وەڵامێک بۆ عادل باخەوان: سەبارەت: ئایا ئیسلام بەرپرسیارە لەدواکەوتنی کورد؟
Sunday, 19/06/2016, 22:26
بابەتێکی سایتی روداوە بەبەرواری 17/6/2016 وەک وەڵامێک بۆ کچە کوردێک کە نامەی دوکتۆراکەی لەسەر پرسی کورد ئامادە ئەکاو لەباخەوان ئەپرسێ: تا چەن ئیسلام بەرپرسە لەدواکەوتنی پرسی کورد؟ کاک عادلیش لە پوختەی وەڵامەکەیدا ئەڵێ: هیچ!! بۆ ئەو هیچەش، ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و تورکیا بە نمونە ئەهێنێتەوە کە ئیسلام نەبوە هۆی (دواکەوتنیان!!).لێرەدا ئەبوایە کاک عادل بەڵگەیەکی بۆ ئەم وەڵامەی بهێنایەتەوەو بیوتایە: (بەبەڵگەی ئەوەی دۆزینەوەو داهێنانی کارەباو فڕۆکەو کۆمپیەتەرو مۆبایل و چیوچی، لەپاکستان و ئەڤغانستان و عەرەبستان و وڵاتی فارس و تورکیاوە سەریانهەڵداوە!). سەبارەت کوردیش، تیکەڵی و پێکەڵییەک ئەکاو جیاوازی ناکا لەنێوان بونی قەوارەو نەبونیدا! ئەبوایە بیوتایە کورد لەسەردەمی داگیرکارییەکانی ئیسلامدا، ژێردەسەی فارسبو، هاتنی ئیسلامیشی بە دەروازەیەک زانی بۆ رزگاربون لە ستەمی فارس، سەرباری زەبری رم و شمشێرەکانی عەرەب. بۆیە، دوای هەندێ بەرگری، بێ هیچ مەرجێک کورد کەوتە ژێر دەسی عەرەب بەناوی ئیسلامەوە، بەتایبەتی هیچ قەوارەیەکی خۆی نەبو تا شێرگیرانە بەرگریی لێبکا، بەڵام ئەوانیتر ژێردەسەی هیچ لایەکنەبون و قەوارەیەکی خۆیان هەبو، بۆیە پارێزگارییان لەقەوارەی خۆیانکردو ملیان نەدا عەرەب بەدەردی کوردیانبەرێ. ئاخر ئەوەیە گرنگیی قەوارەی سیاسی.نەک پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەراندا.
راستە ئەبوایە کوردیش وەک ئەوانیتر رێگەیەکی بدۆزیایەتەوە بۆپاراستنی خۆی، بەڵام نەبونی هوشیاریی نەتەوەییان، ئەو دەرگایەشی لێداخستن! ئەو نەبونی هوشیارییە، ئێستەش بەردەوامە! ئەوەتا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، چەندین (تاکۆس-بەڵام) ئەخرێتە بەر رەورەوەی دەوڵەتی کوردی!! (بڕوانە وتاری دەوڵەتی کوردی و تاکۆس-بەڵامەکان)ی نوسەری ئەم چەن دێڕە لە فەیس بوک و هەندێ لە سایتەکان) *.
ئنجا بۆ مەبەستی پرسیارەکەی ئەو کچە خوێندکارە، لەکاک عادل ئەپرسین: ئەوە هۆی چیە کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، بەکوردیشەوە، دواکەوتوترینی کۆمەڵگەکانی جیهانن؟
پرسیاری دوەممان: کاک عادل، بەڕێزتان بە چ زمانێک ئەنوسن وا لە وتارێکی یەک لاپەڕەو نیویدا ئەم هەمو زاراوە بیانیانەتان بەکارهێناوە؟: (ناسیۆنالیزم، مەخزەن، کۆلیکتڤ، میتۆد، ستراکتۆر، بەستراکتۆرکراو، ستراکتۆر دروستکەر، ترانساندانس، غەرق، یۆنیڤیرساڵ، جەوهەر، ئەکشن، نێگەتیڤ، مۆبێلیزە، شەرعیەتدان، میکانیزم، وجود، ئەکتەر، ترادیسیۆن، تراژیدیا، سامبول، جاهیلانە، مەحروم کردوە، جەوهەرگەرا،) !؟ لەکاتێکدا زمانی کوردی پەکی لەسەر ئەو زاراوانە نەکەوتوە،فەرمو ئەوە واتاکانیان:
ناسیۆنالیزم : نەتەوایەتی. (کورد لەجیاتی ئەم دو زاراوەیە، ئەڵێ: کوردایەتی، کە نە ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایە نە قەومیەتی عەرەبی) هیچ ناوەرۆکێکی رەگەزپەرستیشی تیانیە)
مەخزەن: گەنجینە، کۆگا
کۆلێکتیڤ: هاوبەش
میتۆد: بەرنامە ، رێگە
ستراکتۆر: چێوە
ترانساندانس: تێپەڕین ، زیادەڕۆ
غەرق: نوقم
یونیڤێرسال: جیهانی
جەوهەر: گەوهەر، ناوەرۆک، ماک
ئەکشن: کردار
نێگەتیڤ: نەرێنی
مۆبێلیزە: جوڵێنەر. (کە لە جێگەی خۆیدا بەکارینەهێناوە!)
شەرعیەتدان: رەوایەتیدان
میکانیزم: شێواز
وجود: بون
ئەکتەر: بکەر، نوێنەر
ترادیسیۆن: نەرێت
تراژیدیا: کارەسات، مەرگەسات
سامبول: هێما
جاهیلانە: نەزانانە
مەحروم کردوە: بێبەشکردوە
جەوهەرگەرا: ئەمەیان، ئەشێ کاک عادل خۆیشی نەزانێ چ واتایەکی هەیە، وەک واتای (والسماء ذات الحبك) کە لەقورئاندا هاتوەو کابرای فارس بەمجۆرە لێکیداوەتەوە: (والسماء: يعنى ڤالسماء . ذات: زاتى خودايەست . اما الهوبك: نە من میدانم، نە تۆ میدانی، نە ئەنکی پدەر سوخت گوفت میدانەد) واتا نەمن ئەیزانم، نەتۆ ئەیزانی، نەئەو باوک سوتاوەی وتوشێتی ئەیزانێ.
ئەمەش رستەیەکە، بۆنمونە، لەرستەکانی نوسینەکەی کاکی باخەوان:
- ئیسلام ستراکتۆرێکی بەستراکتۆرکراوی ستراکتۆر دروستکەر نیە تا بەشێوەیەکی ترانساندانس بێت!-
جا خەڵکینە: تو ویژدانتان ئەمە کوردینوسینە یا کوردیلاقەکردنە!؟ بەزەییم بەو خوشکە خوێندکارەدا دێتەوە، ئەترسم وتەکانی کاک عادل، تێکەڵ نامەی دوکتۆراکەی بکا! لەکوێش؟ لە بەریتانیا!!
------------------------------
*تاکۆس: دارێکی وەک باگردێنبو دەسکێکی هەبو، کە پاس یا لۆریی جاران لە هەورازو نشێودا سەرینەخستایە یا پەکیبکەوتایە، شاگردەکە خێرا ئەو تاکۆسەی ئەخستە بەر تایەیەک بۆئەوەی ئوتومبێلەکە بەپێش یا بەدوادا نەڕوات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست