لە نێوان گۆسماو و سەرکردەکانی خۆماندا
Thursday, 14/07/2016, 10:46
لە ساڵی 2006 و لە پاش سەربەخۆبونی تەیموری رۆژهەڵات، شەر و ناکۆکی لە نێوان سوپا و پۆلیسی ئەو وڵاتە لە دەرئەنجامی ناکۆکی هەردوولا لە کاری بەرێوەبردنی وڵاتدا، روویدا . سەرۆک گۆسماو کە رێژەیەکی گەورەی شانازی سەربەخۆبونی ئەو وڵاتە بۆ خەبات و هەوڵ و ماندوبونی ئەو دەگەرێتەوە، هەڵوێستی عاقڵانە و جوانی نواند، ئەو لایەنگیری بۆ لایەک دژ بە لایەکی تر نەکرد، هەرەشەی لە هیچ لایەک نەکرد، رێگەی لە هیچ دەزگایەکی شەرعی و یاسایی نەگرت و پەکی نەخست و شەری شەخسی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تردا رانەگەیاند، بنەماڵەکەی ( لە بنەرەتدا هیچ تایبەتمەندیەکی پێ نەبەخشیبون ) و حزب و دەزگا ئەمنی و عەسکەریەکانی نەخستە ئامادەباشیەوە و، پەنای بۆ شەری راگەیاندن و هێز نەبرد، حکومەتەکەی دوولەت نەکرد و نیوەی نەناردە ماڵەوە، پەنای بۆ دادگای حزبی و لایەنگری خۆی نەبرد بۆ هیچ مەسەلەیک و بە تایبەتی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان، دەستی بەسەر داهات و بژێوی ژیانی خەڵکیدا نەگرت، سەرەرای کەم داهاتی وڵاتەکەی، بەڵام لە پاش سەربەخۆیی، ژیانی خەڵکی تا رادەیەکی باش مەیسەر و مسۆگەر کرد، خۆی نەبەستەوە بە وڵاتانی دەرو دراوسێی وەک ئوسترالیا و ئەندۆنیسیای داگیرکەری پێشووی، تەیموری دابەشنەکرد بەسەر دوو زۆندا . ئەم رەفتارانەی لە بنەرەتدا لەسەر ئەوە بنیاتنابوو کە هیچ شانازیەک و منەتێکی بەسەر میلەتەکەیدا نەکرد گوایە بە توانا و هێز و خەباتی ئەو سەربەخۆییان بەدەستهێناوە، تەنها کردەوەیەک کە پەنای بۆ برد لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی نێوخۆ؛ هەرەشەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی کرد لە سەرۆکی وڵات، ئەگەر سەرەک وەزیرانی وڵات مورعی ئەلکەسیری دەست لەکار نەکێشیتەوە، چونکە لە ماوەی حوکمداری ئەودا ناکۆکیەکان و شەرەکە روویدابوو . بۆیە سەرۆک وەزیرانیش خۆی نەبەستەوە بە کورسیەکەیەوە و وازی لە دەسەڵات هێناو ناکۆکیەکان بنبرکران .
بۆچی تەنها بە هەڵوێستێکی زارەکی ئەو کێشە گەورەیە کۆتایی هات :
1-شانانا گۆسماو جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی لە نێو دڵ و دەرونی خەڵکدا دروست کردبوو و هیچ خۆپەرستی و نەرجسیەتێک و بیرکردنەوەیەکی تەسک زاڵ نەبوو بەسەر بیروباوەریدا و، منەتی خەبات و گەیشتن بەسەربەخۆیی وڵاتەکەی بەسەر گەلەکەیدا نەکرد و بووە مەرجەعیەتێکی گوێلێگیرا و وخاوەن خۆشەویستیەکی گەورەی گەلەکەی و، هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە ئیعتباریان بۆ دادەنا و بە قسەیان دەکرد، چونکە بە کردەیی دلسۆزی و پاک و بێگەردی و خۆنەویستی خۆی سەلماند .
2- دامودەزگاکانی وڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆی و بنەماڵە و حزب و لایەنگرانی بەکارنەهێناو و تەنها جێگەیەکی مەعنەوی زۆر گەورەی بۆ خۆی لای هەموو کەسێک دروست کردبوو .
3- دەیتوانی هێز بە کاربێنێت و بە فەرمان سەرۆک وەزیران لەکارەکەی لابدات، بەڵام تەنها وتی ئەگەر خۆی دەست لەکارنەکێشێتەوە بەخۆم لە سەرۆکی کۆمار واز دێنم . بەڵی بەس بەو ئاگاداریە سەرۆک وەزیرانەکەی کە دەسەڵاتی هەموو کاردانەوەیەکی هەبوو، دەیتوانی لەناوی ببات، کەچی بێ زویر بوون، دەستلەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد .
4- متمانەی خەڵک بە گۆسماو وای کردبوو کە بێ ئەوەی وەک سەرۆکێکی پر دەسەڵات و لە دەستور دیاریکراو بەڵکو تەنها بە خۆشەویستی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت و وردو درشتی خەڵک پشت بە هەڵوێستەکانی ئەو ببەستن
جا وەرەوە بۆ کوردستان و بەراوردێکی بچوکی ئەم دوو وەزع و مودێلە بکەن، ئەوجا دەزانین کە رێژەی سەرکەوتنمان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان چەندە و، بە کوێ دەگەین و دیدی خەڵک بۆ پرسە سەرەکیەکەمان تا چەند لە بەرژەوەندی بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستانە و، کێ زامنی سەرهەڵنەدانی شەری ناوخۆی کوردستانی خوێناوی پاش سەربەخۆیی دەکات .
لە وڵاتێکی تازە سەربەخۆ بووی ئاسیایی، لەرووی پێشکەوتنەوە لەهەموو بوارەکاندا ئەوەندە جیاوازی لەگەڵ تەنانەت کوردستانی خۆشماندا نەبێت، کەچی لەهە مووی نمونەیی تر، بە هەڵوێستێکی گەورەی خۆی، ئەخلاق ونەفس بەرزی و خۆنەویستی و دڵسۆزی بۆ وڵاتەکەی سەلماند، ئەویش لەوەدا کە سەرەرای خۆشەویستی هاوڵاتیان و مەرجەعیەتبونی و رێز و پێگەی قورسی لە نێو دڵی هەموو لایەک و مسۆگەربونی بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان، بەڵام خۆ پاڵاوتنی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی وڵات رەتکردەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست