پەتای پارتایەتی، شێرپەنجەی کوردە
Saturday, 16/07/2016, 14:50
ئەشێ لەژینگەی رۆژئاوادا، پارتایەتی دیاردەیەکی دروستبێ. لە رۆژهەڵاتدا، بەتایبەتی ناوەڕاست، بۆتە پەتایەکی مەترسیدار. لەوەش زیاتر: لەناو ئەو نەتەوانەدا کە لەقۆناغی خەباتی رزگاریدان، وەک کورد، پەتاکە بۆیانبۆتە شێرپەنجە.
میرنشینیەکانی جاران و پارتەکانی ئێستای کوردستان، وەکیەک ڤایرۆسی ئەو پەتایەن بۆ جەستەی کورد. هەردو جۆرەکە، لە کەرتوپەرتکردنی نەتەوەی کورداو کلکایەتیان بۆداگیرکەرانی کوردستان و گەندەڵییان، یەکسانن.. یەکەمیان، خۆشبەختانە، ئێوە خۆش. بەڵای ئێستە، دوەمیانە کە بۆئەوەی بژین، هیچ چارێکیانییە ئەبێ لەئاوی لێڵدا مەلەبکەن و گەندەڵبن و ئەو کلکایەتییە بکەن! ئەگینا ناژین!. چۆن؟ :
هەر پارتێک، کە لەئەنجامدا ئەبێتە سپڵێکی لاورگ و تەمەڵخانەیەک، پێویستیی بە بوجەیە،بەلایەنی کەمەوە بۆ بژێویی سەرکردەو کادیرە تێرنەخۆرەکانیان و چەندین خەرجییتر. ئەو بوجەیەش بە رێگەی رەوا پەیداناکرێ. ئالێرەوە گەندەڵییەکە دەسپێئەکا. جگە لەدزی و تاڵانی، پەنا بۆ لایەنی دەرەکیش ئەبەن، بە زۆری، بۆ داگیرکەرانی کوردستان. ئەوانیش لەڕێێ خوادا پولێ بەکەس نادەن. بەوجۆرە کلکایەتییەکەش دروستئەبێ و وردەوردە تۆخئەبێتەوە بۆ ناپاکیی نیشتمانی!. ئیتر حەیاش قەترەیەکە، کە تکا ئەتکێ و نە شەرم ئەمێنێ، نە گوێش بە رەخنەو توانجی کەس ئەدەن. بەڵکو دەستی تاوان درێژئەکەن بۆگیانی هەر مەترسیدارێک بێتە رێگەیان. مەترسیدارترینیش، ئەو پارتانە خۆیانن بۆسەر یەکدی، بۆیە بەردەوام لەشەڕدائەبن لەگەڵ یەکتر، شەڕی سارد یا شەڕی گەرم!.
ئابەوجۆرە، لەدوای شەڕی چاڵدێرانەوەو دابەشکردنی کوردستان بەسەر عوسمانی و سەفەویداو دواتر سایکس بیکۆ، داگیرکەرانی کوردستان هەمو بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی کوردیان، بە میرنشینی و پارتە کوردییەکان خۆیان لەگۆڕناوە. یاهیچنەبێ ئەوەیان مسۆگەرکردوە کە جەماوەری کورد پشتی یەکدینەبن لەبزاڤی سەربەخۆییدا. بەوجۆرە هەمو شۆڕشەکانی کورد شکستیانهێنا، چونکە ناوچەییبون نەک سەرتاسەری، ناوچەکانیتریش یا دژ، یا سەیرکەربون!. لەبەرئەوە، تا فرە پارتی، بەم شێوازەی ئێستای، لەناو کوردا بمێنێ، دەوڵەتی کوردستان دروستنابێ و چەندین ئەنفال و هەڵەبجەو شنگاڵیتر لەڕێماندا ئەبێ.
لەگەڵ ئەو دۆخە تاڵەدا،سەری دنیا بەپوش نەگیراوە. دەوڵەتی کوردستان هەر دروستئەبێ کاتێ هوشیاریی نەتەوە ئەگاتە ئاستی پەیبردن بە هەرکام لەم رێگایانە:
1-پارتەکان هۆشیان بەبەردا بێتەوەو دەسبەرداری سیستمەکەیان (پارتایەتی) ببن و لەژیر ئاڵای لەشکرێکی سەربازی، یا پێشمەرگەدا، یەکگرن و رابەرایەتی ئەو لەشکرە ببێتە خاوەن بریار. یا لەژێر چەتری کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا بۆ هەمان مەبەست.
2-تێکڕا میللەت، بەجەماوەری پارتەکانیشەوە، رو لەوپارتانە وەرگێڕن و رسواو نابوتیان بکەن و دایانماڵن لەبنکەکانیان و ئەوەی دەستی چەک ئەگرێ بچێتە ژێر ئاڵای لەشکرێکی سەربازییەوە: پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤان.
3-راپەڕینێکی سەرتاسەری، هەرەس بەو پارتە گەندەڵ و نۆکەرانە بێنێ و سەرکردایەتییەکی خاوێن و داناو زانای نوێی لێبێتە بەرهەم کە لەئاستی رابەرایەتیی نەتەوەدابێ و سەربەخۆیی دەستەبەربکا.
4-ئەگونجێ یەکێک لەو پارتانەی ئێستا کە خاوەن لەشکری گەورەن، هۆشی بەبەردا بێتەوەو تاک لایەنە جاڕی سەربەخۆیی بدا لە هەر بەشێکی کوردستاندا. دواتریش لەو بەشەوە پەلبهاوێ بۆ بەشەکانیتر، بەوەش ئەبێتە جێگەی متمانەی میللەت و سەرشۆڕی و پوکانەوە ئەبێتە بەشی پارتە گەندەڵ و نۆکەرەکانیدی.
5-ئەشێ لەم سەردەمەدا زلهێزەکانی جیهان بەرژەوەندیی خۆیان لە دەوڵەتێکی کوردیدا ببیننەوە. بۆئەو مەبەستەش ئێستا، دوای سایکس بیکۆ، هەندێ پرۆژەی گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە کە دەوڵەتی کوردی لە دەریای رەشەوە ئەگەیەنێتە دەریای سپی.. ئەگەر ژیربین ئەتوانین دەورمان هەبێ بۆئەوەی ئەم هەلە، لە خەیاڵەوە بکەینە راستی.
رێگەیتریش هەیە، جارێ لەم کورتە وتارەدا هەر ئەوەندە ئەوترێ.. بەکوردی و بەکورتی: سیستمی پارتایەتی نە بۆ ئێستای کورد، نە بۆ دوای سەربەخۆییش، نەک هەر بێ سودە، بەڵکو شێرپەنجەیەو پێویستە بنەبڕ بکرێ تا ئەگەینە ئاستی رۆژئاوای گێتی. ئەوسا نەوەکانی داهاتومان خۆیان بڕیاری خۆیان ئەدەن. ئێستا ئەرکی سەر شانمانە: نە تێکەڵیانبین، نە لە هەڵبژاردنەکانا دەنگیان بۆ بدەین، تا لەئاستی خۆیان ئەپوکێنەوەو لەشکر ئەبێتە رابەری نەتەوەو گسکێ لەوان ئەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست