کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێرە عەڕەبستان نییە، کوردستانە

Friday, 24/06/2016, 13:48


هەر کەسێک کە قسە یان وتارێکی رەخنەیی لە سەر دەسەڵاتی مەسعود بارزانی ودەورەبەرەکانی نووسی، یەکسەر یان هەڕەشەی لێدەکەن یان تۆمەتێکی بۆ ساز دەکەن. ئەوەیە یاسای دەوڵەتداری ئەو دزسالارانە. هەرزانترین شت بۆ وانە خوێنی شەهیدی ڕۆڵەی کوردە. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا وەکی داشەهارە ئاشبەتاڵ ڕابگەیەنن پێێان گران نییە. مەگەر باویکی روحی کوڕو کوڕەزای بارزانی وای نەکرد ؟ ئەو خووخدەیە کاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو ماوە دەسەڵاتە کورتەی حێزبەکانی ئەو بەشە لە خاکی نیشتمانیش هەر وا بوو. کەس نەیدەوێرا بڵێ : لەل ! زوو وەلایان دەناو زۆر جاریش دادگاییان دەکرد یان کەسایەتیان ترۆر دەکرد. تا کار گەیشتە جێیەکی کە هاتنە بەر دەستی بارزانی وتاڵەبانی.
ئیدی ئەو جار نە منم ونە کەسی دیشە کە بەو شێوەیە رەخنەی تیژتان لێبگرێ. ئیدی تاکی هەژارو بێدەسەڵاتی کورد نییە کە پێتان بڵێ: بۆ واتان کرد ؟ ئەوە دامودەزگای یاسایی و بە هێزی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە یەخەتان دەگرێ.ئەمن نیم لە هەندەرانیش وەدوام کەون وهەڕەشەم لێبکەن. ئەو جار دەبێ جواب بدەنەوە.رەنگە درنگ وزووی هەبێ بەڵام ناسووتێ. عەڕەبستان و (شای ئێڕان) کاتی خۆی دوو وڵات بوون کە بایی فلسێک دێمۆکڕاسیان تێدا بەدی نەدەکرا (ئێستێش عەڕەبستان هەروایە و بنە ماڵە بەڕێوەی دەبا) . چون هەڵبژاردنێکی تێدا نە بووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ، یاسا ، یاسای باب وکوڕ و کوڕزاو،،،،،، بوو کە یەک بەدوای یەکدا دەهاتنە سەر تەخت. کا مەسعودیش بە شێوەیکی نوێ لە رێگای زەبرووزۆرو چەک وپارەی نەفتی ئەنفالکراوەکان دەخوازێ بنە و بنە چەکەی تا سەر حوکمڕانی ئەو وڵاتە مل بە کۆتە بن.
" لە گورگیان پرسی بۆ ملت ئاوا ئەستوورە ؟ گووتی : بۆ خۆم کارەکانی خۆم ئەنجام دەدەم "
مە بەست لە هێنانەوەی ئەو مەتەڵە چییە؟ لە چەند رۆژی رابوردوودا لە لایان نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارێکی گرینگ لە سەر / ژینۆ سایدی / ئیزەدیەکان دەرچوو. لە راپۆڕتی کومیسیونی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەشی ئاسایشی ناونەتەوەیی لەحاند بەرگری لە / مافی مرۆڤ /  ئەو سازمانە ، هێرشی داعشی بۆ سەر ئیزەدیەکان بە نەسل کوژی پێناسە کردووە . ئەو راپۆڕتە ٤١ لاپەڕەیەیە لە ٩ بڕگەو ٢١٦ خاڵ پێکهاتووە. لە خاڵی ٢٤دا ئاماژەی راستەوخۆی بە رۆڵی / نەرێنی / وچەپەڵی پێشمەرگەکانی سەر بە حیزبی بارزانی (خوێنەری هێژا سرنج بدەنە دەسەتەواژە ،، حیزبی بارزانی ،، کە لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتۆتە سەر زار) کە بە بێ بەرخۆدان و بە ئاڵۆزیەکی فراوان شاریان بە جێ هێشتووە وهەڵاتوون . بۆیە خەڵکیش بێچارە ماون وئاگادارنەکراونەتەوە کە شار بە جێ هێڵن ! لە بەشێکی دیکەی ئەو خاڵەدا لە دەستەواژەی / چەکدارانی / بارزانی کەڵک وەرگیراوە کە تەنانەت چەکیشیان نەداوە بە ئیزەدیەکان کە بەرگری لە خۆیان بکەن. ( مەبەست لە ،، چەکدار،، ئەوەیە کە ئەوانە پێش مەرگ ،، نەبوون) لە پێشدا بۆ خۆیان هەڵاتوون ، چون پێشمەرگە نابێ وابێ دەبێ مەرگی خۆی وەپیش مەرگی نەتەوەکەی بخا. جا ئەو جار پێی دەگووترێ پێشمەرگە .
خاڵی سرنجڕاکێشی ئەو راپۆڕتە خاڵی / ٢٨ / بوو کە ئاماژە بە رۆڵی گریلا دەکا کە چٶن لە رۆژئاوای وڵات خۆیان گەیاندۆتە باشوورو بە چێ کردنی کۆریدۆرێک (رێگایەکی دوورودرێژ) توانیویانە گیانی هەزران کەس رزگار بکەن وپێش بە کارەسات و ژینۆسایدی زیاتر بگرن.
لە ناو هەر کۆمەڵگایەکی دیکەدا کە  هوشیاری نەتەوەیی بەڕادەیەکی کەمیش بێ دەبوایە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆڕتە میلیونان واژۆ وئیمزا کۆکراباوە بۆ دادگایی کردنی/ داعش و چەکدارەکانی بارزانی و خودی مەسعود / بارزانی. هەم لە دەرەوەی وڵات هەم لە ناوخۆی وڵات ولە هەر کوێیەک کە کوردی لێدەژی. بەڵام بە داخەوە ئێمە هەروا فێڕ کراوین چاومان لە دەستی بیانی بێ. پەیام لەوە روونتر وئاشکراتر نابێ. نەتەوەیەکگرتووەکان قسەی خۆیان کرد وپێێان گوتین دەبێ چی بکەین. ئێمە بۆخۆمان دەبێ گرفتەهەستیارەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان راپەڕێنین. ئەوە تایبەتمەندی نەتەوەیەکی زیندوویە .
هەلێکی زێڕین هەڵکەوتووە. با نووسەر وزاناو مرۆڤدۆست ورۆژنامەگەریی ومێدیای بێ لایەن کەمتەرخەم نەبن. بە هەر شێوەیەک ئیمکانی هەیە نەهێڵن دۆزی ‌قڕکردنی ئیزەدیەکان بە دەستی بەغدادی وبارزانی بەرەو خامۆشی بڕوا.ئەرکی یەکەم دەکەوێتە سەرشانی بەرپرسانی باڵای ئیزەدیەکان ، بە تایبەت ئەوانەی کە لە هەندەران دەژین. خۆزگە توانیبایەم ئەو ویدئۆیەی بارزانیم وەگیر کەوتبایە کە دەڵێ : شەڕی داعش وبەغدا شەڕێکی ئایینییە وئێمە خۆی تێوەرنادەین ! ئەو شەڕە شەڕێ کورد نییە.! ئەو سیاسەتە لە لایان تورکیە و قەتەرو عەڕەبستانە بەرێوە چوو کە ئاوا مەسعودیان فریودا تا رۆڵی خۆیان لە ئاست قڕکردنی ئیزەدیەکان پێکبێنن وبارزانیش بە ئاگاداری ئەو رێکارە گرتە پێش . پیلانێکی مەزن بوو هەر بۆیە ئەگەر لە بیرمان بێ داعش سەرەتا رووی کردە / بەغدا / تا داگیری بکا ! بەڵام بۆ پاشگەزبوونەوە بۆ لای شەنگال وکوردستان دەبێ مەسعود بارزانی جواب بداتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە