نۆستالۆژیای هەژارانە
Thursday, 14/07/2016, 15:30
تائێستا سێ جار کتێبی (جێشتی مجێوری) مامۆستا هەژاری رەحمەتیم خوێندۆتەوە. هەرجارێکیش تامو چێژی تایبەتیم لێوەرگرتووە. هەروەک دەزانین مامۆستا هەژار لە رادەبە دەر مەلامستەفای بارزانی ( د، خ ) خۆش ویستووە. بێگمان مافی خۆیەتی ومنیش ئیزن بە خۆم نادەم ئەو هەڵویستەی هەژاری زانا ببەمە ژێرپرسیار ، چون هەرکەس ئەو مافەی هەیە کێی خۆش بوێ یانژی کێی خۆش نەوێ. لە ئاشبەتەڵای ساڵی ١٩٧٥ تا ئەوڕۆکە ٤ دەیە تیپەڕێوە. ئاڵووگۆڕی مەزن لە کوردستان ودەرەوەی وڵات و جیهان پێکهاتوە. ئەو گەنجانەی کە لەو ماوەیەدا لە دایک بوون رەنگە زۆر تامەزرۆی مێژووی رابوردوومان نەبووبن. یان بە وردی وەدوای شکستەکانی کورد نەکەوتوون یان لە چۆنیەتی کەسایەتی سەرکردەکان شارەزایی ئەو تۆیان نەبێ. مێژوو دەتوانێ گەمە بە ئێمە بکا ، بەڵام ئێمە ناتوانین گەمەی پێ بکەین. / هاتی / مێژوو حەوجێی بە رێکخراوەو سەرکردەدوورناس و میکانیزمی بە هێزهەیە ، بە سیستمی عەشیرەگەری وئاغاوەتی وتاک رەهەندی وقسەی زل ناگاتە ئەنجام.
کەسێک کە وەک ئەفسانەیەک ، وەک کاریزمایەک ، وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی ،وەک باوکی ڕوحی ونەتەوەیی گەلێکی غەدرلێ کراو دەهاتە ئەژمارلە کۆتایی ژیانی سیاسی وشەڕی چەکداری خۆیدا لە ئاست دژمن چی بە سەرهات کە ئاوا زەلیلانە وبێدەسەڵات وتەنیا بۆ خۆی بچێتە بەر دەستی دژمن وداوای لێ بکا کە بیبەخشن ! داوای لێبکا کە لە شاری / کەرج / نزیک تاران خانوویەکی بۆ بە کرێ بگرن و بژیوی رۆژانەی بۆ خۆی و منداڵەکانی دابین بکەن یان وەک پەنابەرێك لە بەر دەستی / ساواک / و شای ئیڕان درێژە بە ژیانی خۆی بدا. زۆر جار دەڵێم ئەگەر هەموو نەتەوەیەک خودای هەبێ ، کورد نیەتی. دەنا وەک بەرداشی زەمان نەدەکەوتە ژێر زەختی توانەوە وقڕکردنی دۆست ودژمن !
لە پەڕتووکی چێشتی مجێوری مەڕحومی / هەژاردا / لە بەشەکانی کۆتایی ئەو کتێبەدا کە چەند لاپەڕەیەکی لێ تۆمار کراون ، ئەو قسانەی کە هەژاری ڕەحمەتی وەک نۆستالۆژیایەکی دڵ هەژێنە کە سەردەمی رابوردوومان وەبیر دێنێتەوە . ئەگەرمن ئەو یادەوەریانەم نووسیبایە هۆدەی مەحکەمەیان بۆ دادەمەزراندم وکووڕو کوڕەزای مەلا مستەفا سزایان دەدام. بەڵام چون هەژار نووسیویەتی دەبێ بڵاو بێتەوە. من کورتەی چەنە رستەیەکم لەو بیرەوریانە هەڵبژاردوە کە بەڵگەن بۆ ئەو گەنجانەی کە تازە سەر لە سیاسەت دەردێنن. با بە وردی لە مێژوومان خاوەن دەرکەون ، با بە وردی لە سیستمی رەفتارگەرای سەرۆکەکانی عەشیرەی بارزانی بگەن.. چارەسەری کێشەی نەتەوەیەکی ٤٠ میلیونی بە هەستوو سۆزوگریان و فرمێسک پێک نایە. قسەکردن لە سەر میژوومان گاڵتە نییە. من بۆ هەر رستەیەکیش حەولدەدەم بە کورتی قسەی خۆم بکەم .
چێشتی مجێور :
لاپەڕەی ٤٩٤ ئاوا دەڵێ : بارزانی لە سەفەرێکی تاران گەڕایەوە وگووتی : دەگەڵ شای ئێڕان لە بارەی تۆدا قسەم کردوە ( مەبەست هەژارە ) گووتوومە هەژار دۆستی منە دەبێ ببخشرێ ( شا بی بەخشێ ! ) شا قەولی پێداوم بت بەخشێ !!
خوێنەری دوورناس ئەوە چارەنووسی نەتەوەیەکی بن دەستە . تەواوی بنە ماڵەی کورد کوژی پەهلەوی سەرجەم بەرادەی هەژاری بلیمەت خوێندەواریان نەبووە. مەلامستەفایەک کە وەک پاڵەوانی نەتەوەیی دەهاتە ئەژمار بەو شێوەیە بجێتە لای / شا / و لە بەری بپاڕێتەوە و داوای بەخشێن بۆخۆی و هەژاری ژین تاڵ بکا ! کەسێک کە تەواوی ژیانی لە دەربەدەریدا تێپەڕ بووە.
لاپەڕەی ٤٩٥ :
هەژار دەڵێ ، جارێک دوکتور مەحموود عوسمان وبارزانی چوونە لای / شآ / پێش ئەوەی کە شا بچێتە جەزایر ، بارزانی نەیزانیوە شا بۆ چی دەچێتە جەزایر. هەروەها دەڵێ ، دەگەڵ کەسێک بە ناوی نەسیری ( بەرپرسی گشتی ساواک لە ئێڕان کە دوای شۆڕش لە ئێڕان بە دەستی خەڵک گیراو پاشان ئیعدام کرا ) هاتە لامان و وەک هەمیشە بارزانی ماچ کرد ودانیشت لە پڕ گووتی : عێڕاق مووشەکی دوورهاوێژی هەیە دەتوانێ هەمووتان بکوژێ ! دوکتورمەحموود عوسمان گووتی : ئێمە فێرە مردن بووین، لەو شتانە ناترسێن.
نەسیری گووتی : دوکتور تۆ نازانی قسە بکەی ! ئەعلاحەزرەتیش ( مەبەستی شایە ) هیچ کەیفی بە قسەی تۆ نەهاتووە. جگە لەوەش من پێتان رادەگەیەنم شاهەنشا بە سەدان هەزار دۆڵاری بۆ شۆڕشی ئێوە خەرج کردوە . ئێوە هیچ قازانجێکتان پێوە نەماوە ، گەورە لەشکرتان هەموویان دزن (وەک سەردەمی ئێستا ) ، حەسۆ میرخان ،عەلی شەعبان ، رەشید سندی و،،،، دزو خایینن بە شۆڕش.
ئەوەیە تایبەتمەندی ونەهامەتی سەرکردەیەک کە پشت بە دژمن ببەستێ ، بۆ چارەسەری کێشەی کورد پارە لە دژمن وەربگرێ.لە کوێی ئەو دونیایەدا بینراوە نەیار یارمەتیت بدە کە تۆ سەر بکەوی؟ ئەو کات شا پارەی دەدانێ تا کارەکەی خۆی راپەڕێنێ مێژوو خەریکە دووپات دەبێتەوە چون ئێستێش باشووری کوردستان بۆتە زەندۆڵستانێک بۆ دەرهێنانی نەفتوو فرۆشی نەفەت. بۆیە دزی وگەندەڵی وەک میرات بۆ ئەو سیستمە بە جێ ماوە.
لاپەڕەی ٤٩٨ :
هەژار دەڵێ ، دەگەڵ بارزانی هاتینەوە تاران . لە مەیدانی / تەجریش / ماڵمان هەبوو کە ئەو ماڵەش سەر بە / ساواک / بوو ! یانی ساواکیەکان دابوویاننێ.!
سەرکردەیەک کە وەک باوکی روحی نەتەوەیەک خۆی دەردەخستبوو ، ئێستێ لە غەریبیدا لە ماڵێدا نیشتەجێیە کە سەر بە دڕندەیەکی کورد کوژە. پاڵەوانی ئەفسانەیی وئاوا بەند کراو زەلیل وبێ دەسەڵات ! لەو سەردەمەشدا مەسعودی کوڕی بە شێوەیەکی دیکە خەریکە ئەو رێبازە درێژە پێدەدا ووادەزانی ئێڕان وتورکیە دۆستی کوردن .
لاپەڕەی ٥٠١ :
ساواکیەکان خەریک بوون ماڵ بە ماڵ دەگەڕآن تا خانوو بۆ بارزانی و بنەماڵەکە و هەواڵانی پەیدا بکەن. چەند شوێنێکیان دۆزیەوە بەڵام مەلا مستەفا پێی رازی نەدەبوو! دونیایەکی سەیرە ! لە سەر چیاکانی سەربەرزی وڵات بۆ خانووی بەکرێی ساواکیان !
سەردەمێک مەلا مستەفا بە هەموو خاکی کوردستان رازی نەدەبوو وزیاتری دەویست. ئێستێ ساواک و شای ئێڕان بۆ خانوویەکی بە کرێی چووک حەولی بۆ دەدن ! ئەو ماڵ ئەو ماڵی پێدەکەن ! لە حاڵێکدا هێشتا پێشمەرگە تەسلیم نە بووە چەکەرەی شەرێکی دیکەی چریکی خەریکە قسەی لە سەر دەکرێ ودەڵێن ئێمە چەک دانانێین. خاڵی پڕ لە تراژیدیای ئەو نسکۆیە ئەوە دەبێ کە دوای خۆرادەست کردنی بارزانی ، هێزی پێشمەرگە لەو پەڕی تووڕەییدا داڵ بە داڵ لە فەرماندە بەرپرسو کار بەدەستی / پاڕتی / دەگەڕآن کە بیانکووژن و بڵێن ، بۆ خەیانەتوو بە ئێمە کرد، هەر لەو سەردەمەدا بوو کە مەسعود بارازانی ، نێچیروان و بنەماڵەکانیان خۆیان لە خەڵک و پیشمەرگە دەشآردەوە نەکا بەرگەی تووڕەیی پێشمەرگە نەگرن وبیانکووژن.
بۆیە شا و ساواک لە تاران داوایان لە مەلا مستەفا کردو بۆ خۆی بگەرێتەوە کوردستان راستەوخۆ بانگەوازی چەک دانان لە پێشمەرگە بکا ! نەهامەتی ولاوازی سەرکردە و رێکخستنەکەی گەیشتبووە ئەو پەڕی بێدەرەتانی کە بۆ خۆی بە پێشمەرگە بڵێ چەک دانێن وتەسلیم بن ! مامۆستا هەژاری بلیمەت دەڵێ : ئێستاش نەمزانی مەلا مستەفا بۆ دژی هەڵگیرسانەوی شەڕی چەکداری بوو ؟ دەلێ ، من پێموابوو کە پیری و ناهوێدی وگەندەڵی وخەیانەتی بەرپرس وفەرماندەکان و،،،، بوو بە هۆی ئەوەی بە یەکجاری ورەی دابەزێ و بەو شیوەیە خوێنی هەزاران کەس و سەدان ماڵوێرانی ئاوای بە سەربێ !
خوێنەری رێزدار ئەو رستانە حیکایەت وچیرۆک نین. راستیەکی تاڵی مێژووی نەتەوەیەکە کە لە دەستپێکی هەزارەی سێدا دووجار تووشی نەهامەتی بووە. جارێک دژمن، جارێکیش سەرکردەی بێ خەبەر لە دونیای سیاسەت. من داوالە گەنجەکان دەکەم بە وردی پەڕتووکی جێشتی مجێوری هەژار بخوێننەوە ودەرسی لێوەرگرن. هیچ گومان لەوەدا نییە ئێستاش مەسعود بارزانی وبنەماڵەکەی ، جەلال تاڵەبانی حیزبەکەی قەت توانای چارەسەرکردنی کێشەی کوردیان نییە. ئەوە نییە ٢٥ ساڵە دەسەڵاتن لە ترسی ئامریکا نەبوایە یەکتریان دەخوارد ؟ ئەو گێژانە لە سەر سفرەی دووبابەت خۆیان تێردەکەن . نەفت وژێرخانی ئابووری باشووری کوردستان ، پاشآن شەڕی داعش. لەو ناوەدا تەنیا پێشمەرگەی بێتاوانە گیانی خۆی سادقانە فیدای نیشتمان دەکا و نەتەوەیەکی بندەستە کە نازانێ دوارۆژ چی بە سەر دێ!
" گووتنی کۆتایی "
هەرکەس مافی رەخنە گرتنی لە هەر کەس هەیە. منیش ئەو مافە بە خۆم دەدەم کە رەخنەیەکی تووند لە هەژاری رەحمەتی بگرم. لە سەراسەی پەڕتووکی / چێشتی مجێوردا / یەک رستەم نە بینی کە هەژاری زانا رەخنە یەکی بوێرانە لە مەلامستەفا بگرێ. داییم وەک قارەمانێکی نەتەوەیی ورزگاریدەر ناوی هێناوە . مەلایەک کە ساواک وشآی ئیڕان ناردیانەوە کوردستان تا بۆ خۆی بە پێشمەرگە بڵێ : چەک دانێن لەکۆتاییشدا بەشەو سنوری دەرباز کرد (هەڵات) و لە ئامریکا گیرسایەوە. ! ؟. بەڵام زۆی هاسان رەخنە لە قازی موحەممەد دەگرێ و دەڵێ : خۆی تەسلیم کرد وپاشان لە سێدارە درا. تەنیا ئەوین خۆشەویستی بەرانبەر بەوڵات سنوری نییە. (ئەوە نەزەری منە) . بەڵام لە ئاست کەسایەتیەکانی سیاسی نابێ خۆشەویستیمان بێ سنووربێ.
وەسسەلام :
سندوقی کوردستانپۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست