مێزی گفتوگۆ !
Tuesday, 05/07/2016, 18:29
وەکچۆن دو جار چوار، ئەکاتە هەشت، بەڵگەنەویستەو سەلماندنی ناوێ: ئەوەی کورد بە خوێن دەستیکەوتوە، لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەیدۆڕێنێ، ئەمەش بۆتە بەڵگەنەویست و سەلماندنی ناوێ. کەچی خڵتەوخەوشی چەپەکان بە پاشخانی ئامانجی دوریان: (توانەوەی هەمو نەتەوەکان لەیەک بۆتەدا)و ئیسلامیە سیاسییەکان: (تێکەڵکردنی هەمو دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەناو یەک خەلافەتدا) هەر ورتەورتی مێزی گفتوگۆیانە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان!. جگە لەو دو ئاڕاستەیە، هەڵگڕاوەکانی دوای راپەڕینیش لەترسی لەدەسنەدانی سامانە مۆڵەکانیان، هەمان بلوێر لێئەدەنەوەو سەربەخۆیی کوردستان لای ئەمانیش خەونی هۆنیارانە!. لەم زەلکاوەشدا ژمارەیەک فەریکە رۆشنبیر، بەچاولێکەری، توتی ئاسا، هەر غەڵدەغەڵدی مێزی گفتوگۆیانە!.مەبەستەکەش دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەوانە بەهەرجا، رۆژگار توڕیانئەدا.. ئێستا کوێرەوەرییەکە لەوەدایە، دەنکەدەنکەیەکیش لەوانەی جاروبار لەدەرگای سەربەخۆیی ئەدەن، یا وا خۆیان ئەنوێنن، بەتەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ، پارچەکانی کوردستان لەژێر چنگی عەرەب و تورک و فارس دەربێنن! ئەمەیە: یەکساڵە ئەیەوێ دوساڵە بخەڵەتێنێ!.ئەمە لەکاتێکدایە،کە ئەردۆگان هەمان خەڕەکی: (یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک خاک، یەک زمان) لێئەداتەوە. عەبادی دان بۆ یەکێتی و گۆڕان رۆ ئەکا بەمەبەستی بەپوازکردنیان!. ئێران هەڕەشەی خاپورکردنی کوردستان ئەکا! ئەسەد خۆی هەڵگرتوە بۆ دوای سەرکەوتنی لەو شەڕەی سوریەدا.. بۆیە روی دەمم ئەکەمە ئەویندارانی مێزی گفتوگۆ‌و ئەڵێم: وەک لەمەوپێشیش چەنجار وتومە، سەربەخۆییمان تەنیاوتەنیا لە لولەی چەکدایە. ئەو چەکەش نابێ بێدەنگبێ تا ئامانجەکە ئەپێکێ، بەڵێ بە دڵنیاییەوە هەر ئەیپێکێ و پێکاوێتی، بۆنمونە:شۆڕشی ڤێتنام 1956-1975 کە 2ملیۆن کوژراو‌و 3ملیۆن برینداری بەخشی بەرامبەر 57هەزار کوژراو‌و 150هەزار برینداری ئەمریکی و ئەنجام ئەمریکا لە17/یۆنیۆی/1975دا ملی کەچکرد.. شۆڕشی یەک ملیۆن شەهیدی جەزائیر 1954-1962 بەرامبەر زەبەلاحێکی وەک فەرەنسا کە لە 1830یەوە جەزائیری داگیرکردبو و دەیان نمونەیتر. کەواتە کە دەسدرایە چەک بۆ سەربەخۆیی، ئەبێ دانانەوەی نەبێ، بەوەش:
1-شۆڕشە چەکدارییەکە تابێ زیاتر پەرەئەسەنێ و فیداکارانی لێکۆئەبێتەوەو هەر شەهیدێک دەیان و سەدان جەنگاوەری لێئەکەوێتەوە.
2-داگیرکەر تابێ لەڕوی سەربازی و دەرونی و ئابورییەوە، لاوازئەبێ و دیاردەی بێزاری لای خەڵکەکەی دروستئەبێ، بەتایبەتیی دوای ئەوەی لاشەی کوژراوەکانیان بۆئەچێتەوە.
3- شۆڕشەکە پشتگیریی دەرەکیی زیاترئەبێ کەزانرا ئامانج سەربەخۆییە، بەپێچەوانەی نیمچە مافەکانەوە کە پرسە نەتەوەییەکە ئەکا بە کێشەی ناوخۆ‌و پشتگیریی دەرەکیی، یا نابێ، یا بۆ ماوەیەکی کاتی و مەبەستێکی تایبەتی، پشتگیرییەکی لاواز‌و لەناکاو دەسبەردان لێی وەک ئەوەی شۆڕشی ئەیلول.
راستە بەڕێگەیتریش دەوڵەت دروستبوە، وەک عیراق بۆبەرژەوەندیی ئنگلیز، جیابونەوەی چیک و سلۆڤاکیا بەڕێکەوتن .. هتد بەڵام ئەو هەلانە بۆکورد رێنەکەوتون.
هەر سەبارەت چەک،کاتی خۆی بەرپەرچی وتارێکی 13/12/2009ی رۆژنامەی بەڕێزی کوردستانی نوێم دایەوە.ئەویش بەسوپاسەوە، بڵاویکردەوە. جێی خۆیەتی لێرەدا هەندێکی دوبارە بکەمەوە:
وتاره‌که خه‌باتی چه‌کداریی کورد ده‌داته به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر له‌م رستانه‌دا:
1- نه‌ته‌وه داگیرکراوه‌کان به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له‌میتۆدی چه‌کداری، جگه‌له‌وه‌ی دۆخه‌که ئاڵۆزتردهکهن، ناتوانن به‌ده‌رئه‌نجامه به‌تایبه‌ت دیموکراتییه‌کانیان بگه‌ن.
2-خه‌باتی چه‌کداری بکوژی سه‌ره‌کی مه‌شروعیه‌ته.
3-کێشه‌ی کورد له‌هیچ کام له‌پارچه‌کانی کوردستان به‌چه‌ک چارهسهرنهبوهو نابێت.
4-دامه‌زراندنی په‌که‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵیه‌تی چه‌کداری هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
5-په‌که‌که به‌ته‌واوی واز له‌خه‌باتی چه‌کداری بێنێت و بێته‌وه ناوشار.
6-هه‌موو جه‌نگێک ئه‌گه‌ر به‌جه‌نگ وه‌ڵامبدرێته‌وه جه‌نگێکی گه‌وره‌تر به‌رهه‌مدێت
لەوەڵامدا: ئەم په‌ندو ئامۆژگارییانه، ئه‌گه‌ر بۆ وڵاتێکی وه‌ک سویسرا بوایه، ده‌مانوت ره‌نگه راستگۆیهتیهکیان تێدابێت، به‌ڵام بۆ هه‌رکام له‌و وڵاتانه‌ی پارچه‌یه‌کی کوردستانیان بنده‌ست کردوه، جگه له‌گه‌یاندنی زیان بەدۆزی کورد، به‌مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست، چیتر نین، ئه‌وانه واتای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌گه‌یه‌نن، کورد له‌هیچ رۆژ و بارێک‌دا له‌خۆشی چه‌ک په‌نای نه‌بردۆته به‌رچه‌ک، به‌ڵکو نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان ناچاریانکردوه چه‌کی به‌رگری هه‌ڵگرێت له‌پێناوی بون و مانه‌وه‌یدا، ئه‌و داگیرکه‌رانه وه‌ڵامی که‌مترین داوای ره‌وای کوردیان بهکوشندهترین چه‌ک داوه‌ته‌وه، هه‌ندێ جار به‌بێ هیچ داواکارییه‌ک و به‌بێ هیچ بهگژداچونێکیش! میرنشینییه کوردییه‌کان ههڵیاننهکوتابوه سه‌ر تورک و فارس، پهرزگهکانی زه‌رده‌شتیان به‌چه‌که‌وه په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وییان نه‌دابو، کۆماری کوردستان له‌مه‌هاباد له‌خودموختاری زیاتری بۆخۆی دیارینهکردبو، قازی محه‌مه‌د به‌په‌یامی ئاشتییه‌وه چوه ده‌رباری شا، سه‌دو هه‌شتا هه‌زار خه‌ڵکی گه‌رمیان له‌هه‌مو جۆره چه‌کێک داماڵراوبون، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ساروخی زه‌مین- ئاسمانیان دانهبهستبو. ئه‌وانه هه‌مویان به چ چاره‌نووسێک گه‌یشتن؟!
سه‌رزه‌نشتکردنی ده‌ته‌په به‌وه‌ی ئامانجه سیاسییه‌کانی، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌کانی حکومه‌تی تورکیادا هه‌یه، قسه‌یه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه! ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجانه وه‌ک یه‌کبن، ئیتر بونی ده‌ته‌په یان هه‌ر پارتێکی تر زیاده نابێ؟ یا وه‌ک پارته کارتۆنییه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس نابێت؟ داخستنی ده‌ته‌په له‌به‌رئه‌وه‌نییه که‌خۆی به‌باڵی سیاسی په‌که‌که ده‌زانێ که ئه‌وه‌ش هه‌ر قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تورک و به‌کرێگیراوه‌کانیه‌تی، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌یه که ده‌ته‌په جه‌ماوه‌رێکی کوردی زۆری لێکۆبوهوهو بوبو به‌خاوه‌نی 21 کورسی په‌رله‌مان و 98 شاره‌وانی، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌یه که هیچ به‌رامبه‌ر (موخاته‌ب)ێک نه‌مێنێ تا چه‌ندوچون له‌سه‌ر به‌ناو(کرانه‌وه‌کانی) ده‌سه‌ڵاتدا بکات، ئه‌مه یه‌که‌م پارتی کوردیی بێ چه‌کیش نییه که‌ده‌سه‌ڵاتی تورک دایده‌خات، پێشتر هه‌ر پارتێکی سه‌ر به‌کورد تۆزێ گۆشتی گرتبێت تورکیا دایخستوه.(( ئێستا تورکیا هەمان گێچەڵ بە هەدەپە ئەکا!))
ئامانجی نه‌ته‌وه داگیرکراوه‌کان، گه‌یشتن به‌دیموکراتی نییه وه‌ک له‌و نوسینه‌دا هاتوه، ئامانج رزگارییه، رزگاریش به‌سه‌ربه‌خۆیی دهستهبهردهبێ، دیموکراتی له‌ناو نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا، یان هه‌ر بونی نابێ، یان ئه‌گه‌ر بونیشی هه‌بو ئه‌وا ئه‌و دیموکراتییه ته‌نیا بۆخۆیان ده‌بێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی تورکیا. هیچ هاوکێشه‌یه‌ک له‌نێوان دیموکراتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و رزگاریی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستدا نییه، گومان له‌وه‌دانییه که چه‌مک و قه‌باره‌ی دیموکراتی له‌تورکیادا زیاتره له هی ئێران و عیراق و سوریا، ئه‌ی بۆچی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد، تاراده‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی زمانه‌که‌شی، له‌تورکیادا زیاتره له‌و سێ دهوڵهتهیتر؟ خۆئه‌گه‌ر ئه‌وه خه‌تای چه‌که‌کانی پهکهکهبێ، به‌پێی چه‌مکی وتاره‌که‌ی کوردستانی نوێ، ئه‌وا لهبیستهکانهوه تا هه‌شتاکانی چه‌رخی بیسته‌م، نه په‌که‌که‌و نه هیچ پارتێکی چه‌کداری کوردی نه‌بو، ئه‌ی بۆچی که‌مترین مافی کورد بهدیموکراتییهکهی تورکیا دهستهبهرنهبو؟ ئێستا له‌عیراقی له‌ڕو لاوازدا جۆرێک دیموکراتی هه‌یه، ئه‌ی بۆچی به‌نیوه‌ی باشووری کوردستان ده‌وترێ ناوچه‌ی ناکۆکی له‌سه‌ر؟ ته‌نانه‌ت به‌ماده‌ی 140 رازینابن که ئه‌و ماده‌یه قوماره به‌و ناوچانه‌وه‌و گه‌لێکی هۆشیار قومار به‌نیشتمانی خۆیه‌وه ناکا، مه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته ئه‌قڵانی و دیموکراتیخوازه‌که‌ی ئێمه!! راستییه‌که‌ی ئه‌و ماده‌ی سه‌دوچله، یان هه‌ر جێبه‌جێ ناکرێ، یا رۆژێک جێبه‌جێ ئه‌کرێ که لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌هه‌لێکدا دو جۆکه‌ر بێنێ و بردنه‌وه‌ی قوماره‌که مسۆگه‌ربکا! ئه‌وسا ئیتر مه‌گه‌ر هه‌ر بڵێین: به‌ده‌ستی خۆمان چیمان بهخۆمانکرد.
خه‌باتی چه‌کداری بکوژی مه‌شروعیه‌ت نییه، راسته چه‌ک دیارده‌یه‌کی دڕندانه‌ی مرۆڤه‌و زیانی گه‌وره ده‌به‌خشێ به‌مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا بۆ خه‌باتی چه‌کداری نییه، کاتێک مافێک زه‌وت ده‌کرێت، به‌مافه نهتهوهییهکانیشهوهو هه‌مو رێگه‌کانی شارستانی ئه‌و مافه ناگێڕێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌که‌ی، چه‌ک ئه‌و ره‌وایه‌تییه ده‌پارێزێ و ده‌یگێڕێته‌وه، بڕیاری دادگاکان، بۆنمونه، به‌ته‌نیا ره‌وایه‌تی دابینناکا، دوای ئه‌و بریارانه، هێزی چه‌کداری پۆلیس ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێده‌کا، واتا چه‌ک ره‌وایه‌تی ده‌پارێزێ، نه‌ته‌وه داگیرکراوو مافخوراوهکانیش که له‌هه‌مو رێگه شارستانییه‌کان نائومێدده‌بن، وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد، ئه‌وسا ته‌نیا چه‌ک ئه‌مێنێته‌وه بۆ دابینکردنی مافه‌کانیان، واتا ئه‌وسا ته‌نیا خه‌باتی چه‌کداری پارێزه‌ری مه‌شروعیه‌ت ئه‌بێ، ئا لێره‌وه ئه‌و نوسینه‌ی کوردستانی نوێ که خه‌باتی چه‌کداری به‌نه‌ته‌وه داگیرکراوو سته‌ملێکراوه‌که‌مان ره‌وانابینێ، ده‌بێته گومڕاکردن!! دیسان هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه دامه‌زراندنی په‌که‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵیه‌تی چه‌کداری، پێویستییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و ههنگاوێکی دروستبوه.((ئەگەر پەکەکە ئامانجەکەی بە سەربەخۆیی ئاشکراکردایە، پشتگیرییەکی دەرەکیی زۆری ئەبو)).
کێشه‌ی کورد که له‌هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستاندا به‌چه‌ک چارهسهرنهبوه، هۆکه‌ی ناڕه‌وایه‌تی خه‌باتی چه‌کداری نه‌بوه، به‌ڵکو هۆکه‌ی ئه‌وه‌بوه که چه‌کی کورد هاوسان و هاوتا نه‌بوه به‌رامبه‌ر چه‌کی داگیرکه‌رانی کوردستان، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی پێچه‌وانه (مه‌فهومی موخالیف)ی ئه‌و قسه‌یه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که کێشه‌کانی کورد به‌بێ چه‌ک چارهسهردهبون، ئه‌ی له‌و هه‌مو ساڵانه‌ی خه‌باتی بێچه‌کدا بۆچی کێشه‌کانی کورد چارهسهرنهبون؟ ئینجا خه‌باتی چه‌کداری کورد، ئه‌گه‌رچی تا ئه‌مرۆ هه‌مو کێشه‌کانی چارهسهرنهکردوه، به‌ڵام کوردی له‌تواندنه‌وه‌و نه‌هێشتن رزگارکردوه، گه‌لێ سوودیشی گه‌یاندوه، ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه چه‌کداره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌بونایه، به‌رگ و زمانی کوردی له‌وانیش قه‌ده‌غه‌ده‌کرا، شۆرشه‌کانی شێخ مهحمودو به‌رزان و ئه‌یلول و نوێ نه‌بونایه، به‌یانی یازده‌ی ئازار‌و حوکمهزاتیهکهی به‌عس (به‌هه‌مو خه‌وشه‌کانییه‌وه)و هه‌رێمی نه‌فرین و قه‌واره‌که‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان به‌خه‌ویش نه‌ده‌بینران، بزوتنه‌وه چه‌کداره‌که‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان، گیانی کرده‌وه به به‌ری کوردی باکورداو له‌یه‌کێتی ئه‌وروپای گه‌یاند که له‌تورکیادا نه‌ته‌وه‌یه‌کی تریش هه‌یه‌و مافی ئه‌خورێت و ئه‌ویش مافی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌و مافی مرۆڤی کرد به مه‌رج بۆ وه‌رگرتنی تورکیا له‌یه‌کێتی ئه‌وروپاداو دوایی ئوزاڵهکان و ئه‌ردۆگانه‌کانی ناچارکرد دان به‌بونی کوردا بنێن، به‌گشتیش ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه چه‌کداره‌کانی کورد نه‌بونایه، ناوی کورد وه‌ک ناوی ئه‌که‌دییه‌کان مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌لاپه‌ره‌کانی مێژودا ببینرایه!
له‌راستیدا، له‌و رۆژه‌وه مرۆڤ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی که‌وتۆته سه‌رپێ، ههرچهک ئامرازی هێزو دهسهڵاتبوه، چ به‌رامبه‌ر گیانداره درنده‌کان، چ به‌رامبه‌ر یه‌کدیش، که‌سیش نازانێ له‌هه‌گبه‌ی ئاینده‌دا چی ده‌بێ، ئه‌مرۆ که ئه‌مریکا که‌ڵه‌گای دنیایه، له‌به‌رئه‌وه‌نییه ئه‌مریکاییه‌کان چاویان شین و قژیان زه‌رده، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌یه کاریگه‌رترین چه‌کیان هه‌یه، نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کورد، بۆیه تائێستا هه‌ر به‌سه‌ر ده‌سته‌یه‌تی ماونه‌ته‌وه، چونکه چه‌که‌کانیان له‌هی کورد کاریگه‌رتره، ئا له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌یه که نوسه‌ری ئه‌م وتاره، له‌چه‌ندین نوسین و بۆنه‌دا داوای خۆپرچهککردنی حکومه‌تی هه‌رێمی کردوه لهسوپایهکی یه‌کگرتوی پرمهشقدا، ئه‌م داخوازییه ئه‌گه‌ر پێشتر له‌توانادا نه‌بوبێ، ئێستا (مەبەست 2009یە) دوای میزانیهیهکی ده ملیار دۆلاری که شان له‌شانی میزانییهکانی هه‌رکام لهسوریهو ئه‌رده‌ن و لوبنان ده‌دات، ئه‌وه‌ی تیاده‌بێ، جگه‌له‌وه، خه‌و بینین به به‌ڵێنه‌کانی ئه‌مریکاوه، یان گۆرانی هه‌ڵدان به‌باڵای دیموکراتی و ده‌ستورو هاوپه‌یمانی و ته‌وافوقدا، نامانپارێزێ له‌و گه‌رده‌لوله‌ی نازانین له چ کاتێکدا هه‌ڵده‌کا!
به‌پێی ئه‌و نوسینه‌ی کوردستانی نوێ (په‌که‌که واز له‌چه‌ک بێنێ و بێته‌وه شار) مه‌به‌ست له‌کام شاره؟ شاره‌کانی سوید‌و نه‌رویج؟ یا شاره‌کانی تورکیا؟ ره‌وانتر، بۆ ژێر چه‌قۆکانی قه‌ساب!
له‌راستیدا کێشه‌کانی کورد له‌هه‌مو پارچه‌کانی کوردستاندا، یه‌ک کێشه‌یه، ئه‌ویش کێشه‌ی رزگاری له‌ژێرده‌ستی و کۆیلایه‌تی، ئه‌رکی هه‌ر لایه‌نێکی کوردییه هاوکاریی و پشتگیری لایه‌نه کوردییهکانیتر بکا، به‌ئاشکرا یا به‌نهێنی، نه‌ک سارکردنه‌وه‌و سڕکردنیان، یا ته‌نیا هه‌ڵوێستی سه‌یرکه‌ر وه‌رگرن، ئه‌فسه‌ری روسی P.Awandanow لهکتێبـی شه‌ره‌کانی نێوان تورکیا‌و ئێران و روسیا له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ئه‌ڵێ: (له‌شه‌ڕی نێوان ئێمه‌و هه‌ر تیره‌یه‌کی کوردا، تیره‌کانی دی تهماشاچیبون! تا نۆره ده‌گه‌یشته سه‌ر ئه‌وانیش، هیچ بیریان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه به‌هانای هاوڕهگهزکانیانهوه بچن! هه‌تا هه‌ندێجار له‌رقی یه‌کدی یارمه‌تی ئێمه‌شیان ده‌دا!). ئێستا دوای دو سه‌ده، نوسه‌ره‌که‌ی کوردستانی نوێ، نه‌ک هه‌ر خۆی بهدوردهگرێ لهبههاناچونهوه، به‌ڵکو ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ش له‌پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی ده‌گرێ که هاوسۆزه له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان! ئه‌م هاوسۆزییه‌ش به دژیەک (پارادوکس)ی چه‌ک و سیاسه‌ت ئه‌ژمارده‌کات له‌کاتێکدا که چه‌ک و سیاسه‌ت ته‌واوکه‌ری یه‌کن نه‌ک دژییه‌ک.
ئه‌و قسه‌یه چ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی تێدایه که ده‌ڵێ: (هه‌مو جه‌نگێک ئه‌گه‌ر به جه‌نگ وه‌ڵامبدرێته‌وه جه‌نگێکی گه‌وره‌تر به‌رهه‌مدێنێت)؟ ئاخۆ ده‌بێ وه‌ڵامی جه‌نگ به‌چی بدرێته‌وه؟! خۆجهنگ شه‌پازله ئاڕاسته‌کراوه‌که‌ی روی عیسانییه که ئه‌گه‌ر به‌ر ئه‌ملای که‌وت، ئه‌ولاشی بۆ ئاماده‌کات و به‌وه ئاو به‌ئاگردا بکرێ، مرۆڤیش وه‌ک شینه شاهۆ نییه به‌رامبه‌ر چه‌کی راوچی ملی خۆی بکا به‌ژێر باڵیدا، راسته ئه‌مریکاو لایه‌نه‌کانیتر تائێستا ده‌رئه‌نجامه نه‌رێتییه‌کانی ئه‌و جه‌نگانه ده‌درونه‌وه که ئه‌نجامیانداوه، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی جه‌نگی ئه‌ڵمانیان به‌جه‌نگ نه‌دایه‌ته‌وه، تائێستاش له‌ژێر پۆستاڵی نازێتیدا نه‌یانده‌ناڵاند؟ ئه‌گه‌ر جه‌نگی عیراق و ئه‌فغانیان نه‌کردایه چه‌ندین یازده‌ی سێپته‌مبه‌ری دی دوباره نه‌ده‌بونه‌وه؟
-------------------------------------------------------------
*:بۆ بینینی درێژەی ئەم وەڵامە، بڕوانە: ماڵپەڕی کامیل ژیر لە سایتی بەڕێزی ئەمڕۆ.
http://www.emrro.com/malperikamil.htm
**:وەبیرهێنانەوەی ئەم وەڵامەمان بەپێویست زانی وەک بەڵگەیەکی کردەیی سەلمێنەر بۆگرنگیی چەک. بڕوانن ئەگەر چەکمان نەبوایە، ئێستا چارەنوسمان بەدەس داعشەوە چیئەبو!؟ پەڕوباڵی ئەو برای نوسەرەش لەسەر چ مێزێکی گفتوگۆ ئەبو!؟
***لەم رۆژانەدا حدکا دەستیداوەتە بزوتنەوەیەکی چەکداری لە رۆژهەڵاتدا، با ئامانجەکەی ئاشکرابکا. ئەگەر بۆ سەربەخۆییە،پیرۆزەو ئەبێ تا بەئامانجگەیشتن بەردەوامبێ و خوێنی شەهیدەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ نەدۆڕێنێ!. ئەگەر نا، ئەوە دەستێکی دەرەکییە ئەیجوڵێنێ بۆ مەبەستێکی خۆی!! باشتروایە ئەو شەڕە ، بە وەکالەت، نەکاو رۆڵەی کوردی بۆبەکوشت نەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست