کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


سیناریۆیەکی تری منداڵانەی پارتی

Thursday, 14/07/2016, 10:27


لە دەستدانی ئەخلاق بەو مانایە دێت رەفتارەکانی مرۆڤ هیچ پەیوەندیەکی بە دروستی هەڵسوکەوت و مامەڵەی میانەڕەوی مرۆڤایەتیەوە نەمێنێت و بە جۆرێك خراپ بشکێتەوە بەسەر مرۆڤەکان و دەوروبەردا ئەوەی بیبیستێت توشی شۆك بێت، هەیە ئەخلاق بەس لە ئافرەت و جنس دا دەبینێتەوە، ئەم جۆرە کەسانە رەنگە  پێشیان شەرم بێت هیچ کەسێك هاوسەرەکانیشیان  ببینێت، بەڵام لایان شەرم نەبێت ژیانی مرۆڤە بێتاوانەکان بە خراپترین شێوە دوایی پێبهێنن، ئەشکەنجەو زیندانی ئینفیرادی بەکاربهێنن بۆ سوکایەتی کردن بە مرۆڤەکان و لەناوبردنیان، مێردمنداڵان لە خۆپیشانداندا بکوژن، کورد  و هاونیشتمانی خۆیان تەسلیمی ژەندرمە بکەن، خیانەت لایان وەك ئاو خواردنەوە بێت،  میللەتێك بفرۆشن بۆ گیرفان و کورسی خۆیان، بە رۆژی رووناك درۆ بکەن و زۆر لایان ئاسایی بێت، پارووە نانی هەتیو و بێوەژن و پیرو پەککەوتەکان بدزن و تاوان بۆ بێتاوانان هەڵبەستن، یەك میللەت سزای ئابووری بدەن و هاوخەباتی خۆیان ژەهرخواردوو بکەن، ئەمانە بە جۆرێك لە ویژدان داماڵراون بەڵکو ئینسانییەتیان لەدەستداداوە ، کەچی فرمێسکی تیمساح هەڵدەڕێژن و باسی مافی مرۆڤ و نەتەوەش دەکەن!
لەم دواییەدا و دوای ئەوەی رێکخراوە جیهانیەکان بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ داکۆکییان لە ژیان و ئازادیی و مامەڵەی دادپەروەریی کرد بۆ زیندانییەك کە بێ تاوان ١٦ ساڵە مەسعود بارزانی جۆرەها سزاو ئەشکەنجەو حوکمی ئینفیرادی بەسەرداسەپاندووەو دوای ١٠ ساڵ زیندانی لە دادگایەکی بێ دادپەوەریی و  بێ سەروەریی یاسا و بێ بوونی بەڵگەی تاوان حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا درا، دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەشی بەرنەدراو تاوانێکی تری درایە پاڵ لە کاتێکدا ئەو لە زینداندا بووە! 
من کارم بەوە نییە ئەو کەسە خاوەنی چ بیروباوەڕو  ئاینێکە،  بە پێی پرەنسیپی مافەکانی مرۆڤ ئەمانە مافە سروشتیەکانی هەر مرۆڤێکن، ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم سیناریۆ منداڵانەکەی دەسەڵاتی بارزانییە بۆ ئەم کەسە بێتاوانە، بە پێی راپۆرتی رێکخراوی جیهانی ئەمنستی:   (وەلید یونس) لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە لایەن چەند چەکدارێکەوە لە هەولێر رفێندراو ماوەیەکی زۆر بێ سەروشوێن بوو و منداڵەکانیشی نەیاندەزانی چارەنووسی چی بووە، تا دوای ١٠ ساڵ لە دادگا بە ٥ ساڵ حوکمدرا، کاتێکیش ماوەکەی تەواو کرد ئەو تاوانەیان بۆ هەڵبەست کە گوایا نەخشەی تەقینەوەکەی٢٠١٣ی بەعشیقە  بۆ هەوادارەکانی لە زیندانەوە دارشتووە، لەبەر ئەمە بەرنادرێت..
پرسیارە زۆر گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە یەکەمجار بەم سیناریۆ منداڵانەیە دەبێت خۆتان بدرێنە دادگا و تاوانبار بکرێن، زۆر بە سادەیی لە بەر ئەوەی ئەو کەسە لە ژێر دەسەڵات و پاسەوانی ئێوەدا زیندانی بووە، چۆن کاری ترۆرستی ئەنجامدەدات گەر لە زیندان بێت و ئێوە هاوکاری نەکەن و ڕێگای پێ نەدەن، پاشان کەسێك ماوەی ١٣ ساڵ تیشکی خۆر و جیهانی دەرەوەی نەبینیبێت و هەواڵی دەرەوەش نەزانێت چۆن بە کاری تیرۆرستی هەڵدەستێت و شوێنەکان و گۆرانکاریەکان پیدەزانێت؟ ئەم چیرۆکانە لە فەرهەنگی درۆزنترین و فشەکەرترین چیرۆکنووسیشدا جێی نابێتەوە چونکە جێی بڕوای منداڵێکیش نییە، ئەمەیە عەقڵییەتی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا، کەس لە سەرو سامانی خۆی دڵنیا نییە، دەسەڵات میللەت بە مێگەل تەماشا دەکات و وا دەزانن کەس درۆ شاخدارەکانیان نازانێت و هەست پی ناکات. بەڵام سەرنج بدەن چەند خاوەنی عەقڵێکی دواکەووتوو گچکەن!
ئەو دەسەڵاتە نەگریسە کە بە حوکمی قەرەقۆش، شەلم کوێرم ناپارێزم دەیەوێت ٢٥ ساڵی تریش میللەت ئا بەم جۆرە گەوج بکات، هەر بە جاو سوورکردنەوەیەکی میتی تورکی و ئیتیلاعاتی ئێرانی هەرچییەکیان بوێت بۆیان دەکەن، تەنانەت چالاکوانەکانی رۆژهەڵات و باکووریش کە کوردن و هاورەگەزی خۆیانن تیرۆر دەکەن و تەسلیمی ئێران و تورکیا دەکەنەوە،، جا پرسیاری من ئەوەیە گەر ئەو وەلیدە بێکەس نەبووایەو خاوەنێکی هەبووایە دەیانتوانی ئاوها زەلیل و رسوای بکەن بە بەرچاوی عالەمەوەو بە ئارەزووی خۆیان تاوانی بۆ بهۆننەوە؟ لەناو هەر میللەتێکدا زوڵم و ستەم تەشەنە بکات و کەس بەرهەڵستی نەکات ئەوا لەو جەنگەڵەدا کەس بەختەوەر و سەلامەت نابێت، کورد هەر لە مێژە بە میللەتێکی مەزڵوم و حەقدۆست ناسراوە بەڵام بە داخەوە ئەم دوو دەسەڵاتە بێ مۆراڵە لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا مەسخی ئەخلاق و کەسایەتی کوردیان کردەوە، برایان بە برا بە کوشتداوە، نەهامەتییان بۆ ناو هەر ماڵباتێکی کورد  هێناوە، دەشڵێن خەباتمان کردووە، دەپرسم  گەر بەرپرسێك لەگەڵ خۆیدا راست بکات دەبێت خەڵك بە مەینەتی و  هیلاکەتدا ببات یان خۆشگوزەرانی و یەکسانی و دادپەروەرییان بۆ دابین بکات؟ ئیستاش بازرگانی بە خوێنی پێشمەرگەی بێ مەعاشەوە دەکەن، مەگەر سەرانی بنەماڵە شەنگالیان تەسلیمی داعش نەکردو بە خوینی پێشمەرگەو پەکەکە جارێکی تر لە دەستی تیرۆریستان دەرنەهات، ئیتر ئێوەی خائین و گەندەڵ چ دەسکەوتێکتان بووە بۆ خەڵك؟ لە کاولکاری و ترس و گیروگرفت زیاتر، بڕۆن میللەت ئێوەی ناوێت، ئیتر بەسە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە