کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌گژاچوونه‌وه‌ی دروستكه‌ر له‌ مه‌قامی ( نه‌ما رووناكیم له‌ دنیای رووناك) ی ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ دا

Thursday, 23/06/2016, 18:31


هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌ده‌ب و گۆرانی فۆلكلۆری و میللی و شیعری شاعیران، توانیویه‌تی له‌ چه‌ند مه‌قام و گۆرانیه‌كدا راو بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ژیان، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ژیانی خۆی ده‌ربڕێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ته‌مه‌نی پیرییه‌وه‌ و خه‌ریكه‌ ئێستاییه‌كانی ژیانی له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ له‌ ته‌مه‌نی هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه‌ی پیری لای ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ده‌بێته‌(ئاخ)، (ئاخ) لای ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ مانایه‌كی قوڵی هه‌یه‌و بریتیه‌ له‌ ناڵه‌یه‌ك بۆ رابردوو كه‌ هه‌رگیز گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه‌، هه‌روه‌ها بریتیشه‌ له‌و ئاسته‌نگی و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌یدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.
مه‌قامی نه‌ما رووناكیم له‌و كاسێته‌دایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1987 تۆماركراوه‌و به‌ كاسێتی باخی به‌ختیاریش به‌ناوبانگه‌(ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ یوتیوب دا هه‌یه‌) زۆربه‌ی مه‌قامه‌كانی ئه‌م كاسێته‌: تایبه‌ته‌ به‌ خودی هونه‌رمه‌ند و له‌ ژیان و ئازاری خۆی ده‌دوێت: 
(نه‌ما رووناكیم له‌ دنیای رووناك / وه‌كو قوتیله‌ نه‌وتم تیا نه‌ما/ نه‌وتم تیا نه‌ما بۆیه‌ وا كز بووم/ بێ نازم مه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر من ون  بووم ) له‌ بنیاتی یه‌كه‌می شیعرو مه‌قامه‌كه‌یدا ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ گوزارشت له‌ پیری و كزی خۆی ده‌كات، دركی به‌و ترسه‌ كردووه‌ كه‌ رووناكی ئه‌م دنیایه‌ی لێ ده‌كوژێته‌وه‌، وه‌كو چۆن چراو قوتیله‌ نه‌وتی تیا نه‌مێنێ ئه‌وا ئه‌كوژێته‌وه‌، نه‌وت لای ئه‌حمه‌د شه‌‌ماڵ له‌م شیعره‌دا بریتیه‌ له‌ ژیان، بریتیه‌ له‌ گه‌نجێتی، دیاره‌ كه‌ گه‌نجێتیش ئاوا ده‌بێت، ئه‌وا پیری و كز بوون و مردن پێشوازی ده‌كات و داوا ده‌كات كه‌ ون بوو، واته‌ ئه‌گه‌ر مرد له‌بیر نه‌كرێت. له‌ بنیاتی دووه‌می مه‌قامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت : 
(ئینجا من له‌ پاش ونبوونم / شین و واوه‌یلاو زاریم بۆچیه‌؟/ قسه‌ی پێشیانه‌ من له‌ پاش باران فه‌ره‌نجیم بۆ چیه‌؟) ئه‌م ته‌عبیره‌ خه‌می گشت ئه‌و هونه‌رمه‌ند و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ له‌ ژیانی ئێستادا رێزیان لێ ناگیرێت و له‌ دوای مردن ده‌په‌رسترێن، وه‌ك ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ده‌ڵێ له‌ پاش باران چ سوودێكی هه‌یه‌ فه‌ره‌نجی له‌به‌ركردن، واته‌ ئه‌و كاتانه‌ی باران بووه‌ من رووت بووم، دوای باران و نه‌مانی سه‌رما من فه‌ره‌نجیم بۆ چیه‌ له‌به‌ری بكه‌م؟ دیاره‌ ئه‌م گوزارشته‌ مه‌به‌ستی باران و فه‌ره‌نجی نیه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئاستی نزمی مادی و به‌نزم ته‌ماشاكردنی هونه‌ره‌كه‌یه‌تی كه‌ ناتوانێت پێی بژی، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وق و زه‌وقی پێ په‌یدا بكات، لێره‌ به‌داوه‌ به‌ دیدێكی (خه‌یام) یانه‌ ده‌ڕوانێته‌ كێشه‌كانی ژیانی خۆیی و گله‌یی له‌ دروستكه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌و ژیانه‌ كوله‌مه‌رگیه‌ی له‌چاره‌ی نوسراوه‌و پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت: ( ئه‌ی خوا با گله‌یی بێت له‌لای تۆ/ خۆت خه‌ڵقت كردووم و بۆت كردووم ته‌كبیر/ گڕ گڕ هێنات منت كرد به‌ شوانكاره‌ی عه‌به‌ی ئاغالی و ژێر ماڵه‌ی سابیر/ شه‌رته‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی لووتم له‌ به‌ردی ئه‌لحه‌د ئه‌كه‌وێ  قه‌ت من ئه‌مه‌م نه‌چێ له‌بیر) 
به‌كژاچوونه‌وه‌ی دروستكه‌ر مێژوویه‌كی هه‌یه‌و بریتیه‌ له‌ حاڵه‌تی ناچاری مرۆڤ، بریتیه‌ له‌و كاتانه‌ی كه‌ مرۆڤ رێگاكانی ژیانی لێ داده‌خرێت، بریتیه‌ له‌و كاتانه‌ی كه‌ مه‌رگ به‌چاوی خۆی ده‌بینێت، ئاله‌م كاته‌دا رازو گله‌یی و خۆزگه‌ و ئاخ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌ بنیاتی كۆتایی مه‌قامه‌كه‌یدا گله‌یی له‌ خوا ده‌كات بۆ دووشتی گرنگ: یه‌كه‌میان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ئیشی لا ده‌كات و رۆژانه‌ نان په‌یدا ده‌كات، دیاره‌ ئه‌و كه‌سه‌ عه‌زێتی داوه‌و چه‌وساندوویه‌تیه‌وه‌و هاوكاتیش به‌ سكێ تێرو به‌ سكێ برسی بووه‌، واته‌ كاتێ به‌ گژ دروستكه‌ردا ده‌چێته‌وه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی قوتی ژیانی رۆژانه‌ی ده‌داتێ ناله‌باره‌، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌ تێڕوانین و پرسیاری قوڵه‌وه‌* له‌ ئه‌نجامی دیدو بۆچوونی قوڵه‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ بۆچی ئێخه‌ی دروستكه‌ر ده‌گرێت، واته‌ جیاوازی ژیان بۆچی؟ كوله‌مه‌رگی بۆ هه‌ندێك بۆچی و به‌ختیاری بۆ هه‌ندێكی تر بۆچی؟ ئه‌م هه‌موو جیاوازی و بۆچیه،‌ به‌ درێژایی ژیانی مرۆڤایه‌تی وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ گله‌یی له‌ دروستكه‌ر ده‌كات. 
دووه‌میان: نه‌بوونی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ كه‌ (له‌ ژێر ماڵه‌ی سابیر) گوزارشتی لێ كردووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ كرێچێتی كه‌ حه‌وانه‌ی تیادا زه‌حمه‌ته‌و شه‌وانه‌و رۆژانه‌ رووبه‌رووی بۆڵه‌ بۆڵ و ده‌ركردن ده‌بێته‌وه‌و شوێنی پشوودانی تیا نامێنێت، كه‌واته‌ له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا كه‌ بریتیه‌ له‌ ژیان و نان په‌یداكردن ئاسته‌نگی بۆ دێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ خاڵی دووه‌مدا له‌ بریتیه‌ له‌ حه‌وانه‌و ماڵ(كه‌نیه‌تی) رووبه‌ڕووی خاوه‌ن موڵك ده‌بێته‌وه‌، له‌ هه‌ردوو خاڵه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ندی ناچاركردووه‌ كه‌ گله‌ییه‌كانی ئاڕاسته‌ی دروستكه‌ر بكاته‌وه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش وتویه‌تی تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌ینێنه‌ قه‌بر لوتی به‌ر به‌ردی ناو قه‌بر ده‌كه‌وێت، ئه‌و ئازارو جیاوازییانه‌ی بیرناچێته‌وه‌. 
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ له‌ مه‌قامی ( نه‌ما رووناكیم له‌ دنیای رووناك) راشكاوانه‌ ده‌دوێت و ئاخی ناخی ئه‌وه‌نده‌ قوڵه‌، ره‌گه‌زه‌كانی شیعر كه‌ كێش و سه‌روایه‌ به‌ هه‌ندی وه‌رناگرێت و له‌ شێوازی په‌خشانه‌ شیعردا گوزارشت له‌ ئازاره‌كانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ست بێت له‌ ده‌ربڕیندا.  
 * ( تاوه‌كو ژیان به‌رده‌وام بێت رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی خه‌ڵك ده‌بێته‌وه‌و پرسیار لای خه‌ڵك دروستده‌كات) 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە