کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنه‌وه‌ى سایكۆلۆژیاى بێ‌ وه‌فایان له‌مه‌قامى حه‌سه‌ن زیره‌ك

Monday, 27/06/2016, 17:48


خوێندنه‌وه‌ى سایكۆلۆژیاى بێ‌ وه‌فایان له‌مه‌قامى (تا له‌ ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن رێى نه‌بوو بكات سڵاو) ى حه‌سه‌ن زیره‌كدا
بێ‌ وه‌فا مانایه‌كى گشتگیرى هه‌یه‌و بۆ ته‌نها پێناسه‌یه‌كى بچوك كورت ناكرێته‌وه‌، سایكۆلۆژیاى كه‌سانى بێ‌ وه‌فایان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر دوودڵى به‌رژه‌وه‌ندى تاكه‌ كه‌سى كارده‌كه‌ن، كاره‌ساتى بێ‌ وه‌فایان له‌وكاته‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵێك یان گه‌لێك پشت بكاته‌ كه‌سێك كه‌ پێشتر له‌كاتێكى دیارى كراودا ویستوویه‌تى و به‌س، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك  بێ‌ وه‌فایى ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تا گۆرانى بۆ گوتون، یان له‌گه‌ڵیدا ژیاون رێزیان لێ‌ گرتووه‌ و پاشان له‌كاتى لێ‌ قه‌وماندا پشتى تێكراوه‌ و كه‌سێك نه‌بووه‌ لاى لێ‌ بكاته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ بێ‌ وه‌فایى و پشت تێ‌ كردن ، لاى حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆته‌ ناڵه‌یه‌ك و له‌یه‌كێ‌ له‌ مه‌قامه‌كانیدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌و ئه‌و كاته‌ له‌ساڵى 1967 له‌ سلێمانى سجن ئه‌بێ‌ و پاشان به‌رده‌بێت و ده‌گه‌رِێته‌وه‌ كوردستانى رۆژهه‌ڵات (ئێران) و له‌نزیك بانه‌ چایخانه‌یه‌ك داده‌نێت، ئیتر شریتى عومرى رابردووى، هاوكاتیش له‌ ئێستایه‌كى لاتى و نه‌بوویندا دێته‌وه‌ یادو ئه‌ڵێ:‌

(تا له‌ده‌ر بووم دۆست به‌ملیۆن رێى نه‌بوو بكات سڵاو
كه‌ گیراوم و كه‌وتمه‌ به‌ندینخانه‌ كه‌سێ‌ نه‌بوو لێم بێنێ‌ ناو)

ئه‌م دێره‌ شیعره‌ كه‌ له‌ ناخى حه‌سه‌ن زیره‌ك خۆیه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و گوزارشت له‌ژیانى راسته‌قینه‌ى خۆى ده‌كات، ئه‌وێك كه‌ له‌ژیانیدا ته‌نها مه‌گه‌ر له‌سه‌ر كورد بوون و شوناسى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌رده‌مى داگیركارى و په‌یدابوونى دووبه‌ره‌كى ناوخۆ كه‌ له‌ ساڵانى شه‌سته‌كان دا بره‌وى په‌یداكردبوو به‌ند كرا بێت، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر خۆبه‌ره‌وپێشبه‌ره‌كانى ناوخۆ نه‌بێت، نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌و داگیركاره‌كانى تر چوزانن كێ‌ كێ‌ یه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر چاو ساغ و خۆخۆرى ناوخۆ نه‌بێت.
حه‌سه‌ن زیره‌ك پێش ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 1967 دا سجن بكرێت چه‌ندین گۆرانى تۆماركردووه‌ و سه‌دان ئاهه‌نگى جه‌ماوه‌رى له‌ناو ماڵان و شانۆكاندا گێرِاوه‌و جه‌ماوه‌رێكى زۆر عاشقى بوون  و به‌كره‌و میلى رادیۆیان باداوه‌ بۆئه‌وه‌ى گوێ‌ بیستى گۆرانیه‌كانى بن، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها مه‌به‌ستیان بووه‌ چێژ وه‌ربگرن و هیچى تر، ته‌نها مه‌به‌ستیان بووه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ساته‌ وه‌ختى هه‌نوكه‌یى دا گوزارشت له‌ ئازاره‌كانیان بكات، یان مه‌جلیسیان بۆ گه‌رم بكات و ساتێكى خۆش به‌سه‌ربه‌رن، بۆیه‌ وردبینێكى وه‌كو حه‌سه‌ن زیره‌ك كاتێك كه‌ له‌ سجن دا ته‌نهایى ده‌بێته‌ میوانى و كه‌سێك نییه‌ پێى بڵێت سڵاو، ئه‌م ئازارى بێ‌ وه‌فاییه‌ له‌نه‌ستى دا ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌مان ناوه‌رۆك له‌ له‌ روخسارێكى تردا و له‌هه‌مان مه‌قامدا دوباره‌ ده‌كاته‌وه:‌

(تا له‌ ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن رێى نه‌بوو سڵاو بكا
كه‌ گیرام و كه‌وتمه‌ به‌ندینخانه‌ كه‌س نه‌بوو بانگم بكا)

مرۆڤ بونه‌وه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تىیه‌و له‌گه‌ڵ كه‌سانى تردا مامه‌ڵه‌ ده‌كات و ده‌ژى، بۆیه‌ كاتێ‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌چێته‌ به‌ندینخانه‌وه‌ و ته‌نهایى له‌واقیع دا ده‌بینێت ئه‌و كاتانه‌ى دێته‌وه‌ یاد كه‌ چۆن ئاپۆره‌ى جه‌ماوه‌ر له‌نێو ماڵه‌كاندا ده‌وره‌یان داوه‌ و داواى گۆرانى لێ‌ ده‌كه‌ن، ئێستاش كه‌ به‌ندكراوه‌ و پێویستى به‌ كه‌سێكه‌ نانێكى بۆ بێنێت ، یان كه‌فاله‌تێكى بكات، یان خه‌مخۆرێك لێى بپرسێته‌وه‌ و هه‌وڵێكى بۆ بدات، كه‌چى ده‌بینێت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌قوربانى بوون له‌دواى ته‌واوكردنى گۆرانییه‌ك و ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تى سلآوێكیشیان نه‌بووه‌ بیكه‌ن، ئه‌وا ئێستا ئاماده‌نین لایه‌ك له‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ و هیچ نه‌بێت به‌سه‌رى بكه‌نه‌وه.‌
بۆیه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆر چاك سایكۆلۆژیاى كه‌سانى بێ‌ وه‌فایانى خوێندۆته‌وه‌ و جارى واش هه‌بووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌یه‌ك و ئه‌وه‌نده‌ ره‌شبین بووه‌ حه‌زى نه‌كردووه‌ مرۆڤى كورد ببینێت. ئه‌مانه‌ ئه‌و ئازارانه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئاخ و حه‌سره‌تدا به‌ناڵه‌و ئازارێكى بێ‌ كۆتاییه‌وه‌ هه‌ڵى هێناوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆرباش شعورى به‌بێ‌ هه‌ڵوێستى خه‌ڵك شكاوه‌ له‌كاتێكدا كه‌ راپێچى زیندان ده‌كرێت، ئینجا ئه‌زانێت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سڵاویان بۆ كردووه‌ و هاتونه‌ته‌ مه‌جلیسه‌وه‌ كورِى رۆژى ته‌نگانه‌ نین و ته‌نها به‌دواى به‌زمى خۆشى و شادى دا ده‌گه‌رِێن، له‌كاتى ته‌نگانه‌دا هه‌ڵوێستیان یه‌كسان ده‌بێت به‌سفر و ئیتر حه‌سه‌ن زیره‌كیش په‌راوێز خراو و ته‌نها و بێ‌ كه‌س ئه‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌ڵێ‌ كه‌سێ‌ نه‌بووه‌ ئاورِم لێ‌ بداته‌وه‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە