بۆچی بەرزانی سەردانەکەی ئێرانی دواخست؟
Wednesday, 15/06/2016, 23:04
وا بریار بوو مەسعود بەرزانی لە چەند رۆژی پێشودا لە سەر بانگهێشتی بەرپرسانی ئێران، سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەوێدا کۆبێتەوە، بەڵام لە دواچرکەکانی رووکردنە ئەو وڵاتە، ئەو سەردانەی دواخست، نەک هەڵیبوەشێنیتەوە . کەچی وەک خۆیان لە راگەیاندندا وایان بڵاوکردەوە کە سەردانی وا لەئارادا نیە و هۆکارە راستەقینەکەیان رانەگەیاند .
زۆری نەبرد لە زۆریک لاوە ئەوە دەرکەوت کە لایەنێکی ناوچەیی فشارێکی یەکجار زۆری لەم کاتەدا کردووە بۆ ئەوەی ئەم سەردانەلە بنەرەتدا نەکرێت، بۆ ئەوەی داواکاریەکانی خۆی فەرز بکات و، لە دەرئەنجامیشدا وەزعی نێوخۆیی هەرێم لە شوێنی خۆی بە چەق بەستویی بمێنێتەوە و بەرەو ئاساییبونەوە نەچێت، کە لەبەرژەوەندی ئەودا نیە بارودۆخی هەرێم بە هەر شێوەیەک بێت روو لە یەکگرتوویی بنێت و، بۆ ئەوەی دابەشبون بەسەر تەوەرەکاندا زیاتر خۆی فەرز نەکات .
بۆیە هەواڵەکان و زانیاریەکان وا نیشان دەدەن کە وەزعی نێوخۆیی کوردستان ئەمرۆ بە توندی وابەستەی داوا و خۆسەپاندنی لایەنی ناوچەیی بووە و نزیکبونەوەی لایەنەکانی کوردستان لە ئەمرۆدا کەوتۆتە ژێر رەحمەتی لایەنی زاڵی ناوچەیی نەک لایەنی زاڵی دەسترۆیشتوی کوردستان و، نەبونی ئازادی بریاردانی خودی بووەتە خەسڵەتی لایەنەکان، ئەمەش لە گرێژنە دەرچونی وەزعەکە دەردەخات و هەلی چارەسەری بۆ کێشە نێوخۆییەکانی قورستر کردووە و، وەزعی کوردستان لە ژێر رەحمەتی هاوکێشە ناوچەییەکەدا دەناڵێنێت نەک جڵەوەکە لە دەستی نێوخۆدا مابێتەوە، ئەمەش لەدەرئەنجامی خۆبەدەستەوەدانی لایەنە وابەستەکان بە وڵاتانی ناوچەکەوە و ئەم لاوازیە بەرچاوەی لە ئازادی جموجوڵی سیاسیان دەردەخات و بەرتەسکبونی کاری سیاسی خودی حزبە دەسترۆیشتوەکانی هێناوەتە ئاراوە و لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی؛ لە جیاتی ئەوەی لەیەکتر نزیکبنەوە و تەنازول بۆ یەکتر بکەن، ئەوەتا فەرمانی لایەنی ناوچەیی جێبەجێ دەکەن .
دیارە وەک وترا کە پاش سەردانی مەسعود بەرزانی بۆ ئێران و گەرانەوەی، بواری خۆ رێکخستنەوە و کۆبونەوەی سەرکردەکان بێتە ئاراوە و دەرگای چارەسەری کێشەکان بکرێتەوە، بەڵام نەبونی ئازادی بریاردان و ملدان بۆ فشار و هەرەشەی ئەم و ئەو، زۆرێک لە کارەکانی پەکخست .
ئەوەی لەسەر دوارۆژەکەی مەترسی زیاتر کردووە، وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی تورکیایە، کە لە هەوڵی ئەوەدایە دووکەرتبون لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار بێت وبسەپێنرێت و هەلی بەیەکگرتوویی مانەوە نەمێنێت و توانای زاڵبون بەسەریاندا بۆ خۆی ئاسانتر بێت، بۆیە هیچ کاتێک وە ک ئەمرۆ، لەدەرئەنجامی ئاڵۆرزبونی ناوچەکە و لاتەریکبونی خودی تورکیا و ئەردۆگان ئەوەندە سەخڵەت نەبووە بە هەموو شێوەیەک فشاری ئاوها گەورە بکات بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی لە هەرێمی کوردستان و، دەیەوێت ئەوەی لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان دۆراندویەتی لە لایەکەوە لە هەرێمی کوردستان قەرەبووی بکاتەوە و، لە لایەکی تریشەوە مەبەستی سەرەکی ئەوەیە لێرەوە رێگری بۆ چارەسەری پرسی کورد نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە ناوچەکە بە گشتی دروست بکات، بۆیە ئێستا تەنانەت جوڵە و سەردان و هاتوچۆ و پەیوەندیەکانی لایەنە نێوخۆییەکانی کوردستانیشیان کۆنترۆڵ کردووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست