تورکیا و پارتی هاوشانی (الحشد الشعبی) هێزێک بۆ سونەکان دروست دەکەن بە ناوی (الحشد الثوری)
Thursday, 16/06/2016, 10:23
سەرچاوەیەک لە نێو مەکتەبی سیاسیی پارتیی، بە کوردستانپۆستی راگەیاند کە تورکیا و پارتیی لەسەر ئەوە پێکهاتوون، کە هاوشانی (حشد شعبی)ی شیعەکان، ئەمانیش هێزێک لە سونەکان دروست بکەن بە ناوی (الحشد الثوری)، تا ئیستا توانیویانە 5 بۆ 7 هەزار چەکدار دروست بکەن، کە پێکهاتووە لە کۆنە ئەفسەر و سەربازی سەردەمی رژێمی بەعس و کورد و عەرەبە داعشە نوستووەکانی ناو هەرێم و ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ.
ئەرکی سەرەکی (حشد ثوری) ئەوە دەبێت کە لەگەڵ هێرش بردن بۆ سەر موسڵ و گرتنەوەی ئەم شارەدا، ئەم هێزەش بچێتە ناو موسڵەوە تا ئەوەندەی پێی دەکرێت یارمەتیی داعشەکان بدات و رزگاریان بکات، سەرچاوەکە دەڵێت کەوا جلی سەربازی عێراقیان بۆ داعشەکان ئامادەکردووە، تا تێکەڵیان بکەن بە هێزە رزگارکەرەکانی موسڵ، لە دواجاردا بیانخەنە ریزی (حشد ثوری)ەوە، دووەم هەنگاو لەناوبردن و دەستبەسەراگرتنی ئەو چەک و بەڵگانەی کە لە موسڵدا هەیە ئەوە بسەلمێنێت تورکیا و پارتیی و لایەنی دیکە یارمەتی داعشیان داوە، هەروەها رێگرتن لەو هێزانەی تر کە ئەگەر داعشێک بگرن و بیخەنە ژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن. هەنگاوێکی دیکەی ئەم هێزە ئەوە دەبێت خۆیان لە موسڵدا جێگر بکەن و رێگا لە حکومەتی عێراق بگرن تا لە ناو موسڵدا دەستڕۆیشتوو نەبێت. دوای ئەمانە رۆڵی (حشد ثوری) ئەوەی پێدەسپێردرێت کە لە کاتی پێویستدا بەرەو رووی (حشدی شهعبی )ی شیعەکان ببێتەوە، هەڵبەت ئەگەر هەموو ئەمانە بۆ تورکیا و پارتیی بچێتە سەر، ئەوا لە ژێر چاودێری تورکیادا بەهەرێمبوونی موسڵ رادەگەیەنرێت.
گشت ئەمانەش بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی تورکیا و سونەکانە لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ، کە شەنگالیش دەگرێتەوە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی پێگەی پەکەکە و یەزیدییەکانیش دەبێت لە ناوچەکەدا.
لە کۆاتاییدا ئەو سەرچاوەیە وتی: هەروەک چۆن پارتی لە ساڵی ٢٠١٤دا ئاگاداری وردەکاری گرتنی موسڵ بوو، ئاواش دەیەوێت لە وەرگرتنەوەی موسڵ لە دەست داعشەکان هەمان رۆڵی خیانەتکاری ببینێت. لەملاشەوە دەست لە هێزە کوردییەکان بوەشێنرێت، ئیدی بۆ هەمیشە کورد بیر لەوە نەکاتەوە کە موسڵ شارێک و ناوچەکەیکی کوردیی، یان پێگە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست