ئێراق و کوردستان لە قەیرانی نەبوونی ئاسۆدا
Wednesday, 15/06/2016, 22:57
له‌وساوه که هێزه براوه‌کانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان نهخشەی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیان داڕشتووه، ئێراقی به‌ناو "ده‌وڵه‌ت" هه‌رگیز سه‌قامگیری و ئارامیی به‌خۆوه نه‌دیوه‌و نه‌یتوانیووه ئاسووده‌یی بۆ مرۆڤه‌کانی دابین بکات. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م به‌ناو "ده‌وڵه‌ت"ه، هه‌رله نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی بیسته‌وه، هێنده‌ی سه‌رقاڵی قووڵکردنه‌وه‌ی گرفته ناوخۆییه‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی گروپ و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به جیاجیاکانی پێکهاته‌ی بووه، له غه‌می خۆشکردنی ژیانی خه‌ڵکدا نه‌بووه.
کاتێ ئێراق له ده‌وڵه‌تی عوسمانی دابڕا، ڕه‌نگه هه‌ندێ که‌س تا ڕاده‌یه‌ک ئومێدیان به به‌ڵینه‌کانی ڕۆژئاوا‌و "شانشینی ئێراق" بووبێ. ده‌شێ پێیان وابووبێ ئیتر هه‌وری کڵوڵی و نه‌هامه‌تییه‌کانیان ده‌ڕه‌وێته‌وه‌و خۆری خۆشگوزه‌رانییان لێ هه‌ڵدێ. به‌ڵام ئاخۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌گ و پشیله‌و مشکێک له‌ژوورێکدا، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ خه‌ڵکی شه‌ره‌فمه‌ند و خێرلهوڵات نه‌دیوی ئێراق، ده‌بێ چ به‌هه‌شت و یۆتۆپیایه‌کی لێ چاوهڕوانکرابێ. بۆیه هه‌ر له‌وساوه ده‌سه‌ڵات، که هیوای به ئایندهی ئه‌وی بنده‌ستی خۆی نه‌بووە، خۆی له جه‌ماوه‌ر جیاکردۆته‌وه‌و ده‌ستی داوه‌تە تاڵان و بڕۆی سامانی گشتی و هه‌ڵته‌کاندنی گیرفانی میلله‌ت.
له‌وساوه له‌لایه‌ک کاربه‌ده‌ستان گیرۆده‌ی په‌تای به‌رتیلخۆری بوون و له‌لایه‌کیش سامان و داهاتی گشتی له‌لایه‌ن تاقمی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه هه‌میشه قۆرخکراون، دراون به چه‌ک و چۆڵ، به‌پله‌ی یه‌که‌م له دژی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات به‌کارهێنراون. بۆ نموونه، وەکو پیتەر سڵەگلێت لە کتێبی "بریتانیا لە ئێراق"دا دەنووسێ: سێر هێنری دۆبزی کۆمیساری باڵای ئەوسای بریتانیا له ئێراق له 15 تهمووز 1924 ئاشکرا پاساوی بۆ که‌میی بودجه‌ی که‌رته خزمه‌تگوزاریه‌کانی ئێراق هێناوەتهوهو، دۆبز لە نامەیەکدا بۆ سەرووی خۆی نووسیویەتی: زۆرینه‌ی بودجه‌ی ئێراق بۆ بنیاتنای هێزه‌کانی سه‌بازی ته‌رخانکراوه.
خۆ ئاشکرایشه له‌شکری به‌پاره‌ی خه‌ڵک بنیاتنراوی شانشینی عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی دروستبوونی ئه‌م به‌ناو "ده‌وڵه‌ت"ه زۆره‌ملێیه‌وه چی ماوە به‌رامبه‌ر ئازادیخوازانی ناوخۆ لەلایەک و، ده‌وڵه‌تانی هاوسێ لەلایەکی ترەوە، نه‌یکات. ئه‌م نامه‌یه‌ی دۆبز له کاتێکدایه که ئێراق کفتهکاری چوارساڵی جه‌نگی جیهانی و ئاکامه‌کانی بووه‌و له‌وپه‌ڕی پێویستیی خزمه‌تگوزاری و بوژاندنهوهدابووه. میلله‌ت گیرۆده‌ی ده‌ستی گه‌نده‌ڵی و چاوچنۆکیی چینی ده‌سه‌ڵاتدارو کاربه‌ده‌ست بووه. که‌چی ده‌وڵه‌ت هه‌ر له‌بیری قایمکردنی جێپێی خۆیدابووه. خۆ ئه‌م ههلومهرجهیش به‌رده‌وام ڕووله‌هه‌ڵکشان بووه‌و گۆڕانی سیستمی سیاسی و زنجیره‌یه‌ک کوده‌تای خوێناوی باری شانی خه‌ڵکی هه‌ژارو بێده‌ستیان سووک نه‌کردووه.
ڕه‌نگه ئه‌مه بۆ بارودۆخ و عه‌قڵیه‌تیی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و تاکڕه‌وو ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وسا تا ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددامیش زۆر سه‌یر نه‌بووبێ. به‌ڵام زۆر جێگای تێڕامانه ئێستا که 100 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌دا تێده‌په‌ڕێ، له ئێراقی به‌ناو "ئازاد"و "دیموکرات"دا سیستمی کار‌و عه‌قڵیه‌تی کاربه‌ده‌ستان، نه‌ک هه‌ر باش نه‌بوون، به‌ڵکوو خراپتر بوون. ئه‌گه‌ر پێش ساڵی 2003 تاکه لایه‌نێک دهسهڵاتداربووبێ، به‌ده‌ستێک خه‌ڵکی قه‌تڵوعام کردبێ و به‌ده‌سته‌که‌ی تری گیرفانی خۆی و دەستەو دایەرەی خۆی پڕکردبێ، ئه‌وا ئه‌مڕۆ میلله‌تی ئێراق و سامانه‌که‌ی، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، که‌وتۆته بنده‌ستی سه‌دان حزب و ده‌سته‌و تاقمی دزو جەردە. له ئێراقی نوێ‌دا یاسا‌و ڕێساکان، ئه‌گه‌ر هه‌بن لاستیکین و سیستماتیکی نین. ئه‌و به‌ناو یاسا‌و ڕێسایانه هه‌میشه ده‌که‌ونه به‌ر میزاج و خواستی کاربه‌ده‌ستان و ڕۆژانه به‌هه‌زار باردا ده‌گۆڕرێن. کاربه‌ده‌ستان چۆن له‌به‌رژه‌وه‌ندییان بێت، وه‌ها جێبه‌جێی ده‌که‌ن. خۆ هه‌رکه کاربه‌ده‌ستی ده‌زگایه‌ک ده‌گۆڕێ، جێگره‌وه‌که‌ی پێی شه‌رمه له‌سه‌ر یاسا‌و ڕینماییه‌کانی پێشینه‌که‌ی بڕوات و جێده‌ستی خۆی دیاری نه‌کات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که له دڵسۆزیی ستافی پێشینه‌که‌ی به‌گومانه‌و ده‌بێ چاره‌یان بکات. بۆیه هاوکات یاسا‌و ڕێنماییه‌کانی پێشووی ده‌زگاکه و زۆرینه‌ی ستافی هاوکاری پێشینه‌که‌ی تا کارگوزارهکانیش ده‌خاته زبڵدانهوهو یاسا‌و ڕێنمایی نوێ ده‌رده‌کات و خه‌ڵکی ماستاوچی "دۆست"ی خۆی ده‌خاته جێی ستافه لادراوه‌کان. ئیتر هه‌رچی له‌و ده‌زگایه‌دا ڕووده‌دات له نێوان به‌رپرس و داروده‌سته‌که‌یدا په‌رده‌پۆش ده‌کرێ. سه‌ره‌نجام ده‌بینین ئێراق بۆته یه‌کێک له گه‌نده‌ڵترین شوێنه‌کانی سه‌ر ڕووی زه‌وی و ڕۆژ به‌ڕۆژ بازاڕی نایاسایی و تریلیلانی قاچاغچیان له‌بره‌ودایه.
هه‌ڵبه‌ت چینی کاربه‌ده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رست، که بە ئاشکرا ده‌ستیان له درێژه‌پێدانی ئاڵۆزی و توندوتیژییه‌کانی ناوخۆیشدا هه‌یە، که‌ڵکیان له‌و پاشاگه‌ردانییه وه‌رگرتووه‌و تانها سه‌رقاڵی گیرفانپڕکردن و بڵندترکردنی ته‌لارو بزنسه‌کانی خۆیانن. جا له‌به‌ر موجامه‌له‌ی سیاسی و له‌ده‌ستنه‌دانی پۆست و پێگه‌کانی خۆیان چاویان له گه‌نده‌ڵی و ساماندزین و تاوانه‌کانی یه‌کتر پۆشیوه‌و به‌مه‌یش ده‌زگاکانی حکومه‌ت سه‌راپا ئیفلیج بوون. بۆ نموونه: سەردەمێک داخوازییه‌ک که به‌ڕه‌سمی له فه‌رمانگه‌یه‌کی پاسپۆرتی شاره‌کانی ئێراقه‌وه پێشکه‌ش بکرایە، شه‌ش مانگ یا زیاتری ده‌خایاند، به‌ڵام دهڵالێک دەیتوانێ له‌ماوه‌ی 3-7 ڕۆژدا پاسپۆرتێک و دووان و سیانییشت به‌ڕه‌سمی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ده‌ربکات. خۆ دیاره که ژماره‌ی ئه‌و دهڵاڵانهیش که‌م نەبوون و له‌هه‌موو شارێکی ئیراقدا هەبوون. نرخی پاسپۆرت لای ئه‌و ده‌ڵاڵانه هه‌ندێ جار گهیشتبووە 2500 دۆلاری ئه‌مریکی. ئه‌مه له‌کاتێکدا که نرخی ڕه‌سمی پاسپۆرتی ئیڕاقی ته‌نها 25 دۆلاری ئه‌مریکی بوو. هه‌ر ئه‌م نرخه خه‌یاڵیه‌ی پاسپۆرتی ئێراقی چاوی کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و دهڵاڵهکانیشی وه‌ها سوورکردبوو که زۆرینه‌ی پاسپۆرته‌کان به هه‌ڵه‌ی ڕێنووسه‌وه ده‌ربکرێن، تا دواتر خاوه‌نه‌کانیان 200-500 دۆلاری تر له ڕاستکردنه‌وه‌ی ناوه‌کانیاندا بده‌ن. کاربه‌ده‌ستانی حکومی و ته‌نانه‌ت ئه‌وانی فه‌رمانگه‌کانی پاسپۆرتیش، که زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ دهڵاڵهکاندا شه‌ریک بوون، به ئاشکرا به هاوڵاتیان ده‌وت "بۆ ناچی به پاره ده‌ری بکه‌یت. ئه‌وه‌یان ئاسانتره‌و زووتریش ده‌گاته‌وه ده‌ستت". له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌یان بڕوانامه‌ی ته‌زویر دروستکراون و خاوه‌نه‌کانیان ئێستا خۆیان پێکردۆته مڵۆزم و منه‌تکار به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی هه‌لپه‌رست له‌چه‌ندین شوین مووچه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن و ده‌وامیش ناکه‌ن. هەزارانی تر خۆیان بەناوی پۆلیس و سەربازەوە مووچە وەردەگرن، کەچی ئەم وڵاتە خاوەنی چارەکە ملیۆن سوپایە نەیتوانی بەرانبەر 300 چەکداری داعش لە مووسڵ بەرگری بکات. سەرباری ئەو بودجە زەوەندەی دوای رووخانی سەدام و تەنانەت گێرانەوەی پارە بلۆککراوەکانیشی، حکومەتی عیراق نەیتوانیوە قوتابخانەیەکی نوێ، ڕێگایەکی نوێ، نەخۆشخانەیەکی نوێ، پردێکی نوێ بۆ بەغدای پایتەخت دروست بکات، نەخاسمە شارەکانی تری بندەستی. ئەوە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانی تری ماددەی 140یش لەوپەری پەراویزدا بوون. وا بڕیاریشی داوە مووچەی مووچەخۆری داماو کەم بکاتەوە. خۆ خوا نه‌کات ده‌سه‌ڵاتیش بە گەندەڵ و دزێکی گەورە بلێ به‌ری چاوتان کلی پێوه‌یه، چونکه ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌وان خۆیانن و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاتدارن. جا کڵۆڵی له‌وه‌دایه ئه‌مانه‌یش خۆیان به ڕیفۆرمیست و یاساپارێز و مافپارێز ده‌زانن و ئاینده‌یش هه‌ر له‌ده‌ست و به میزاجی ئه‌وانه.
له هه‌رێمی کوردستانیش که چارەکە سەدەیەکە کورد حوکمڕانی خۆیه‌تی، بارودۆخه‌که له به‌شه‌کانی تری ئێراق باشتر نییه. پەرلەمانتار هەر خەریکی حساباتی پارەی داهاتی بۆریە نەوتەکەن، کەچی ڕۆژانه سه‌دان تانکه‌ر نه‌وت له سنووره‌کانه‌وه به قاچاغی دهنێررێنه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و که‌س نازانێ داهاتی ئه‌و بازاڕه ڕه‌شه ده‌چێته گیرفانی کێ. حزب بودجە لە حکومەت وەردەگرێ، لەریی کۆمپانیاکانییەوە پرۆژەکانی حکومەت وەردەگرێ، مووچەی کەوادریشی خستۆتە سەر حکومەت. لەو دەریا نەوتەی هەرێمی لەسەرە، هێشتا قوتابخانه‌کان سه‌رمای زستان به‌بێ ئاگر به‌ڕێ دەکەن. بەرپرس سوپاسنامە بۆخۆی دەردەکات و دەنوسێ سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئەرک و ماندووبوونی خۆم. هاولاتی لەسەر لایتی بەرز دەکوژرێ و بکوژەکەی لەسایەی دەسەلاتدا دەسووڕێتەوە. هێزی چەک بەدەستی وەزارەتێک پۆلیسی بێچەکی وەزارەتێکی تر دەدەنە بەرشەق و کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات. هەزاران کەس بە پلەو مووچەی باڵا خانەنشینکراون، کەچی حکومەت مووچەی مامۆستا‌و کارگوزارو کەمئەندامی داماو کەمدەکاتەوە، یان دەبڕێ. وا نزیکەی سالێکە هێشتا 4 چارەکە مووچەی فەرمانبەری داوە. حکومه‌تی هه‌رێم مووچه‌و موسته‌حه‌قاتی خوێندکارانی خویندنی باڵای له‌و ڕه‌حمه‌تی گرانییه‌ی ئه‌وروپادا بڕیوه، که خۆی ناردوونی بۆ خوێندن. له‌ولایشه‌وه خۆیان ناوبه‌ناو بۆ گه‌شت و گه‌ڕان خۆیان ده‌که‌ن به ئه‌ورووپادا، له‌هه‌ر گه‌شتێکیاندا که‌متر له موسته‌حه‌ققاتی ساڵێکی قوتابییه‌کی نان‌بڕاو خه‌رج ناکه‌ن. هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کورد، که پێش ڕاپه‌ڕین خاوه‌نی 10 دیناری ئێراقی نه‌بوون، ئێستا له‌سایه‌ی سامانی گشتییه‌وه بوونه‌ته خاوه‌ن بزنسی خۆیان و نوێترین ئوتومبێل و چه‌ندین خانوو پارچه‌زه‌وی کۆمپانیاو مۆڵ و مێگا مارکێت. هه‌ڵبه‌ت ته‌نها به‌خۆیشیان نه‌وه‌ستاون و چه‌ندین ئیمتیازاتیان داوه به ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان له لایه‌ک و له لایه‌کی تریشه‌وه به هاوکاره عه‌ره‌به‌کانی به‌غدایان. تازە بە تازە پارێزگاری سلێمانی بڕیار دەردەکا بۆ بەناوکردنی ئەملاکی شار بەناوی "برا عەرەب"ەکانەوە. هێشتا کەرکوک و خانەقین و شنگال و ناوچە تەعریبکراوەکانی تریان بە فەرمی وەرنەگرتۆتەوە، کەچی بە بریاری خۆیان خەریکی فرۆشتنی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیشن بە عەرەب. قبووڵنه‌کردنی ڕای جیاواز لای کاربه‌ده‌ستی کورد ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته په‌لاماردانی ئابڕووی خه‌ڵکانی نه‌یاری خۆی. خۆ تا ئێستایش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی که‌سی توانا بۆ پۆسته به‌تاڵه‌کان بدۆزنه‌وه، پۆست و پله بۆ هه‌وادارانی خۆیان داده‌تاشن. په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بڕیاری بە بنەڕەتیکردنی چوار خوێندنگای بنه‌ڕه‌تی ههڵوهشاندبووەوە تا پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ر بۆ چوار دووجار هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ئه‌ندامی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار زامن بکات. حکومەت بە کردەوە وەزارەتی بۆ کەسی دیاریکراو دروست کردووە. ئه‌وه‌تا له به‌رزترین ناوه‌نده‌کانی زانست و مه‌عریفه‌ی وه‌کو زانکۆکان‌دا پڕکردنه‌وه‌ی پۆسته ئیدارییه‌کان به ئیمتیازی حزبی چ بێسه‌روبه‌رییه‌کی له‌و ناوه‌ندانه‌دا دروستکردووه. جا ئه‌وه حاڵی زانکۆکان و ڕووناکبیرانی کوردبێ، قوڕبه‌سه‌ر خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌ی!
سه‌ره‌نجام ده‌کرێ ئه‌م ئه‌نجامه هه‌ڵبهێنجرێ. ئێراق نه له ڕابردوودا مایه‌ی ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بووه بۆ ئه‌ندامه‌کانی نه ئێستایش ئه‌و وڵاته دیموکرات و مافپارێزهیه که ساڵی 2003 به‌ڵێندرابوو. ئه‌وی ئێستا له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و سنووره‌دا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ڕووده‌دات باڵاده‌ستیی چه‌ند باندێکی قاچاغچییه که جگه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هیچی تریان له هه‌گبه‌دا نییه بۆ ئێراق و کوردستانییه‌کان. سەرباری پرۆپاگەندەی ریفراندۆم لە کوردستان، دەبینین لەسەر ئاستی دەرەکی زلهێزەکان زوو زوو یەکپارچەیی عیراق بە گوێماندا دەدەنەوە، لە ناوخۆیشدا هێشتا حزبەکان ئامادە نین لەگەڵ یەک دانوستان بکەن. یەکیان بە بیانووی سەرۆکی هەرێم و ئەوی تریان بەبیانووی سەرۆکی پەرلەمان و ئەوی تریشیان وەکو دراوێکی دوو ڕوو، ئەمڕۆ لەبەرەی ئەم و سبەی لەبەرەی ئەوی تر، درێژە بە نەهامەتیی خەڵکی کوردستان دەدەن و بڕست و هیوایان لە خەڵک بڕیوە. بۆیە نه له‌ئێستاو نه له ئاینده‌یه‌کی نزیکیشدا هاتنه مه‌یدانی به‌دیلێکی کارا چاوه‌ڕوانکراو بەدی ناکرێ. بۆیه پێده‌چێ هەڵاتنی خۆری ڕزگاربوونی ئێراقیه‌کان و ڕەوینەوەی ئەو هه‌وره ڕه‌شه‌ی وا سه‌ده‌یه‌که ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌ی، به هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه تەنیوە، هێشتا دوور بن و ئاسۆیەک بۆدەربازبوونی خەڵکی ستەمدیدەی ئەم وڵاتە لە نەهامەتییەکانی 100 ساڵی ڕابردووی بەدی ناکرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست