کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی ئاسۆ فەریدون کرا بە پارێزگار؟

Saturday, 18/06/2016, 20:57


ڕەنگە زۆربەمان پێمان وابێ تاکە هۆکار لەپشت ئەو پۆستەی ئاسۆ فەریدوون نزیکایەتی و خزمایەتی بوونی بێ لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی و هێرۆ. لەڕاستیدا،ئەمە بەشێکی زۆر بچووکە لەو هاوکێشە گەورەیەی کەئەمی گەیاندە ئەو پۆستە کەئەمەش خۆی لە دوو تەوەری سەرەکی تردا ئەبینێتەوە.
تەوەرەی یەکەم:
پەیامی یەکێتی و هێرۆ لەدانانی ئاسۆدا ئەوەیە کەوا بۆ خەڵك و یەکێتی نیشان بدەن ئەمان باوەڕیان بەوەیە گەنج ڕۆڵ ببینێ و لەچارەنووسی سیاسی کۆمەڵگادا دەست و خەتیان دیاربێ. ئەمە ئەو پاساوە دوور ئەخاتەوە کە ڕەنگە خەڵکی ڕەشۆکی بڵێین؛ئەوە بۆچی کوڕەکانی خۆیان هەرچی پلەو پۆست هەیە داگیریان کردوە بەبێ ئەوەی ڕۆژێ لەڕۆژان ئارەقەو ماندوو بوونیان بۆ کورد ڕشتبێ وەیان جووتێ کالەی ئەدیداسیان لەپێدا دڕابێ. لەهەمان کاتیشدا،پەیامێکی وا ئەدەنە چوار دەور کە ئەمان بەمەرجێ گەنج پلەو پۆستی ئەدەنێ کەوا لەسەدا سەد ئامادەیی هەبێ بەرگی کۆیلەیەتی بنەماڵەیی بپۆشێ و چاو شۆڕش بێ بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی بنەماڵە.ئەشێ (زۆر بەکەمی)،گەنجێك لەم بنەماڵەیە وەیان کەسە خزم و نزیکەکانیان نەختێ کۆیلەیەتی ڕەت بکەنەوە،ئەوا حەتمەن هیچ پلەو پۆستێك وەرناگرێ. واتە؛مەرجی کۆیلەیەتی و گوێ لەمست و سەر ڕاوەشێنی  پێش هەموو مژارێکی تر ئەکەوێ و پێوستە ئەم خەسلەتانە بۆ ئەوانەی پۆست و پلەی ئەوانە وەرئەگرن،بوونی هەبێ.
تەوەری دووەم:
شکاندنی گەنج و ڕیسواکردنی کۆمەڵگاو خەپاندنی شۆڕش. کاتێ یەکێتی کەسێکی وەك ئاسۆ فەرەیدوون ئەکا بە پارێزگار ،ئەیەوێ وێنای گەنجێك بۆ گەنجانی ووڵات بکێشێ کە ئەگەر چی بنەماڵە بەتەمەن پیریش ببن و بکەونە سەر کورسی و بشمرن،ئەوا بڕیار تەنها لای ئەمانە. واتە،بنەماڵە بریاری یەکەم و کۆتا لای خۆیان ماوەتەوەو ئەو گەنجەش تەنها جێبەجێ کردنی لەسەرە. هەر بەو هۆیەوە گەر بێتو ئەو گەنجە لەفرمانیان دەربچێ لایان ئەدەن و لەناویان ئەبەن. نمونەی قایماقامی سلێمانی وەك نمونە(زانا حەمە ساڵح) کە ئەوەندە بەدڵیان بوو تا گوێ ڕایەڵ بوو،دواتر فتیان کرد.
گەنجێکی وەك نێچیرڤان بارزانی مافی خۆیەتی لەماڵی خۆی وەیان لەماڵی مامی کە ئەبێتە خەزووریشی ،چ وەك ڕێز،وەیان وەك نەریتی عەشایری بێت و دەست و قاچی مامی ماچ بکاو بیلێسێتەوە.لێ لە کۆنگرەی پارتی(١٣)دا لەبەر چاوی هەموان هات و لەوێ دەستی سەرۆکی ماچ کرد.ئەمە ئەو پەیامەیە کەوا هەردوو بنەماڵە ئەیدەن  بەگوێی گەنجانی ووڵات. ئێوە هیچ نین جگە لەکۆیلەی ئێمەو پێوستە دەست و قاچمان ماچکەن. ئا بەم جۆرە گەنج لە کوردستانی باشوور حسابی بۆ ئەکرێ و وێنا کراوە.دەنا هیچ ڕێزو پێزانین بۆ گەنج ناکرێ.گەنج جگە لەئامڕازی کۆیلەبوون و خزمەتچێتی بنەماڵە ،هیچی تر نیە. گەر نا،ئەوا گەنج هیچ پلەو پایەی نیەو هەتا ماوە ئەبێ بیخولێنێتەوە و بیاتە بەر بەلوعەکە.
هەر بۆ ڕاستی ئەوەی سەرەوە ،تەماشا بکەن تاڵەبانی لەقسەو جەستە کەوتوەو تا ئێستا سکرتێری یەکیتیە. مەلا مستەفا نەشماوە کەچی بەو هزرەی ئەو حزب و ووڵات بەڕێوە ئەبەن.کەواتە ئەبێ ئەوە باش بزانین کەوا مەبەستی یەکیتی  ئەوە نیە کە ئاسۆ فەرەیدوون کوڕێکی لێهاتوەو دکتۆرای هەیە.بەڵکە،ئەوان کەسێکیان گەرەکە(ماستەر)ی هەبێ لەماستاو کردن،(پرۆفیسۆر)بێ‌ لە پرۆفیشاڵکردن،(دکتۆرا)ی هەبێ لە درۆ کردن،(لیسانس)هەبێ لە لەبلەکردن و چەمانەوە،(سێرتی فیکەیشن)هەبێ لە سەماکردن و سەر ڕاوەشاندن،(بڕوانامە)ی هەبێ لە زۆربڵێی و مامە حەمەیی کردن،(شاهادە)ی هەبێ لە شەرم نەکردن و خۆگێل کردن،(دەرەجە)ی هەبێ لە دەست پانکردنەوەو دەست ماچ کردن،(پلە)ی هەبێ لە پیاهەڵدان و پانکردنوە،(توانا)ی هەبێ لە تف قبوڵکردن و ئیهانەکردن. 
کاتێ ئاسۆ ئەو بڕیارە پڕ مەترسیە دەرئەکا و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی تەعریبی سلێمانی بکەن و هیچ سڵ لەو بڕیارەی گەورەکانی پێی داوون ناکۆڵێتەوەو جێبەجێی ئەکا. بەندە،پێم باشە سلێمانی و کوردستان لەهەموو شوێنکی ئەم جیهانەوە خەڵکی جۆراو جۆرو بیروو ڕای جیاوازی تێ بڕژێ و هەل بۆ هەموان بڕەخسێ ،بەمەرجێ بەیاسا ڕێك بخرێ. من کێشەم لەگەڵ هیچ گەلێك و ڕەگەزێك نیە،تەنها ئەوە نەبێ پێوستە مناڵەکانی ئەو کەسانەی دێنە سلێمانی پێوستە زمانی کوردی بخوێنن و بچنە خوێندگاکانی ئەوێ و کوردی وەك زمانی سەرەکی بناسن و فێر ببن. ئەشێ لەتەك چوونیان بۆ خوێندگاکانی کوردی لەماڵەکانی خۆیان وەیان سەنتەری خۆیان زمان و کەلتووری خۆیان پەرە پێبدەن بەو مەرجەی مناڵەکان بەردەوام بن لە چوونیان بۆ خوێندگا گشتیەکان .
بۆ ئەوانەی دەرەوەی سلێمانی و کوردستان ئەیانەوێ زەوی و ماڵ و موڵك بکڕن شتێکی گەلێ ئاساییەو پێوستە ئەو هەلە دروست بکرێ،بەمەرجی ئەوەی ئەو کەسانە لانی کەم ٥ بۆ ٧ ساڵێك لەو شارە نیشەتەجێ بوو بن وەیان لانی کەم بڕێکی دیاری کراو لە سەرمایەو پارە بخەنە بازار و هەلی کاریان بۆ لانی کەم بۆ  ٥ کەسی شار دۆزیبێتەوە.بڕی پارەکەش پێوستە لە نیو ملیۆن دۆلار کەمتر نەبێ و باج بدات بە دەوڵەوت. ئەمە هەمان یاسایە کە ئەمریکا و کەنەدا پەیڕەوی لێ ئەکەن. 
پارێزگاری سلێمانی چونکێ کابرایەکی چرووك و پوولەکیە ئەڵێ؛عەرەبەکان پارەیان هەیە و بازاڕ ئەبوژێننەوە،کەئەمەش ڕاست نیە و تەنها خێر وبێرەکەی بۆچەند کەسێك و خودی خۆیەتی.دەنا بازاڕ بەپارە نابووژێتەوە.بەڵکە، بەهەلی کار و دروست کردنی کارگەو برەو دان بەکشووکاڵ و کەرتی ئابووری تایبەت.
خەڵکی سلێمانی و خەڵکە دڵسۆز و  ڕەسەنەکەی ئەبێ بێنە دەنگ و نەیەڵن ئەو پرۆژە نەگریسەی تاڵەبانی و دوژمنانی کورد لە گەورەترین وزیندووترین شاری کوردستاندا جێبەجێ بکرێ.دەنا مێژوو و خۆشەویستیمان بۆ گەل و ووڵات  بەزەیی پێماندا نایەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە