاتێکدا کودێتای یەکەمیش لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری پلەو پایەداری مامناوەندەوە ئەنجامدرا، بەڵام هەر زوو ئەفسەرە پلەو پایەدارە باڵاکان و خاوەن پۆستە گەورەو گرنگەکانی سوپا، چوونە پاڵ ئەفسەرە کودێتاچییە مامناوەندەکان و پشتیوانییان لێکردن. 
3. ئەو کودێتایە؛ بێ پشتیوانیی جەماوەریی و بێ پشتگیریی و هەماهەنگیی سیاسیی ناوخۆیی و بێ کۆمەک و هاریکاریی دەرەکیی پێوەدیاربوو، لەکاتێکدا کودێتا بۆ سەرکەوتن؛ پێویستیی بەچەندین فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە. 
4. کات و زەمینەی کودێتاکە لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە؛ لەبارو گونجاو نەبوو، کودێتا لەو کاتانەدا سەرکەوتن بەدەستئەهێنێت، کەوڵات لەدۆخێکی پڕ لەقەیران و گرژیی و پشێوییدا بێت، ڕەنگە چەند مانگێک، یان چەند هەفتەیەک بەر لەئێستا، کات و زەمینەو هۆکار؛ زیاتر لەبارتر بووبێت بۆ ئەنجامدانی کودێتای سەربازیی، بەتایبەتیی ئەو کاتەی (ئەحمەد داود ئۆغلۆ)ی سەرۆک وەزیرانی پێشوو؛ تەموومژانە دەستی لەکارکێشایەوە، یان ئەگەر پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەستەنبووڵ و پێش هەوڵەکانی (ئەردۆگان) بووایە؛ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیاو ئیسرائیل، یان ئەگەر لەکاتی زێڕینی ئەم وەرزەی گەشتیارییەی توورکیادا نەبووایە؛ کەئابووریی توورکیا، بەرێژەیەکی بەرچاو پشت بەداهاتی کەرتی گەشتوگوزار ئەبەستێت، ئەم هۆکارانە پاڵی بەهاووڵاتییانەوە نا، بەتایبەتیی لەئەستەنبووڵ؛ کەبەتوندیی دژی کودێتاکە ڕابوەستن، چونکە ئەبووە هۆی سستکردنی جموجۆڵی گەشتیاریی و بەخراپیی لێی زەرەرمەند ئەبوون، بەتایبەتیی کە ئەم وەرزی گەشتیارییەی ئێستای توورکیا، بەبەراوورد بەساڵانی ڕابردوو؛ خاوبوونەوەو کەمبوونەوەی هاتنی ژمارەی گەشتیاریی بیانیی پێوەدیارە. 
5. قوورسایی و فشاری کودێتاکە لەسەر ئەستەنبووڵ بوو، لەکاتێکدا ئەم شارە؛ لەبەر چەندین هۆکار؛ شاری یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسیی نییە؛ بەزەبری بەکارهێنانی چەک و کودێتای سەربازیی؛ ئەم شارە شاری گەشتیاریی و هونەرو کەلتوورەو دانیشتوانەکەی خۆیان بەشارستانییتر ئەزانن، ئەو کاتەی ئەفسەرە کودێتاچییەکان دەستیان بەسەر فرۆکەخانەی ئەستەنبووڵدا گرت و بڕیاری ڕاگرتنی هەموو گەشتێکی هاتووو ڕۆیشتووی ئەو فرۆکەخانەیەیان دا؛ هاووڵاتییانی ئەستەنبووڵ، زوو درکیان بەم مەترسییە کرد، کەئەبێتە هۆی ڕاگرتنی جموجۆڵیی گەشتیاریی، هەر بۆیە کتوپڕ بەرەو ڕووی سوپای کودێتا بوونەوەو پاشەکشێیان پێکردن؛ لەدەستبەسەراگرتن بەسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەستەنبووڵداو ناچاریانکردن بکشێنەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر فشارو قوورسایی کودێتاکە لەسەر ئەنقەرە بووایە؛ بەتایبەتیی کەکۆشکی کۆماریی و بارەگای حکومەت و وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتەکانی تر و دەزگای هەواڵگریی و فرۆکەخانەی مەدەنیی و سەربازیی گەورەو چەندین بنکەو دامودەزگای گرنگی تری سەربازیی و فەرمانڕەوایی لەوێیە، ئەوا چانس و ئەگەری سەرکەوتنی کودێتاکە زیاتر ئەبوو. 
6. یەکێک لەو فاکتەرانەی کەئەبێتە هۆی سەرکەوتنی کودێتا؛ ئەوەیە کەئەبێت لەیەکەم هەنگاودا، کودێتاچییەکان هەوڵی بەئامانجکردنی دەسەڵاتداری یەکەم بدەن، ئەویش بەگرتن، یان دەستبەسەرکردن، یان بەئابڵۆقەدان، یان بەبەکارهێنانی گووشاری جۆراوجۆر، بۆ ناچارکردنی دەسەڵاتدار بەدەستلەکارکێشانەوە، لەزۆربەی کودێتاکانیشدا؛ لەناوبردنی دەسەڵاتداری یەکەم و کەسانی بازنەی یەکەمی سیستەمی فەرمانڕەوایی، ئەبێتە هەنگاوی یەکەمی کودێتاچییەکان، لەهەندێ کودێتاشدا؛ دەرفەتی سەفەرو چوونەدەرەوەی دەسەڵاتداری یەکەم بۆ دەرەوەی وڵات، قۆستراوەتەوە بۆ سەرکەوتنی ڕەهای کودێتاکە، ئەم کودێتایەی توورکیا، هیچ ئامادەکارییەکی پێوەدیارنەبوو بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی یەکەم، واتە بەئامانجکردنی دەسەڵاتداری یەکەمیان نەخستبووە پلانی کودێتاکەیانەوە. 
7. فەرماندە سەربازییەکانی کودێتا، خۆیان ئاشکرا نەکردو خۆیان نەناساند، تەموومژیی و ناڕۆشنیی؛ باڵی بەسەر کودێتاو کودێتاچیی و ئەنجامی کودێتاکەدا کێشا، هەنگاوی دووەمی کودێتا بۆ دڵنیایی هاووڵاتییان و بەدەستهێنانیی پشتیوانیی؛ بریتییە لەخۆناساندن و خۆئاشکراکردنی کودێتاچییەکان، ئەم کودێتایە دوای شکستپێهاتنی؛ تازە خەریکە ئەنجامدەرانی دەرئەکەون، وەلێ کەسانی ناسراوو دیاری ناو سوپاو کۆمەڵگەی توورکیش نین. ٨
8. ئەم کودێتایە لەلایەن هاووڵاتییانەوە شکستی پێهێنرا، ئەوان تووانییان سوپا لەفرۆکەخانەی ئەستەنبووڵ و کەناڵە تەلەفزیۆنییە فەرمییەکان و پردو شەقام و مەیدانە سەرەکییەکان ناچار بەکشانەوە بکەن و چەکیان بکەن، لەکاتێکدا (ئەردۆگان) و حکومەتەکەی؛ میدیاو کەناڵی پەیوەندییان بەدەستەوە نەمابوو، (ئەردۆگان) بەناچاریی؛ هانای بۆ سۆشیال میدیا بردو لەوێوە داوای لەهاووڵاتییان کرد، بەگژ کودێتاچییەکاندا بچنەوە، هاووڵاتییان لەئەستەنبووڵ؛ کودێتاکەیان یەکلاکردەوە بەبەرژەوەندیی مانەوەی حکومەت، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، لەناویاندا؛ مەترسیی ئەنجام و کاریگەرییە خراپەکانی کودێتا لەسەر بزووتنەوەی گەشتووگووزار؛ کەسەرچاوەی یەکەمی داهاتی شاری ئەستەنبووڵە، لەلایەکی تریش پرۆسەی کودێتاو کارکرن بەئەحکامیی عوورفیی، کەکودێتاچییەکان ڕایانگەیاند؛ لەبیرەوەریی دوورو نزیکی هاووڵاتییانی توورکیادا؛ ئەزموونێکی تاڵ و یادگاریی پر لەناخۆشیی هەیەو نایانەوێت دووبارەبێتەوە. 
9. ئەم کودێتایە زیاتر لەمانۆڕێکی سەربازیی سنووردار ئەچوو وەک لەکودیتا، ئەفسەرە کودێتا چییەکان؛ ڕەنگە وابیریان کردبێتەوە، بتوانن هەمان کودێتای سپی ساڵی (١٩٩٧)ی توورکیا، بێ خوێنڕشتن دووبارەبکەنەوەو حکومەت ناچاربکەن، مل بۆ داواکانیان بداو خۆی هەڵبووەشێنێتەوە، ئەگەر وا بیریان کردبێتەوە؛ ئەوا لەمەشیاندا بەهەڵەدا چوون، چونکە ئەم دۆخەی ئێستاو ئەو دۆخەی ئەو کاتە؛ دوو بارودۆخی جیاوازن، نە سوپای ئێستا، سوپای ئەو سەردەمەیە؛ بەتایبەتیی کە(ئەردۆگان) لەماوەی (١٥) ساڵی ڕابردووی فەرمانڕەوایی پارتەکەیدا، دەستی خستۆتە ناو سوپاوەو بەدڵی خۆی گۆڕانکاریی تیاکردوەو کەسانی وابەستەو پابەند بەخۆی و پارتەکەی؛ خستۆتە ناو جوومگەو پۆست و پایە بەهێزو کاریگەرەکانی سوپا، لەلایەکی تریش، نە ئەم حکومەتەی ئێستا؛ بەچەشنی حکومەتە ئیئتلافییەکەی (ئەربەکان)ی ساڵی (١٩٩٧)ە، کە لەنێوان پارتی ڕەفاهی (نەجمەدین ئەربەکان )و (پارتی ڕێگای ڕاست)ی (تانسۆ چیلەر)دا پێکهاتبوو؛ حکومەتەکەی (ئەربەکان)، چەندین قەیرانی سیاسیی و ئابووریی؛ دەستی خستبووە بینەقاقای، کار گەیشتە ئەوەی کەتەشەنەسەندنی قەیرانەکان؛ پاساو بداتە دەستی ژەنەڕاڵە باڵاکانی سوپا، تاکو کودێتایەکی سپی؛ بەسەر ئەو حکومەتەدا ئەنجام بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە