بەرگرییەک لە ئازادیی خەیاڵ
Saturday, 25/06/2016, 19:36
مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا توشی کێشەی جۆراوجۆر دەبێت، ئەگەر کێشەکە قورس بو و چارەسەرێکی خێرای نەبو، فەنتازیا و خەیاڵ یەکێکە لە ئاسانترین و کۆنترین شێوازەکان کە پەنای بۆ دەبات. خەیاڵی توندوتیژانە زۆرجار هەڵچون و توڕەبونێکی کاتیە یا کاردانەوەیە بەرامبەر ستەم و ناحەقی.خەیاڵ و فەنتازیای ڕەخنەگرانە لە بواری سیاسەتدا زۆر جار لە شێوەی کاریکاتێری گاڵتەجاڕانە یا لە شێوەی نوکتە و پلاری ڕەپ و ڕەق و زبر دا خۆیدەردەبڕێ. دەڵێن جەمال عبدالناسری سەرۆکی پێشینی میسر داوایکردوە لە ڕاوێژکارەکانی ڕۆژانە ئەو نوکتە و گاڵتانەی لە ناو خەڵکدا بە خۆی و ڕژێمەکەی دەکرێت بۆی بگێڕنەوە ، بێگومان بۆ بەخۆداچونەوە.ئەگەر ئەو قسانەی دەخرێنە پاڵ نەوشیروان مستەفا ڕاستبن دەربارەی ترساندنی کۆمپانیا بێیانیەکان و کونسولگەریەکان بە کاری توندوتیژی بەرامبەریان ، هێشتا ئەو قسانە هیچ تاوان نین و دەخرێنە چوارچێوەی خەیاڵی سیاسی.لە هیچ یاسایەکی ئەم دونیایەدا نە خەیاڵی باش خەڵاتی بۆ دانراوە نە خەیاڵی توندوتیژ و دوژمنانە سزای بۆ دانراوە. باشە ئەگەر گۆڕان و یەکێتی دزەبە چەند باوەڕپێکراوێکی خۆیان بکەن بۆ ناو دانیشتنە تایبەتیەکانی سەرکردەکانی پارتی و قسەکانین تۆماربکەن ئایا ڕەحمەت و درود و پەسن وستایش بۆ سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتی دەنێرن ؟ ئایا ڕۆژانە لە ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و سەر جادە و کۆڕ و کۆمەڵە تایبەتی و گشتیەکاندا سەدان ڕەخنەی توند و سەدان دۆعا و نزای شەڕ و سینگکوتان و بگرە سەدان جنێو بە هەڵگری پشکی شێری دەسەڵاتی کوردی کە پارتیە نادرێت ؟ داواکاری گشتی ئەگەر بە پێوەری سکاڵاکەی لە نەوشیروان مستەفا کردویەتی کاربکات ئەوا دەبێت سەدان سکاڵا تۆماربکات لە سەدان کەمئەندام و بێوەژنی ئەنفال و زیندانیی سیاسی و گەنجی بێکار و ڕەش و ڕوتی گەلەکەمان لە سەر ئەو خەیاڵە توندوتیژانەی بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی بە گشتی و پارتی بەتایبەتی هەیانە و ڕۆژانە بە قسە و ڕەخنە دەریدەبڕن! پارتی دژی دیموکراتی و ئازادیی بیروڕا وخەیاڵە،نمونەکان لە مێژوی پارتیدا زۆرن ، سەردەشت عوسمان لە سەر بڵاوکردنەوەی بابەتی (من عاشقی کچهکهی بارزانیم) له (کوردستانپۆست) که تێیدا باڵی خهیاڵ له گهڕهکێکی ههژارنشینی ههولێرهوه ههڵیدهفڕێنێته سهر (سهری ڕهش) و دهیکاته زاوای سهرۆکی ههرێم، لەسەر ئەم فەنتازیا سیاسیە لە ٤ ی ٥ ی ٢٠١٠ لە ژێر سایەی ئاسایشی پارتی لە زانکۆی سەلاحەدین فڕێنرا و شەهیدکرا. پارتی ویستی لە ڕێی سکاڵای داواکاری گشتیەوە لە ڕوی سیاسیەوە نەوشیروان مستەفا شەهید بکات، بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە نەوشیروان مستەفا سەربەرزانە گەڕایەوە ئامێزی نیشتمان و دیاریی پڕبەهای ڕێکەوتنی سیاسیی نێوان گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی لەگەڵ خۆی هێنایەوە.سکاڵاکەی دژی نەوشیروان مستەفا هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی و لۆجیکیی نیە و جگە لە گاڵتەجاڕییەک کە پارتی دەرهێنەرەکەیەتی هیچی تر نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست