چیرۆکی ڕاووچیەکی دۆڕاو
Tuesday, 05/07/2016, 1:18
ئەم ساڵ ئەبێ ئەو دەریایە تاقی بکەمەوە کەچەندین ساڵە ڕاوم تیانەکردوە. خەڵکی کەمیشی بەسەرەوەیەو ڕەنگە لەمەشدا ماسی زۆر نەگرم،بەڵام قەیناکە هەرچۆنێك بێ خۆمی لێ ئەدەم.ماسی گرەکە هەر لەگەڵ گزنگی بەرە بەیاندا خۆی و بەلەمەکەی بەرەو دەریاکە بەڕێ ئەکەون بەو هیوایەی ئەم یەکەم کەس بێ لەم وەرزەدا باشترین و زۆرترین ماسی ،بگرێت. ئەو لەمێژ بوو خەونی بەو ڕۆژەوە ئەبینی و چەندین پلانی بۆ دانابوو. لەنێو شەپۆلە هێواشەکانی بەلەمەکە و هاشوو هۆشی ئاوەکە ،خەونەکانی زیاتر و زووتر نزیکتر ئەبوونەوەو گەلێ بەجۆش و خرۆشەوە ئەیوویست زوو بگاتە چەقی دەریاکەو تۆڕەکەی فڕی بداتە ناوی .
هەر بەگەیشتنی بۆ ئەوێ و فڕێدانی تۆڕە گەورەکە،بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر ماسی دەست بکەوێ،ناوی خوای لێناو ووتی،دەی خوایە لەمن جووڵەو لەتۆ برووڵە(بەرەکەت).هەر ئەوەندەی تۆڕەکە گەیشتە قووڵایی و ئەوەندەی تری نەبرد تا تۆڕەکە پڕو پر بوو لەماسی و کابرای ڕاووچی هەر زوو ماسیەکانی دەرهێناو ئەو چەند تەنەکەیەی بۆ مەبەستی کۆکردنەوەیان تەرخانی کردبوون،پڕبوون. ڕاووچی نەیئەزانی لەخۆشیدا چی بکا،هەر بۆیە وەك شێت لەجیاتی ناوی خوا،ئەم جارە کەوتە گۆرانی و جۆرێك لە وڕێنەکردن و قسەی بێ سەروبەرە کەخۆشی نەی ئەزانی چی ئەڵێ و چی ناڵێ. بەڵێ،ژمارەی ماسیەکان ئەوەندە زۆربوون لەو کاتە کەمەدا نەك هەر تەنەکەکان پڕ بوون،بەڵکە شوێنێك نەما لەناو بەلەمەکە ماسی تەپ و تلی تیانەکەن،تا وای لێهات بەناچاری وازی لەماسی گرتن هێناو چی تر نەیتوانی درێژە بە ڕاوەکە بێنێ،لەبەرئەوەی لەنگەری بەلەمەکەی بەهۆی قورسی بارەکەیەوە ڕووەو نشێوی دەرکەوت لەوە ترسا بەخۆی ماسیەکانەوە نقوم ببن.پێش ئەوەی بەرەو کەنار بگەڕێتەوە بەتەواوی واز لە ڕاوی ئەو بەیانیە بهێنێ ،هەڵوەستەیەکی کرد؛ من خەونەکانم تەنها بەو شێوەیە دێتە دی کە زۆرترین ماسی بگرم پێش ئەوەی ماسی گرەکانی تر بێن بۆ ئێرە،گەر من لێرە بڕۆم ئەوا ماسیەکانی تر دەست خەڵکانی تر ئەکەون و ڕەنگە هیچی تیا نەمێنێ بۆ جارێکی تر.ئەمەو زۆرترین خەون و خەیاڵی نەرێنی لای خۆی دروست کرد و نەی ئەزانی بڕیاری کۆتایی بدا. دواجار لەکاتی گەڕانەوە بۆ سەر ووشکانی لەپڕدا تووشی کارەساتێك ئەبێ کە هەموو ماسیەکانی بەهۆی شەپۆلی دەریاکەوە بەلەمەکەی هەڵئەگەڕێنێتەوەو بە دەستی بەتاڵ ئەگەڕێتەوە.
ئەردۆگان لەکاتێکی زۆر خێرا و چاوەڕوان نەکراو توانی ئەستێرەی بەختی بدرەوشێنێتەوە تاکار گەیشتە ئەوەی نەوتی کوردستانی باشوور لەڕاێگای بنەماڵەی بارزانیەوە قۆرخ بکا و دەست وەربداتە کارووباری دراوسێکانی و خۆی لەئیسرائیل گیڤ بکاتەوەو ڕۆڵی سەرەکی ببینێ لە دروست کردنی ئیخوان موسلمینی میسرو داعشی سعودیەو قەتەرو ئیمارات . ئەم کابرایە وویستی خۆی وەك سوڵتانێکی نوێی عوسمانی لەکۆشکی جەنقایەی هەزاری ژووری لەژێر ناوی ئیسلامدا خۆی بسەپێنێ و کلکی وا بەرز کردەوە تا کار گەیشتە ئەوەی فڕۆکەی ڕوسی بخاتە خوارەوە.
ئەردۆگان خەونەکانی وەك هەڵم دیار نەمان و لەشوێنیان شکست و نووشتی نۆشی. ئەوەتا،داوای لێبووردنی لەهەریەك لە ئیسرائیل و روسیا کرد و بەمەرجەکانی ئەوان ڕازیە. ئەو بەتامایە بەم یاریە کێ هەڵخەڵەتێنێ. باباش بزانێ هیچ لەو سەر شۆڕیەی ئەردۆگان نابێتە مایەی قازانج و سوود بۆی. تازە ڕوسیا و ئەمریکا ناتوانن پشت بکەنە کورد و هەر ئەمڕۆ دەستووری دیموکراتیان پەسەند کرد و گەڕانەوە نەماوە بۆ دۆخی جاران.ئەردۆگان و داعشەکەی ڕۆژ دوای ڕۆژ جگە لەدۆڕاندن و هەڵدێر ناتوانن بگەنەوە کەنار.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست