کورد لەبەردەم ئەگەری دوبارەبونەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیردا
Saturday, 16/07/2016, 14:23
هەرچەندە کاتەکانی ئێستا و ڕابردو ناتونرێت وەک یەک وێنا بکرێت، بەڵام دەتوانرێت لە ڕوی ناونانەوە نزیک بن لەیەکدیەوە ، ئەوەی لە مێژودا ڕوی داوە سەردەمێکی تر و جۆری پەیوەندییەکان و ململانێکان وهاوپەیمانییەکان جیاوازی زۆرە، بەڵام دەکرێت هەر ڕوداوەوە بە پێ ی سەردەمی خۆی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەوەی لە ئێسادا ڕو دەدات لە ناو هاوکێشەی جیهانی و هەرێمایەتی و ناوچەییدا دەکرێت لە هەمو ڕوەکانەوە بخوێنرێتەوە و بەپێ ی بەرژەوەندی وڵاتان و هاوپەیمانییەکان ئاراستەی کارکردنیان دیاری بکرێت .
دوای دەرکەوتنی داعش، تورکیا لەبەردەم سێ هێزدا بو کە نەیتوانی وەک پێویستی بەرژەوەندی تورکی یاری خۆی بکات، هەڵکەوتەی جیوپۆلەتیکی تورکیا و جوگرافیای دەرکەوتنی داعش تورکیای خستە بەردەم سێ ڕێیانێکی قورسەوە و کەوتە سەر خاڵی بەریەککەوتنی ئەم سێکوچکەیە (داعش، ئێران، ناتۆ) ئەگەر چی تورکیا بەشێکی گرنگ بو لە ناتۆ، بەڵام بە هۆی بێدەنگی بەرامبەر داعش کەوتە سەر کەناری کەوتنە خوارەوە لەو هاوپەیمانییەتیەی کە دژی داعش دروست کرابو، لەم نێوەندەدا ئێران وەک هێزی یەکێک لە قوتبەکانی ئەم ناوچەیە، توانی سود لەم گۆڕنکارییانە ببینێت و ببێتە هێزێکی کاریگەر و ئەمریکا و ناتۆ ناچار بکات مەمەڵەی لەگەڵ بکەن، وە بتواێت ئەوەی پێ ی دەوترێت هاوسەنگی نێوان بلۆکی شیعی و سونی بە تەواوەتی لاسەنگ بکات و بەمەشەوە نەوەستێت و بیەوێت فراوانخوازی بە مانای درێژکراوەکانی پەرە پێ بدات، لەبەرامبەر تورکیا و سعودیە ببێتە خاوەن کارتێکی زۆر، هەر لە وڵاتانی پاکستان و وڵاتانی دەریایی قەزوینەوە تا دەگاتە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق، یەکێک لە ترسە گەورەکانی تورکیا ئەگەری بونی قەوارەیەکی کوردیە، دوای ئەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە دوای دۆسییەی ئەتۆمیەوە کاریان لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایدا کرد، ئیتر تورکیا وەک میراتگیری عوسمانی لە پاسەکشەدا بو، هەر چەند هەوڵی زۆر دا ببێتە باوکی سونە، بەڵام لە دوای مرسییەوە ئەو خەونەش بو بە خەونی چۆلەکە، دوای ئەوەی سعودیە و وڵاتانی هاریکاری کەنداو سەربازگەی سونەیان پێکهێنا، ئیتر تورکیا بەتەواوەتی ترسی ئەوەی لێنیشت کە ناتۆ و ئەمریکا یارییەکانیان لەبەرژەوەندی ئامانجەکانی تورکیادا نیە، ئەو کاتەی کە پەکەکە و پەیەدە و یەپەژە بونە تەواوکەری ستراتیژی سەربازی ناتۆلە ڕوی وشکانییەوە بۆ شەڕی داعش، ئیتر تورکیا بە تەواوەتی لەوە گەیشت کە خەریکە لەسەر سفرەی دوەلی دەردەکرێت، دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد نەڕوخا و ڕوسیا وەک ورچێکی پیری بە ئەزمون دێیتە ناو یاریەکەوە (کە پێشتر ئێران وەکالەتی ڕوسیای دەکرد) وە لەگەڵ ئەمریکادا ڕێک دەکەوێت ئیتر تورکیا دەکەوێتە ئەوە کۆڵانەی کە دەرناچێت و ناچارە بەگەڕێتەوە، لەم گەڕانەوەیەدا کار لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ میسر و بەشار و ئیسرائیلدا، لەم گەڕانەوەیەدا پێ دەچێت بیەوێ لاسای سەدام حسین بکات و بیەوێت بە جۆرێکی تر لە ڕێی سعودیەوە بچیتە ناو سەربازگەی سونە و ئەمە بەکار بهێنێت بۆ ئامانجەکانی، وە بیەوێت لاسای ڕێککەوتنی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ بکاتەوە، ئەوەش دەزانێت کە ئەمریکا دەرگایەکی پشتەوەی بۆ هێشتوەتەوە تا بچیتە ناو ئەو سەربازگەیەوە، ئەمریکا و ناتۆ کار لەسەر هاوسەنگی هێزی سونە و شیعە دەکەن، بە مۆدێلە سعودیەکەی نەک بە مۆدێلە داعشیەکەی، چونکە بۆ ئەمریکا و ناتۆ گەر مۆدێلە داعشیەکەی بێت ئەوا شیعە باشترە، چونکە تا ئێستا شیعە تیرۆری ڕەشی ناو ئەوروپا و ئەمریکا نەکردوە، بەڵام پێ دەچێت لە داهاتودا ببێتە ترسێکی گەورە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێ ی سەربازگەی سونەوە هاوسەنگی نێوان دو دژەکەی بپارێزێت، ئێستە تورکیا لە دەرگای پشتەوە دەیەوێت بچێتەوە سەر سفرە ساختەکەی ناتۆ کە بۆ سونەکان ڕاخراوە، ئەمەش کاتێک دێت کە ئەگەری گرتنەوەی ڕەقە و موسڵ لە ڕوی وشکانیەوە بدرێتە دەست کورد، دوای ئەوەی ئەمریکا ڕێ ی بە پەیەدە دا لە ئاوەکانی فورات بپەڕێتەوە و بەرەوە دریای سپی بڕوات،ئەمەش دەکاتە ناردنی ئەو نامەیەیە بۆ توکیا کە دەتانێت لە دەرگاکەی پشتەوە بگەڕێتەوە، هەر لەسەرتای ئەم یوتێرنەی تورکی و ئەم گەڕانەوەیدا، یەکسەر دۆسیەی دژایەتی کردنی بەشاری داخست، لەگەڵ سعودیە کەوتنە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێران و دەستیان کرد بە جوڵاندنیان تا وەک کارت بەکریان بهێنن، دوای داعش ترسی گەورە بۆ تورکیا پەکەکەیە، وە پەکەکە وەک درێژکراوەی ڕوسی ئێرانی توانی یاری گەورە بکات و ببێتە بەشێک لە سەربازگەی دژی تیرۆر و ئەمریکا هاوکاری بکات .
ڕێککەوتننامەی جەزائیر ئەگەر کارت بە کارت بوبێت لە نێوان عێراق و ئێراندا (سەدام و شا) لە جەزائیر، ئەوا ئێستە تورکیا دەیەوێت کارت بە کارت بکات لەگەڵ ئێران بە زەمینەی بەرژەوەندی سەربازگەی سونەی سعودیە و هاوسەنگ کردنی ناتۆ بۆ بلۆکی سونی و شیعی، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ئەگەر ئێران خاوەنی کارتێکی زۆر بێت بۆ گۆڕینەوە، بە تایبەت کارتی پەکەکە و پەیەدە ئەی تورکیا چی کارتێکی پێیە تا بتوانێت لەو ترسانەی وەک خۆی دەڵێت ڕزگاری ببێت، تورکیا لەگەڵ یۆنان و ڕوسیا و ئەرمینیا و بشار و عێراق و میسر و ئیسرائیل و هەتا ناتۆشدا لە کێشەدایە، دەیەوێت ئەم پەیوەندیانە باش بکاتەوە، کێشەکەی تورکیا ئەوەیە ئەوەندەی دەیەوێت لە سەر ئاستی دەرەکی پەیوەندییەکانی باش بکات، نایەوێت لە ناوخۆ ئەم کارە بکات و لەگەڵ پەکەکە دانوستان بکات، چونکە پەکەکە بە ئێران و ڕوسیا دەزانێت، پەنا بردنی بۆ دەروە لە بەرژەوەندی وڵاتانی سونە و ناتۆ دەشکیتەوە نەک خۆی، ناچاریشە ئەم کارانە بکات، بەڵام دەبێت چاوەڕێ ی فیکەی ناوبژیوانی یاریەکە بێت کە فاوڵێ گەوە دەکات، بەوەی ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ بیانەوێت هاوسەنگی هێزەکان دروست بکەن، ئەوا پەکەکە هێزە و کورد بوە بە بەشێک لە پرسی سەرەکی دنیا، هەر دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لەهەمو پارچەکانی تر (هاتنی ڕۆحیانی بۆ سنە و پەیامەکەی) خۆ ئەگەر ڕوس و ئێران بیانەوێت کارتی پەکەکە بفرۆشن، ئەوا نە سعودیە و نە تورکیا و نە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو خاوەنی ئەو کارتە نین کە بەهای کارتی پەکەکەی هەبێت بۆ گۆڕینەوە، بۆیە میونداریکردنی جەزائیر بۆ تورکیا و ڕێککەوتنێک لەسەر کێشەکانی ئەم ناوچەیە، بە تەنها لە ڕوی ناونانەوە دەتوانین بڵێین ئەگەری دوبارەبونەوەی ڕێککەوتنی جەزائیر هەیە، چونکە لە ئێستادا کە دنیا چاوەڕێ ی کەوتنی داعشە، پشکی شێری دووەم لەسەر لاکی داعش، بۆ کورد دەبێت بە پێشمەرگە و گەریلاوە (موسڵ و ڕەقە) ... خۆ ئەگەر سایکس بیکۆی تازە بریتی بێت لە دابەشکاری، ئەو تورکیا وەک ئێران زل هێز نیە لەسەر سفرەی کەوتنی داعش و پشکی پشیلەشی بەرناکەوێت، بەم پێودانگانە بێت ناتۆ و ڕوسیا ڕو لە ئێران دەکەن و تورکیا هیچی بۆ نامێنێتەوە تەنها دەیەوێت هیچ نەبێت کێشەی ناوخۆی لەکۆڵ بێتەوە، لە ئیستادا عێراق لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵی کراوە، بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەوە، درێژکراوەکانی تورکی لە عێراقدا لە پاشەکەشەدان، بۆیە ئەوەی دەوترێت دوباربونەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بۆ تورکیا لە خەونی کیسەڵ هیچی تر نیە ، بەڵکو دەیەوێت خۆی لە کەوتن دوربخاتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست