دەکرا بەرزانی بە خۆی لە ململانێ حزبیەکە بەدوور بگرێت، بەڵام ؟
Thursday, 07/07/2016, 18:56
لەو روانگەیەوە کە بارزانی پەروەردەی عورف و نەرێتێکی خێزانی و بنەماڵەیی و کۆمەلایەتی موحافزکاری تایبەتە، خەڵک لەوباوەرەدابوون کە یادی کۆمەڵایەتی و ئاینی گشتی رۆڵی خۆی لەسەر بیرکردنەوە و باوەرەکانی هەبێـت، بۆیە زۆر کەسی دڵسۆزی کوردستان، بەهەلزانینی چەژنیان لەبەرچاو گرت و چاوەرێی نیازپاکی و مژدەبەخشین و چەژنانەیەکی گەورەی سیاسی قازانجبەخش بە گەلی کوردستیانیان لێدەکرد . بەڵام لەمەشدا بە جەخت کردنەوەی بارزانی لەسەر پەیامە کۆنە شکستخواردوەکەی پێشوی خۆی، وای نیشانداین کە بیری حزبایەتی و دیدی تایبەتی و تموحی شەخسی بەیەکجاری باڵی بەسەر بیروبۆچون و عەقڵیەت و روانینەکانیدا کێشاوە و، تاک لایەنانە و دوور لە بەرژەوەندی گشتی رەفتار دەکات.
ئەم جارەش بارزانی ئەوەی سەلماند کە بەخۆی؛ خۆی خزاندۆتە نێو ململانێ سیاسیەکانەوە، لە جیاتی ئەوەی دەکرا وەک مەرجەعیەتێکی نەتەوەیی نیشتمانی و مێژویی گرنگ خۆی بسەلماندایە و لە نا یاسایی هەنگاو نان و بە تۆپزەیی خۆ فەرزکردن خۆی بەدوور بگرتایە و، وەک بە زارەکی دەڵیت؛ بۆ بەرژەوەندی گشتی وەلانانی بەرژەوەندیەکانی ئەو ئاسان بوایە، کەچی دوور لە هەر عورف و یاسایەکی ئاینی و شارستانی، جگە لەمانەوەی بە زۆرەملێ لە پێگەی بەسەرچووی خۆی، ئێستاش مکورە لەسەر وابەستەیی و بۆچونە کۆنەکانی خۆی و، ئەوەی چاوەرێی شتی گەورەی لێدەکرد پەشیمان بووەوە.
دیسان بەخۆی وەک سەرکردەیەکی ئاسایی و تاکێکی حزبیی کوردستانی رەفتاری کرد و زەرەری لە پێگەی خۆیدا، بە خۆی ئاستی باوەربون و متمانە و مەرجەعیەتبونی گەیاندە پلەی زۆر نزم و، وا تائێستاش هیچ دەستپێشخەریەکی کردەیی لەدەست دەرنەچوو کە بە رێژەیەکی گەورە لەدەست ئەودا ماوەتەوە بۆ ئەوەی دەرچەیەک دروست بێت بۆ دەرچون لەم چەقبەستوییەی گەلی کوردستان تێی کەتووە ، کەچی ئەو مێشیش میوانی نەبوو لەم رۆژی جەژنەدا.
بۆیە چەژنانەی گەورە بە پیاوی گەورە دەکرێت و دەدرێت بە خەڵک و، کەسێک خۆی بە زۆری زۆردارەکی خۆی بخزێنێتە نێو ململانێ حزبی و شەخسیەکانەوە، بە هیچ کەسێک و بەوانی تریش، واتە بە نەیاران و دۆستانیشیەوە ناتوانن لە رەفتار و ململانێی بچوکەکانی وەدەری نێن .
بۆیە خەڵکیش تەنانەت لە چەژنانەی بچوکیش بێ ئومێد بوون و، تا وابروات مەعدەنی هەموو سەرکردە و کاربەدەستانی کوردستانی بە باشی بۆ هەموو لایەک دەردەکەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست