کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چۆن ئەم قەیرانە چارەسەر دەکرێت و کێ دەیکات ؟

Friday, 24/06/2016, 18:41


ئەوەی ئەم قەیرانە قوڵەی دروست کردووە، خودی ئەم سیاسی و سەرکردانە بوون بە هەموویانەوە و بە جێبەجێ کردن و فەرزکردنی بەرژەوەندی خودی و دەرەکی، بە ناچاری بێت یان تەسکبینی فەرزی کردبێت، بێ ئەوەی دەستی خاوەن مەسەلەکە خۆی تێدا بێت، واتە میلەتەکە بە گشتی لە هەموو شتێک بێ خەبەر بووە . بێ گومان ئەوەی بەشێک بێت لە هەر کێشەیەک ناتوانێت بەخۆی چاەسەری بکات و، ئەگەر لە هەوڵی چارسەریشیدا بێت، لە دەرئەنجامدا قوڵتریشی نەکاتەوە ئەوە بێگومان ناتوانێت بنبری بکات .
هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە پارتی و یەکێتی و گۆڕانن، هەرچەند هەریەکە و بە رێژەیەک خەتای دەکەوێتە سەر، بەڵام کەسیان بێبەری نین لەم کێشەو بێشەو ئاڵۆزی و قەیرانە سیاسی و ئابووریە قوڵەی کە خەڵکی کوردستان تێی کەوتووە .
ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە هەرچی پەرلەمانە سەرجەم فراکیسیۆنەکانی حزبین و بێ لایەنی تێدا نیە کە بۆ ناوەندگیری پشتی پێ ببەسترێت، و دادگاش گیرۆدەی دەستی حزبە، کە حزب بە خۆی سەرجەم جومگەکانی داداگای دیاری کردووە و دایمەزراندون، تەنانەت لەولاشەوە زۆرینەی رەهای رێکخراوە مەدەنیەکان لە ژێر هەیمەنە و دسەڵاتی حزبدان و ئەوانەی تۆزێک بێ لایەنی خۆیان پاراستبێت بێ توانا و بێ دەسەڵاتن، ئەوە راگەیاندن لەولاوە بوەستێت کە زۆرینەی حزبین بە سێبەرەکانیشەوە، جگە لە هەندێک دەزگای ئەهلی نەبێت کە ئەویش لە ژێر رەحمەتی وەزعی نالەباری ئابووری و دەسەڵاتدا دەناڵێنن، کەوا بێت؛ قورساییەکی باوەر پێکراوی نێوخۆیی شک نابەین کە توانای نزیککردنەوە و رەخساندنی زەمینەیەکی هەبێت بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنە و لێکنزیککردنەوەی لایەنە دەسترۆیشتووەکانی کوردستان و هاندانی رای گشتی بۆ قوتاربون لەم قەیرانە گەورەیە و دەرچون لەم چەقبەستنە و دەربازبون لەم چاڵە قوڵەی خەڵکی کوردستان  تێی کەوتوون .
کەوابێت هیچ ناوەندێکی ناوخۆ نیە لە توانایدا بێت ئەم ئەرکە پیرۆزە بگرێتە سەر شانی خۆی و هەوڵی چارەسەری قەیرانەکە بدات . لە ئاستی ناوچەکەشدا، دەوڵەتێک شک نابەیت کە دڵسۆزی پرسی کورد بێت و بەرژەوەندی لە پەرشوبڵاوی و دووری لایەنەکانی کوردستاندا نەبێت و متمانەی پێ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەیەکی وەک ئەمرۆی کوردستان، بە ناوەندی عیراقیشەوە . لە لایەکی ترەوە، سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی بەشەکانی تری کوردستانیش لەو ئاستەدا نین کە رۆَڵی گەورە لەم بارەوە بگێرن و توانای ئەوەیان هەبێت لایەنەکانی کوردستانی باشور یەکخبەن و، بەڵکو زۆرینەیان بونەتە پاشکۆی لایەنەکانی کوردستانی باشور، بەهۆی ئەو بارودۆخە خودی و بابەتیەی  تێیکوتون . 
بۆیە تەنها دەرفەتێک بەدەستەوە بێت وڵاتانی زلهێزی جیهانیە توانای فشار کردنیان هەبێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و روو کردنە چارەسەر، بە تایبەتی ئەمریکا، بەڵام ئەوەی دەبینرێت کەمتەرخەمی لەم لایەنەوە بە روونی دیارە و هیچ وڵاتیکمان نەبینی هەوڵی جدی بدات لەم بارەوە و، ئەوانیش لە پێناو ئامانجی تایبەتی خۆیان  مانەوەی وەزعە ناوخۆییەکەی کوردستان بەم شێوەیە لەم کاتەدا بە باشی دەبینن، ئەگینا رێگەی راست و دروستی یاسایی زۆر لە بەردەستیاندایە کە قسەی لەسەر بکەن و لایەنەکان ناچار بکەن مل بۆ چارەسەر بدەن .  
بۆیە مانەوەی واقعەکە بەم شێوەیە تا کات و ساتی تایبەتی خۆی ئەگەرێکی گەورەیە و ملنەدانی حزبی دەسترۆیشتوی کوردستان بە تایبەتی پارتی، ئەمەی بۆ دەچێتە سەر تاوەکو شەری داعش خۆی فەرز کردبێت و، هەموو راکان بۆ ئەوەدەچن کە تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بروات وخەڵک لە نێوان ئەگەر و مەگەردا بژین و ئەم سەرکردایەتیەش مێش میوانی نابێت . 
واتە ئەوەی چارەسەری بەدەستەوەیە، بەرژەوەندیەکانی و پلانەکانی لەم ناوچەیە ئەوە فەرز ناکات لەم کاتەدا هەوڵیچارەسەری راستەقینە بدات و، عەقڵیەتی سەرکردە ناوخۆییەکانیش لەو ئاستەدا نیە کە دوور لە بەرژەوەندی دەرەکی بەرژەوەندی نێوخۆ بخوێننەوە و تەنها پشت بە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی  خۆیان نەبەستن . لەم نێوەندەشدا دەرکەوتنی دەرئەنجامەکان دەکەوێتە دەستی قەدەر و هاوجوت بوون لەگەڵ پلانە گەورەکان و بەرژەوەندی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە نەک جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و خۆ فەرز کردن و ناچار کردنی خاوەن بەرژەوەندیەکان بۆ ملدان بە ئەمری واقیعی بەرهەمهاتو لە دەرئەنجامی کاری خودی و رەفتار و هەنگاوی سەربەخۆی نێوخۆیی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و گەلی کوردستان کە رۆژ نیە ئیدیعای نەکەن . 
بۆیە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆنێتی چارەسەرەکەش بەدەستی نێوخۆییەوە نەماوە، نەک تەنها کارەکەتەرەکان توانای ئەوەیان نەبێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە