کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموو ساڵێک مانگێک ئەمە حاڵمان بێت؟

Wednesday, 29/06/2016, 17:48


لە گفتوگۆیەکدا باس لە مانگی رەمەزان و ئەو مافە پارێزراو و پێشێلکراوەانە کرا، کە لە رووی سیاسی و فیکری و یاسایی و مافی تاک و کۆ و زەرەری ئابووری و سەلبیاتەکانی دابو نەریت و چۆنێتی چارەسەری کوردانە کرا کە وەزعی نالەباری مانگی رەمەزان و سروتەکانی هۆکارەکەین و بەهەڵە تەماشاکردنی و  پێشێکردن و مافخواردنی خەڵکی تری نەخۆش و هەژار و کەم دەرامەت و خاوەن بیرو باوەری تر کە لەم مانگەدا بە زەقی دژایەتی دەکرێت و نەوە دوای نەوە تاڵاوەکەی دەچێژێت و، خودپارێزی وای کردووە کەس خۆی لەقەرەی نەدات و فشار و هەژمونی ئاینی و سزاکان وای لە زۆرێک لە خەڵکەکە کردووە خۆی لە چارەسەری ئاوها وەزعێک نەدات، کە لە بارێکی گشتیدایە و دابونەریتی ماوەیی هەڵە و زاڵبونی رەفتار و کرداری هاوردەکراو و لایەنە سەلبیەکانی بە زۆردارەکی فەرز کراوە . 
هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە چیە؟ دوور لە باری سیاسی و ئەم وەزعەی کە لایەنەکان ئیستغلالی دەکەن و ململانێی زۆریەنەی رەهای حزبەکان وای کردووە؛ لە گەران بۆ چارەسەری بارە سەلبیەکانی رەمەزان بەشدار نەبن و پشت گوێی بخەن و  وەک وڵاتانی تری غەیرە عەرەب نەجوڵێنەوە و تەنانەت بیریشی لێنەکەنەوە  .
قەدەغەکردنی خواردنی ئاشکرا و لەبەرکردنی جلی تایبەت و سەرپۆش وەک فەرزی عەینی لێهاتووە و بە دەگمەن نەبێت کەسێک نابینیت بە ئازادی بخوات و لەبەر بکات و، هەر یاسا پەیرەکراوەکان کە بێلایەنیان تێدا نیە و لە پاڵ دابونەریت و باری رۆشنبیری و سایکۆلۆجی خەڵکی عەوام ئەمەیان فەرز کردووە و خۆیان لە جێگای خودا داناوە بۆ لێپرسینەوە لە خەڵک و، حساب و کتابیان هێناوەتە ئەم دونیاوە .
ناشێت هەموو کەموکورتیەک بخرێتە سەر باری گشتی لە رووی رۆشنبیری و دابورنەریت و روودانی گۆرانکاری و دیارینەکردنی کاتی پێویست بە پەرینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ ئەویتر، ئەگەر بە خۆت رێگریت دانابێت لەسەر گۆران و پێشکەوتنخوازی و بەربەست خستنە بەردەم دابونەریتی سەلبی و خۆ لەقەرەنەدانی تەنانەت باسکرنی بابەتێک کە پەیوەستە بە باری گشتی خەڵکەوە . ئەو هۆکارانەش بریتین لە:
1-هەبونی یاسایەک کە پشتی لایەنێکی بابەتەکە بگرێت و دژ بەویتر بێت و پەیرەو بکرێت، ئەمە جگە لە دابونەریتە فەرز کراوەکە و هاوردەکانی بۆچونەکانی خەڵکی دورگەی عەرەبی کە بە بۆماوەیی ماوەتەوە و، بە پیرۆزکردنی لە پێناو ترساندنی خەڵک و نزیک نەبونەوە لە رەخنە و رونکردنەوەی رێگەی راستتر، هیچی تر نیە .
2- ئەوەی دیارە هەمیشە بە رۆژوانان دەستدەخەنە نێو کاروباری ئەوانیترەوە  وفشاریان دەخەنە سەر و بە هیچ شێوەیەک پێچەوانەکەی نەبووە و، ئەمەش رێگەی بۆ ئەوی رۆژوان خۆش کردووە لە پێگەیەکی باڵاوە رەفتار بکات و خۆی بە راستتر بزانێت و ئەویتر بە هەڵە و کافر و بە خوارتر سەیر بکات .
3- ئاین بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن حزب و لایەنەکانەوە بە ئامرازێک بەکار دەهێنرێت لە پێناو کۆکردنەوەی جەماوەر، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی ئەوەی ئەم نەریتە ساڵانەیە ببێتە سیستمێکی گشتی و لە مافێکی تاکە کەسی دەربچێت و رێگە لە تاک بگرێت بە شێوەیەکی راستەخۆ بێت یان نا راستەخۆ پیادەی پێچەوانەکەی بکات ئەگەر رااستتریش بێت، کەچی مێژووی رەسەنی کوردی کاری لەم بابەتەی راستتر و زانستی تر و قازانج بەخشتری تێدایە و بە هۆی نەریت و ئاینە هاوردەکانەوە سراوەتەوە، یان هیچ نەبێت، ناهێڵێت ئەڵتەرناتیڤێکی رەسەن و زانستی و قازانجبەخشی گشتی بێتە ئاراوە .
4- تەماشاکردنی نا رۆژوان بە دوژمن .  نەبونی پەروەردەیەکی راست لەسەر ئەم بابەتە لە نێو کۆمەڵگەدا، ئەمەش دەکرێت وەک نیشانەی دواکەوتویی سیستمی پەروەردەیی دیاری بکرێت، کە ئاسۆیەکی روونی لەم بارەوە تێدا نیە و رێگەیەکی نەگرتۆتەبەر بۆ راستکردنەوەی دابو نەریتە هەڵەکان .
5- بونی عەقڵیەتێکی زاڵ کە فەزای عەلمانیەت و ئازادی تاک لە دەوڵەتی مۆدێرن قبوڵ ناکات .
بەڵام چارەسەرەکان، دەشێت بە هێوری و لە سەرجەم لایەنێکیەوە بکرێت، بێ ئەوەی هەست و نەستی هیچ کەسێک برۆشێنرێت و، بە هەنگاوی زانستی و بەشداری هەمووان دەست پێبکرێت  :
1-رۆڵی حکومەت و سیستمەکە و یاسا پەیرەوکراوەکان و پێویستبون بە گۆرین .
2- بەشداری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری بە شێوەیەکی راستەخۆ و کاریگەر بۆ راست کردنەوەی هەنگاوە هەڵە چەسپیوەکان و نەهێشتنی ترس و تۆقاندن.
3- رۆڵگێرانی رۆشنبیران و نەهێشتنی ترس و گێرانی کۆر و کۆبونەوە و وروژاندنی رای گشتی بە کارێک کە تا ئێستا بڤەیە و کەس خۆی لەقەرەی نادات .
4- سنوردانان بۆ نەهێشتنی تەدەخولی خەڵکی عەوام لە ژیانی ئویتر و فشار کردن و نەهێشتنی هەژمونی دابونەریتە بۆماوەییە هاوردەکراوە باوەکان لەسەر خەڵک بە گشتی .
بۆیە ئەگەر باری سیاسی و رۆشنبیری کوردستان رێگەی گرتبێت تا ئێستا جموجۆڵ لەم بارەوە بکرێت، بەڵام کەمتەرخەمی و گوێنەدانی رۆشنبیران و لاڵ بونی وەزارەتە پەیوەندیدارە کاریگەرەکان هیچ بەهانەیەکی نیە . بەهیوام ئەم بارە نالەبارە بە جێگیری نەمێتێەوەو گۆمەکە بشڵەژێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە