کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمیدیای سەرۆکی دێگەڵە و هاوژینەکەی ئاشتی هەورامی

Friday, 24/06/2016, 18:44


خوێنەری ئازیز، ئەو دەمڕاست و قارەمانەی ماڵی سەرۆک کە چەندین ساڵە دەستپاکی و سەرکەوتنمان پێدەفرۆشێت، وەکوو سوپەرستار ژیانی شیرینی هاوسەرگەریەکەی نیشان دەداین و هەموو هەفتەیەک مژدەی سەربەخۆی ئابوری بازرگانی نەوتی پێدەداین، ئێستا مەسعودی مەلا مستەفا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی بە دوای هاوژینەکەیدا دەگەڕێت. ئەم کۆمیدیایە بە دەر لەوەی ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە سیاسەت و ڕابەرەکانی باشور ئاوا بڕوات دەبنە دەرهێنەر و ئەکتەری بەناوبانگ، لە لایەکی تریشەوە خەریکە شتێک بە ناوی ئەخلا‌قی سیاسی لای زۆربەی سەرۆکەکان بونی نامێنێت.
بە گەندەڵ کردن و بە دواگەڕانی هاوسەرەکەی ئاشتی هەورامی لە لایەن ماڵی سەرۆکەوە شایانی چەند سەرنجێکی کورتە و هەندێک ڕووی ئەم دەربارە بەتاڵ و سەربڵندەمان بۆ دەردەخات. پرسیارێک کە دەبێت بکرێت ئەوەیە، کام دادگا و دادوەری گشتی هاوژینەکەی ئاشتی هەورامی بە تاوانبار ناساند. لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەبێت بڵێن، هیچ دادگایەک، چونکە دادگا و دادوەر لە سنوری قەڵەمڕەوی دێگەڵەدا جێگەی نابێتەوە، لەبەر ئەوەی کلتوری خێڵ و عەشرەتگەرای شتێک بە ناوی بونیادی دادگا و دادوەر ناناسێت. پاشان پرسیار دەکەین، داواکاری گشتی کاتی نەبوو، لێپێچینەوە لە خاتونەکەی ئاشتی هەورامی بکات، دیارە ئەم سەرۆکانە دادگاو دادوەرە گشتیەکانیان تەنها بۆ دەرەوەی قەڵەمڕەوە و دوژمنە دەرەکیەکانیان بەکار دەهێنن، بە تایبەتی بۆ ئەوکەسانەی مەترسیان لەسەر دروست دەکەن.
هاوژینی ئاشتی هە ورامی، هاوسەرەکەی و هاوبیرەکانیان خاوەنی باوەڕ و کەسێتیەکی ئەوتۆ نین و لەبەر ئەوەشە قەد ناگەنە ئەوئاستەی مەترسیان بۆ دروست بکەن، لەبەر ئەوە داواکاری گشتی ئەزێت نادەن و خۆیان ڕاستەوخۆ دەبنە دادوەری گشتی. هاوژینەکەی ئاشتی هەورامی گەورەترین و باڵادەسترین پیاوی هەرێمی دێگەڵە بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام ئاشتی هەورامی لە کەیفکردنی خۆی بەردەوامە و بە نوێنەرایەتی بە ناو باشوری کوردستان لە گەشتی دیپلۆماسیە و تا ئێستاش دەستڕاست و دەمڕاستی سەرۆکە.
پرسیارێکی تر کە خۆی قوتدەکاتەوە ئەوەیە، بۆ سەرۆک ڕاوی هاوژینەکەی ئاشتی هەورامی دەکات و دکتۆریش سەری خۆی کز کردوە و دەرناکەوێت، ڕۆژێک لە ڕۆژانیش بوو بە شێرەگەورەی نەوتخانە دادەنرا. ئەو نەوتخانەیەی تاسەر ئێسقان فەشەلی هێنا، کە لە بابەتێکی دیدا سەرنجی دەدەین. پرسیارێکی تر کە دەبێت بکرێت ئەوەیە، بۆ لەناو هەموو هاوژینەکاندا تەنها هیئەو ڕاوە گەندەڵە دەکرێت. ئەمەش تراژیدیای ئەو نەفامگەرایەیە کە گەندەڵیەکی نوێمان نیشان دەدات، گەندەڵیەک کە خێزانەکانیان هەڵدەوەشێنێت و وایان لێدەکات ڕاوی هاوسەر و مێینەکانیان بکەن. یاسای خێڵ و عەشرەتە جێگەی ئافرەتی وەکوو هاوژینەکەی هەورامی تیانابێتەوە و هەرکات بیانەوێت چیرۆکێکی گونجاوی بۆ دروست دەکەن. ئەم خێزانە و پیاوەکانیان لە ماوەی دەیانساڵی رابردودا سەروەت و سامانێکی زۆریان کۆکردۆتەوە و دەسەڵاتێکی ڕەها و مافیاگەریان دروست کردوە، کە وا وردە وردە درزی تێدەکەوێت.
پاشان ئەم ڕەفتارانەیان دەری دەخات، ئەگەر ئەم پیاوە و پارتەکەی باوەڕیان بە دادگا و دادپەروەری هەبوایە، گوێشیان لە هاوژینەکەی هەورامیش دەگرت، بۆ ئەوەی لە هاوکێشەکە باشتر تێگەشتبانایە، یاخود دانەری هاوکێشەکە بۆخۆیانن و پیوست بە پرسارو تێگەیشتن ناکات. باشە دەبێت هاوژینەکانی دەمڕاست و پیاوەکانی تری ماڵی ئاغا چیبڵێن، ئەوانیش بێسێودوو بڕیاری دەستگیرکردنیان لە لایەن ئاغای گەورەوە بۆ دەردەچێت. کەواتە پیاوەکانی ماڵی ئاغا تێگەشتوون کە پێویست ناکات لە خۆیان بترسن، هاوژینەکانیشیان بە باشی لەوە تێگەشتون، کە هیچ مافێکیان نیە و دواجار هەروەکوو دەیانیتر چیرۆکی خۆش خۆشیان بۆ دروست دەکەن.
پاشان پرسیارێکی تر یەتە پێشەوە ئەوەیە بۆ دکتۆر قبوڵی ئەوە دەکات، بەس بە دووی هاوژینەکەی ئەودا بگەڕێن، بۆ هاوسەر و کوڕو کچی ئەوانی تر فریشتەن ودژی هەموو شێوە گەندەڵیەکن. باشە چۆن دەکرێت دکتۆر هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان بێت و ئاگای لە هاوسەرەکەی نەبووبێت، گەندەڵی بە سامانی وەزارەتەکەیەوە بکات و دەستی لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی ڕەش و قاچاغدا هەبێت. ئەمە ئەو پیاوە بوو، کە بە ئامانەت و دەستپاکیەوە سەربەخۆی ئابوری پێدەفرۆشتین بە گژ ڕۆژنامەگەراندا دەچوو، گەر پرسیارێکی بە دڵ نەبوایە. خوێنەری بەڕێز ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، تەنها سەرنجێکی زۆر کورت بوو کە شتێکی نوێمان پێدەڵێت، ئەویش ئەوەیە کە ساتێک گەندەڵی بەگژ گەندەڵیدا دەچیت، ئەمەش ئەوەمان نیشان ئەدات کە نەفامی و بێحەیای گەندەڵچیەکان هەموو سنورەکانی لەم ناوچەیە تێپەڕاندوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە