کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سازشکردن لەسەر کەرکوک گەورەترین ناپاکییە

Tuesday, 21/06/2016, 14:58


 تا ئیستا دوو جاری تر .. باسم لەوە کرد کە پیلانێک لە دژی دابڕانی کەرکوک لە کوردستان لە لایەن نەیارانی کوردەوە لە ئارادایە .. لە (١١ ی/ مای/ ٢٠١٥) دا، لە ژێر ناوی ( پیلانێک لە دژی کەرکوک لە ئارادایە ) لە سایتە کوردییەکاندا بڵاوم کردەوە .. ئاماژە بەوە کرد، کە نەیارانی دژی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان، بە پاڵپشتی دەوڵەتە ناوچەییەکان پشتگیری لە بیرۆکەی ( هەرێمی کەرکوک ) ی سەربەخۆ دەکەن .. ئەوە بوو ( حەسەن تۆران ) جێگری بەرەی تورکمانی و ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، پار (٢٠١٥ ) ئەم باسەی وروژاند، عەرەبە شۆڤێنییەکانی کەرکوکیش پاڵپشتی لەم پرۆژەیە دەکەن .. ئێستا ئەم پرۆژەیە ( هەرێمی کەرکوک ) ی سەبەخۆ بە ئاشکرا باسی لێدەکرێت، پرۆژەكەش، پرۆژەیەکی تورکییە و پاڵپشتی لێدەکات، بۆ دابڕینی کەرکوک لە کوردستان . 
کوا دەنگ و هەڵوێستی ئەو پارتە کوردییە دەسەڵاتدارانەی کوردستان، کە لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا، درۆشمی ( کەرکوک دڵی کوردستانە )  و ( کەرکوک قودسی کوردستانە ) یان بە گوێی خەڵکی کوردستان، تایبەتیش بە گوێی کەرکوکییەکاندا دەدا ؟! .. ئەی ئێوە نەتان دەوت کەرکوک هێڵی سوورە ؟ ئەی سەرکردەکانی کورد ئێستا بۆ پشتان لە کەرکوک کردووە ؟ لە ئاستی کەرکوک قوڕوقەپاتان لێکردووە ؟ سەرۆکی کۆماری عێراق کە کوردە و لەسەر حیسابی کورد ئەم پۆستەی وەرگرتووە .. تا ئێستا چی کردووە بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان ؟! داوای ئەوەی کردووە کەقەزا و ناحییە دابڕاوەکانی کەرکووک بگەڕێنەوە سەر پاڕێزگایک کەرکوک ؟! ئایا داوای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠) ی کردووە ؟
جا گەر نەوێری و نەتوانی و دەستی نەڕوات ؟ ئەو پۆستە چی سوودێکی بۆ کورد هەیە ؟ ئەی زیاتر لە (٦٥) پەڕلەمانتاری کوردمان لە پەڕلەمانی بەغدا هەیە .. ئەوان لەم خولەدا چییان بۆ کەرکوک کردووە ؟ .. وێراویانە داوای ئەوە بکەن یا بپرسن بۆ ماددەی ( ١٤٠) جێبەجێ ناکرێت .. ؟ لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا .. گایەک بە قوڕگیانەوە دەچوو .. سەری شایان دەپەڕان و.. بە قسەی زل و دروشمی بریقەدار کەرکوکیان کردبوو بە بەهەشت .. مایەی پێکەنینیشە کە ناوی خۆیان نابوو خولی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان ... ئای کە وا نەبوو ؟ ..ئەوە راستە کە بە دروی کاربەدەستانی باڵا دەڵێن سیاسەت .. ئەی وزیرە کوردە لە بە غەدا چییان پێدەکرێ وتا ئێستا چییان بۆ کورد .. بۆ کەرکوک کردووە ؟
ئەوەی کە جێی داخ و نیگەرانییە ئەوەیە، کە خودی پارێزگاری کەرکوک، ( نەجمەدین کەریم ) کە کوردە و کەرکوکییە و، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و مانەوەی کورسییەکەی .. پاڵپشتێکی سەرسەختی بیرۆکەی بە هەرێم کردنی کەرکوکە . ئێمە وامان زانی کە کوڕی شارەکەیە، زیاتر لە هەموو کەسێک داوای گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان دەکات .. کەچی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و، مانەوەی کورسییەکەی ئەو بە نهێنی و بە ئاشکرا پاڵپشتی لەم پرۆژەیە دەکات .. ؟
باشووری کوردستان زیاتر (٥٥) ساڵە، لە شۆڕشی ئەیلوولی (١٩٦١) ەوە، تا ئەمڕۆش شەڕ لەسەر کەرکوک دەکات .. چونکە کەرکوک کێشەیەکی چارەنووسازی نەتەوەییمانە .. کێشەی هەموو کوردستانە .. ئەگەر دەستمان لە کەرکوک هەڵبگرتایە، نە ئەنفال دەکراین و، نە کیمیاباران دەکراین و، نە پێنج هەزا گوند و شارۆچکەشمان وێران دەکرا و، نە بە سەدان رۆڵەی قارەمانی گەلەكەشمان شەهید دەبوون، هەموو ئەم قوربانییانەمان لە پێناوی کەرکوکدا داوە .. کەچی کەسانی دەسەڵاتداری خۆپەرست و پەرژەوەندی پەرست و کورسی پەرست و هەلپەرستی کورد لە کەرکوک کە لە پۆست پایەی باڵادا دەیانەوێت ئەو هەموو قوربانییانەمان بە فێڕۆ بدەن و، بمان هێننەوە سەر هیچ  . 
نەجمەدین کەریم وەکو پارێزگار و بەڕێوەبەرێکی بەڕیوەبردن .. نابەڵەدە و شکستی هێناوە .
گەورەترین گەندەڵیش ئەوەیە، کە کەسانی نەشیاو، پۆست و پایە باڵاکان قورخ بکەن .. بە توانای خۆیان و، بە پەیژەی شارەزایی و ئەزموون و لێهاتوویدا سەرنەکەوتوون، بە داخەوە لە کوردستانی ئێمەدا ( نە نان لە لای نانەوایە و .. نە گۆشتیش لە لای قەساب ) ە .
زۆریشن ئەو کەسانەی کە مامە حەمەیی دەکەن و ماستاو دەکەن و شان دەتەکێنن و پێڵاو دادەنێن .. شایانی ئەو پۆستە باڵایانە نین کە پێان سپاردوون .. بەڵام لەسەر بنەمای بنەماڵەیی و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و لەسەر شانی کەسانی تردا سەرکەوتوون .. ئەم گەندەڵییەیە کە باشووری کوردستانی گەیاندووە بەم بارودۆخە نەخوازراوە .. خەریکە کەرکوکیش بە دەردی مووسڵ لە دەست بدەین .. ململانی حیزبە سیاسییەکان و پایە و کورسی پەرستن کوردی ماڵوێران کردوون . 
سازشکردن لەسەر کەرکوک گەورەترین ناپاکییە و هەرگیز لێبووردنی نییە .. ئەو کوردەی پاڵپشتی لە بە هەرێم بوونی کەرکوک بکات ناپاکە و، هەرگیز مۆری ناپاکی لێنابێتەوە .. چونکە پاڵپشتیکردن  لە بە هەرێم کردنی کەرکوک، واتە فرۆشتن و لە دۆڕاندنی کەرکوکە .. دابڕانی کەرکوکە لە کوردستان .. بە فێڕۆدانی خوێنی شەهیدان و ئەنفالەکانمانن .. بە داخەوە پێشتر سەرکردەکانی کوردمان، لەسەر مێزی گفتوگۆدا کەرکوکیان دۆڕاند .. چونگە گەمەکەری سیاسی نابەڵەد بوون .. ئەگینا کەرکوک کە بەشێکە لە خاکی کوردستان بۆ رازی بوون کە ریفراندۆمی لەسەر بکرێت .. ؟ دەوڵەتی کوردیش بەبی کەرکوک دەوڵەت نییە .. چونکە لەش بەبێ سەر ناژی. 
کەرکوک کوردییە و خاکی خۆمانە
بێ کەرکوک دەوڵەت ئارا چەمانە 
نەجمەدین کەریم بۆی نییە بە ناوی کەرکوکییەکانەوە، پشتگیری لە بە هەرێم کردنی کەرکوک بکات .. هێچ کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەر .. هیچ کەرکوکییەک لە گەڵ بە هەریم بوونی کەرکوکدا نییە .. مەگەر تەنها نەجمەدین کەریم و کەسانێکی هەلپەرست و کورسی پەرست و بەرژەوەندی پەرست ئەمەی بوێت . 
کەرکوک شارێکی کوردستانیە و، تا کوردێکی دڵسۆز بمێنێت دەست لە کەرکوک هەڵناگرین . 
(*) ئەو دێڕە شێعرە .. یەکەمین دێڕی گۆرانییەکی هونەرمەندی کوردمان ( سەعدی فەیلی ) یە . دەربارەی کەرکوک کە لە ساڵی ( ٢٠١٤) دا، بە عەرەبی و کوردی تۆماری کردووە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە