کورتە وەڵام
Sunday, 10/07/2016, 18:26
- کوردستانی نوێ ژ7011حاکم قادر: بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەبێت ناوماڵمان رێکبخەینەوەو پلان و بەرنامەی تۆکمەمان هەبێت.
1-(وەفدی کوردستان)ە شەش قۆڵیەکەی ئێوەو گۆڕان لەبەغدا وتیان ریفراندۆم و سەربەخۆییمان ناوێ و لە عیراقی یەکگرتو جیانابینەوە! ئیتر پلان و بەرنامەیچی!؟
2-ئەوە 25 ساڵە ئەم ناوماڵە هەر رێکنەخرا!؟
-هەواڵەکان5/7/16 بارزانی: هیوادارم دوای جەژن لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر ریفراندۆم و هتد، بگەنە کۆدەنگییەک.
1-پێموانییە لەهەرێمدا لایەنی سیاسی هەبێ. هەموی هەر بازرگانیە.
2-وەفدی کوردستانەکە، سەبارەت ریفراندۆم و سەربەخۆیی، قسەی خۆیانکرد. ماوەتەوە ئێوە. یا تاکلایەنە ئەنجامیاندەن، یائیتر ئێوەش واز لەم 2 زاراوەیە بێنن.
-کەی ئێن ئێن7/7/16نەوشیروان: خۆشبەختانە ئاواتەکانیان هاتۆتەدی و میللەت ئازادەو رەنجەکەیان بەفیڕۆ نەچوەو وڵاتەکەیان بەدەسخۆیانەوەیەو رۆڵەکانی ئەم گەلە بەڕێوەی دەبەن.
1-ئەوە باسی کوێئەکا!؟ سوید یا کوردستان؟
2-کام ئاوات هاتۆتەدی؟ سەربەخۆیی کوردستان؟ یا گەڕانەوەیان بۆدەرباری بەغدا بەپێی وەفدی کوردستانەکەیان؟
3-کام میللەت ئازادە؟ ئەو میللەتەی تورکیا بۆردومانیان ئەکاو ئێران ملیان ئەکا بە سێدارەداو عەرب خۆی ناوەتەوە بۆ ئەنفالێکیتریان؟
4- چۆن لە چەمکی وڵات گەیشتوە، وائەڵێ بەدەسخۆیانەوەیە!؟ بۆچی کوردستان هەر3شارەکەی هەرێمە!؟ -خەبات ژ5066مەریوان نەقشبەندی: پاشای مەغریب هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسیی لەپیاوانی ئاینی قەدەغەکرد.. داواکارم ئەم پرەنسیپە لەدەستوری کوردستاندا بچەسپێنن.
1-خێراکەن، بەرلەوەی کوردستان ببێتە داعشستان.. تەقینەوەکەی روداو و نامیلکەی 100 وشەو زاراوەکە بۆنمونە.
2-نازانم مەلاکان کە بەتەمای رەوە کەنیزەکن لەوەو دنیای تاهەتا، بۆچی لەمەو دنیای پێنجودورۆژ، بە تەقینەوەکانیان، راوە مرۆڤی نێرو مێ ئەکەن!؟ باشە پیاوەکان بەهەرجا، ئەی ئافرەتە کوژراوەکان (ئەوانەی کەڕادە بۆنمونە) چۆن رازیئەبن ببن بە کەنیزەکیان!؟
-روداو 7/7/16 : بەغدا، کەرکوک لەئەفسەری کورد چۆڵئەکا، دەیانگوێزێتەوە بۆ بەغدا، لەوێ دادگاییان ئەکا، سزایان ئەدا، یا خانەنشینیان ئەکا بەپلەی نزمتر.. لەبەرامبەردا مانگانە دەیان ئەفسەری عەرەب و تورکمان ئەگوێزێتەوە بۆکەرکوک.
1-بەغدا، بەفەرمانی سەر پەڕە کاغەزێ، ئەوە ئەکا!.. دەزگاکانی ئاسایش و پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆرو پارێزگا لەکەرکوک و حکومەتی هەرێمیش، بەهەمو ئەو هێزو چەکانەیانەوە، دەوری تەماشاکەر ئەبینن و ئەو پەڕە کاغەزەیان بۆناسوتێنرێ و خۆڵەمێشەکەی هەڵسون لەدەموچاوی ئەو هەناردانەو بیاننێرنەوە بۆ زێدی خۆیان بەپێی ییردۆزەی هەق بەهەق.. تۆ بڵێی ئەو لایەنانە، چەکەکانیان بۆرۆژی تەنگانە هەڵگرتبێ!؟
2-هەر بەفەرمانی سەر پەڕە کاغەزێ، هەناردەی نەوتی کەرکوک رائەگرێ!
3-بەئارەزوی خۆی ئاڵوگۆڕ لەکارمەندەکانی بواری نەوتدا ئەکاو عەرەبڕێژیان ئەکا!
4-دیسان بەفەرمانێکی لەوجۆرە ئەتوانێ نەیەڵێ هیچ فڕۆکەیەکی بیانی لەکوردستان بنیشێتەوە!
ئیتر کام کەرکوکەتان رزگارکردوەو کام فیدراڵییەتان دەستەبەرکردوە!؟
ئەوە بەغدای ئێستای لەڕولاواز، ئەی ئەگەر گۆشتەکەی جارانی گرتەوە!؟
شارەزایەک هەڵیدایەو وتی: ئاسانە، ئەدەن لە شەقەی باڵ و تا هۆڵی بانکەکانی هەندەران ناوەستنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست