ئێوە هیچتان کەری ئەم بارەی کورد نیین...
Monday, 27/06/2016, 20:37
لێم گەڕێن با سلێمانییانە قسەیەک بکەم لەگەڵتان: هەموو گوناهەکە لە بنەماڵەی بارزانیدا کۆمەکەنەوە، کە ئێوە هیچتان کەری ئەم بارەی کورد نیین...
داوای لێبوردن لەهەموولایەک دەکەم کە نووسینەکەم بەوسەرنێوە دەستپێکردووە: (کەری ئەم بارە) . ئەمە قسەیەکی نەستەقی کوردییە کە بەزۆریی لە سلێمانی بەکاردێ و، مەبەستیشم سووکایەتییکردن نییە بەکەستان وەک کەس ، بەلکو دەمەوێ لێنەوەشاوەییی ئێوەی کاربەدەستانی هەرێم بخەمەبەرچاو کە بە ئەزموونی چارەکەچەرخێک لەبەڕێوەبەرییتان بۆ سێ ستان کە ١٣ سالی دوایی بەسەربەخۆییەکی تەواو ، ئەگەرچی بە رێسمیی دانپێدانەنراو، دەسەلاتی فەرماندارییتان بەسەر ئەم سێستاتە و پتر لەم شێستانەش هەبوو وهەیە، کەچی رۆژی کورد گەیشتووەبەم رۆژەرەشەی کە هەمووتان بەچاوی خۆتان دەیبینن و مێش میوانتان نابێ. لێرەدا نە مەبەستم ئەوەیە لەسەر هیچ لایەنێکی تایبەتییتان بکەمەوە و، نەنیازی ئەوەشم هەیە پەلاماری هیچ لایەنێکی تایبەتییتان بدەم ، بەلکو دەمەوێ بێژم ئەم بارودۆخەی کە کورد لەژێریدا دەناڵێنێ و، ئەگەر هەروا بڕوا ، ئەوا دوارۆژێکی تاریک و نووتەکتر لە رۆژانی پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ چاوەڕێی رەشورووتی کورد دەکا ، کە گوناهەکەی هەر بە ئەستۆی تاکە کەسێک و تاکە بنەمالەیەکتان نییە، بەلکو بەئەستۆی هەمووتان و گشت بنەمەلەکانتان و تەواوی دەستڕۆیشتووانی هیزبی و ناهیزبی و چەپڵەبۆلێدەرانتانە . لەبەر ئەوە تکایە کەستان خۆی نەکا بە کۆتری ئاشتیی و بێگوناه و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرنەچێ ، بەلکو هەر مرۆڤێک ئەگەر ویژدانی سەگ نەیخواردبێ ، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ دان بە هەڵە و ناتەواویی و خراپەکاریی و نالەباریی خۆیدا بنێ و ، جێ ورێ چۆلکا بۆ کەسانێک کە ئەو کارەیان لەدەست دێ کە ئەو لەدەستی نەهاتووە . ئەم داننانەش ئەگەر لەدڵەوە هەڵقوڵابێ ، ناک هەر شەرم و شوورەیی نییە بەلکو سەربەرزییشە. دلنیابن مرۆڤی برسیی کورسیی کاری رامیاریی پێناکرێ . سەرتان لێتێکنەچێ ، درۆکردن و گزییوفزیی و ماستاوکردن و پێداهەلدانی نەڕەوا دیپلۆماسێتیی نیین . خۆهەڵکێشان و فشەکردن مانای بردنەوەی شەڕ نییە. ژندوژمنیی نیشانەی پیاوەتیی نییە. دلخۆشکردن بە تێکڕژانی دووداگیرکەر ، یان دوو ملهوڕ و پشتگیریی یەکێکیان دژیی ئەوی دییان ،ژیرەکیی وفێڵزانیی نییە ، بەلکو ئەوپەڕی سەرلێدەرنەچوون و نەزانییە. شەڕەزرتانێی هیزبهیزبێنە و سووکایەتییکردن بەیەکدیی و پەروەردەکردنی دەستوپێوەندان ومووچەوەرگران بە دوژمنایەیی یەکدیی کارزانی ولێزانیی نییە ، بەلکو ئەوپەڕی گەوجیی و لەگامیی و گەلۆرییە.رماندن وکاولکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و هەڵچنینی کۆشکی هەشت نۆ نهۆمی بۆ سووتی بازرگانە تازەپیاکەوتووەکانتان ، بە لاساییکردنەوەی شێخەکانی بیابان ، خزمەتی فەرهەنگی شارستانێتیی کورد نییە ، بەلکو فەرهەنکوژییە. بەختکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ میوانداریی سترانبێژانی بییانی و پشتکردنە هونەرمەندانی کورد ، کارێکی قێزەوەنە.
ئەو بارودۆخەی کە ئەوڕۆ لە رۆژهالاتی ناڤین و ئەورووپا و ئەمریکا و رووسیا و گەلێک شوێنانی ئەم جیهانە هاتوەتە پێشەوە ، هەلومەرجێکی تاکهەلکەوتووەی وای هێناوەتە کایە کە نەک هەر گەلانی بندەست بەلکو گەلانی دەستڕۆیشتووش بەدوای ناسێنە ( ئایدێنتیتیی) و سەربەخۆیی تەواوەتیی خۆیاندا دەگەڕێن و ، یەکپارچەیی خاک و نەبەزاندنی سنووری دەولەتەکان کە جاران پیرۆز و نەتەکیین (مصون) بوون ، ئێستە بوونەتە گالتەی دەستی زۆرداران و و ئەوانەی لەشکری بەهێزیان هەیە . گورزی وەشێنراوی پێشمەرگە و شەڕڤانانی کورد بووە بە ویردی زمانی رامیاران و میدیاکاران لە ئەمریکا و ئەورووپا و رووسیا و شوێنانی دیی، بەلام ئێوە هەر بە مێشکی شاخ و کۆنە رک و کیینی شەست سال لەمەوبەر بییردەکەنەوە . سەرکەوتنی خۆتان لە پاراستنی کورسییەکانتان و ژێرکەوتنی دژبەرە هاوولاتییەکەتاندا دەبینن ، نەک لە پاراستنی خاک و ئاسایشی نەتەوەیی و رێزگرتن لە مافی هەژاران و بەشخوراوانی کوردستاندا
بەڕاستیی بەسە ئێدی ، واز بێنن ، واز بێنن ، واز بێنن لەدەسەلات
ئەگەر دەتانەوێ مێژوو بە باشیی نێوتان تۆمار باکا و چاوێک لە رابوردووتان بپۆشی ، پێویستە تا زووە واز بێنن لەدەسەلات و ، دەسەلاتەکەتان بە تەواوەتیی و بێکەموکورتیی و بەشێوەیەکی قانوونیی واتە لەلایەن هکوومەتەکەتانەوە (هکوومەتی هەرێم) بسپێردرێ بە دەستەیەکی دەکەسیی ناهیزبیی و لانەگییر کە ببنە (دەستەی سەروەرێتیی) و هەریەکەش پسپۆڕی شارەزا لە بابەتێکدا . هیزبەکانیشتان جارێ بۆ ماوەی سالێک خۆیان سڕوکڕ بکەن و دەستنەخەنەکاروباری (دەستەی سەروەرێتیی) . ئەم دەستەیە دەبێ دەسەلاتی بەسەر هێزی چەکدار و دارایی هەرێمدا بەتەواویی هەبێ و ، مافی بریاردان و بەجێگەیاندنی بریارەکانیشی هەبێ . دەبێ دەستوورێک بنووسێ بۆ باشووری کوردستان کە هەموو ئەو نێوچانە بگرێتەوە کە لە باری مێژوویی و جۆگرافیاییەوە کوردستانن . ئەوجا بانگەوازی سامانێکی (دەولەت) کوردستانیی کۆماریی سێکولاری سەربەخۆ رابگەیەنێ لەسەر بنچینەی نابنکەیی (لامرکزی) . سامانێک کە سیستەمەکەی ئایین و رامیاریی لەیەک جیابکاتەوە . ئایین بۆ خوا و رامیاریی بۆ خەلک. . ئەم سیستەمە هەر چوار هێزەکە : هێزی قانووندانان ( پارلەمان) و جێبەجێکاریی( هکوومەت) و دادوەریی)دادگەکان) و راگەهاندن (رۆژنامەو رادیۆ و تیڤییەکان) بە سەربەخۆبوونیان لە یەک ، جیابکاتەوە . یەکسانیی ژن و پیاو لە هەموو روویەکەوە بنچینەیەکی نەگۆڕ بێ . ئەوجا پارلەمانێک و سەرۆکێک بۆ سامانی کوردستان بە دەبگی زۆربەی خەلکەکە بۆ ماوەی سێسال کە تەنی بە دەنگی %٨٠ ی خەلکەکە و بۆ یەکجار دووسالی دیکە درێژبکرێتەوە . سەرۆکی سامان و ڤەژیرەکان و پارلەمەنتارەکان بۆ ماوەی کارەکانیان مانگانە وەردەگرن ، بەلام مووجەی خانەنشیینییان نابێ . گشتپرسی لەم کاتەی ئێستەدا کارێکی بێ مانایە و گشتپسریی لەسەر ماڵی خۆ ناکرێ و بێچگەلەوەش لە کۆمەلگەیەکدا سەرناگرێ کە لەژێر هەڕەشەی شمشێر و رمی داگیرکەراندا بێ ئەمە بییروڕای منە و ئێوەش ئارەزووی خۆتانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست