نەبونی هێزی نەرمی کوردی
Friday, 24/06/2016, 18:47
سەرجەم گەل و پێکهاتە و وڵاتان، هەریەکە و خاوەن هێزگەلێکی نەرمی تایبەتی خۆیانن و، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بونیات و توندکردنی پایە و بونی خۆیان لە پێناو مانەوە و جیگیرکردنی قەوارەی سەرەکی و تایبەتی خۆیان بەکاری دێنن، لەمەشدا کورد بێبەشە . چۆن؟
دیارە هێزی توند و زبر و رەق خۆی لە سوپا و توانای سەربازی و مرۆیی و تەکنۆلۆجی و پارێزبەندی نێودەوڵەتی و هێزی ئابووری دەبینێتەوە، بەڵام هێزی نەرم خۆی لە پێشکەوتنی پیشەسازی و بونی هونەر و هونەرمەندانی بەناوبانگ و وەرزش و وەرزشوانانی نێودەوڵەتی ناودار و ناو و پێگەی هونەری و، کەسانی وەبەرهێن و خاوەن ناوی سەرمایەگوزاری ناوچەیی و جیهانی و کاریگەر لەسەر بەرژەوەندی وڵاتان، دەبینێتەوە .
کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەروەت و سامان و توخمی ژێرزەوی و کانزای گرنگ بۆ بتەوکردنی پایەی دەوڵەتداری، ئەگەر لەبەر نەبونی قەوارەیەکی سیاسی هیچ قازانجێکی لێ نەبینیوە، کەچی لە پێگە و قورسایی هەبونی هێزی نەرمیش بەهیچ شێوەیەک لە هێزە درشتەکەی زیاتری قازانج نەکردووە . وڵاتی وا هەیە تەنها بە هونەرسازی و وەرزش بە سەرجەم بەشەکانیانەوە جێگەی خۆیان لە دونیادا کردۆتەوە و قورسایی خۆیان هەیە و سڵیان لێدەکرێتەوە و کەس ناوێرێت زەفەریان پێبەرێت، لە لایەکی ترەوە لە نێو هەندێک پێکهاتەدا خەڵکانێکی سەرمایەگوزار و لوبیدار هەن کە خەڵک نەک تەنها رێز لە خۆیان دەگرن بەڵکو گەلەکەشیان لە زۆر لاوە دڵنیان لە ئارادانەبونی هەر دەستدرێژی و دەست خستنە ناو کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەیانەوە، کەچی لای ئێمەی کورد تەنانەت سەرمایەگوزارانیش هیچ بەرژوەندیەکی ئاسایشی نەتەوەییان لەبەرچاو نەگرتووە و بێ یاساییەکی ئەوتۆ پەیرەو دەکەن، لەم بارەوە زەرەری سیاسی و ئابووری گەورە لەم وڵاتە دەدەن و دوا رۆژ و چارەنوسی کوردستانیان خستۆتە دەست خەڵکانی بێگانەی خەمنەخۆری میلەتەکەمانەوە . کەس هەیە نکوڵی لە رۆڵی ئوم کەلسوم و عەبدولحەلیم و دەیان ئەکتەری تر بکات لە قایم کردنی پێگەی سیاسی دەوڵەتی میسر و هەروەها گرنگی هونەر بۆ وڵاتانی وەک لوبنان و سوریا و هەبونی هێزە نەرمە فرەچەشنەکانیان لە مانەوەیان وەک وڵاتانی چالاک لە بواری نێو دەوڵەتیدا و، تەماشای بەرازیل و تۆپی پێ بکەن و هۆڵەندا بەرهەمهێنانی تەنها گوڵ و شیرەمەنی بکەن و جاپۆن و رۆبوت و چین و وردە پیشەسازی و یۆگا بکەن، تورکیا و ئەکتەر و ئەڵقە تەلەفزیۆنەکانیان بکەن و بەراوردی لەگەڵ ئەو هەموو توانایەدا بکەن کە لە سەرجەم بوارەکاندا لە نێوگەلی کوردا هەیە و چۆن بێ قازانج و بە خەفەکراوی ماوەتەوە .
ئەگەر وڵاتی سەربەخۆ و خاوەن شکۆ و سەروەری هەبێت پشتی بەم هێزە نەرمە بەستبێت، بۆچی کوردستان بیری لەمە نەکردبێتەوە و تەنانەت بەخۆی دژ بە کاریگەریەکانی ئەم هێزە وەستابێت و بە پێچەوانەوە کاری کردبێت و توانای تاکەکەسیشی نەهێشتبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست