دروستکردنی هەرێمی کەرکوك خیانەتە
Wednesday, 15/06/2016, 22:48
دیاری حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە پارێزگای کەرکوك ئەڵێ؛ نابێ کەرکوك بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆو پێوستە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. بەووتەی ئەم کەسە گەر بێتو یەکێتی و خودی پارێزگار(دکتۆر نەجمەدین)هەنگاوێکی لەو شێوە بەپراکتیك بەئەنجام بگەیەنێ،ئەوا پارتی قبوڵی نیەو لەهەمان کاتیشدا بەخیانەتی ئەزانن دژ بەدەستکەوتەکانی گەلی کورد.
بەڵێ ،ئەوە زۆر ڕاستە کەرکوك وهەر ناوچەیەکی تری کوردستان نەخرێتەوە سەر نیشتمانی کورد،گەورەترین خیانەتە.بەڵام پرسیارەکە لێرەوە دەست پێئەکا،ئاخۆ ئەوانەی نیشتمانی کوردیان فرۆشت و لەچەندین کات و شوێنی جیاواز و بەبیانووی بێ بنەما و لەژێر پاساوی چەندین یاسا وڕێسای بەناو نەتەوە یەکگرتوەکان و چی و چی.ئەمانە خیانەت نەبوون لەکورد کراون.!! منیش ئەڵێم نابێ کەرکوك بکرێتە هەرێم و ڕیفراندۆمی بۆ بکەی. بەڵێ کەرکوك کوردستانیە و پێوستە بخرێتەوە سەر کوردستانی گەورە.پێم خۆشە ئەو برادەری باسی خیانەت و کوردپەروەریمان بۆ ئەکا و ئەیەوێ خۆیمان لێبکاتە مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و خەم خۆر بۆ کورد و کوردستان با چەند خیانەتێکی پارتی لەکەرکوك بەبیری کولی بهێنمەوە ئەوسا با بێت و دەم لەو مەسەلانە بژەنێ کە پێوستە خۆی و پارتەکەی نەیکەن.
یەکەم/ تیرۆر کردنی هەریەك لە(سۆرانی مامە حەمە و شێخ ستار)لە شاری کەرکوك بەدەستی هیوای لقی چوارتان دژ بە دەنگی ئازاد خیانەت نیە لە شاری کەرکوك و خەڵکە بەش مەینەتەکەی؟ ئاخۆ کوشتن و تیرۆری ڕۆژنامەنووس و مێژوونووسان لە کەرکوك تەنها لەسەر ئەوەی بەدڵی ئێوە نەبوو ناوی چی لێ ئەنێی؟
دووەم/دزین و بەتاڵان بردنی نەوتەکەی کەرکوك و ناردنی بۆ تورکیا کە دواجار لەڕێگای سوپاو جەندرمەوە کوردی پێ قڕ ئەکەن و خەڵکەکەی کەرکوکیش ئەبێ تەنها دووكەڵەکەی هەڵمژن و بەشیان نەبێ لەخێرو بێری بەخیانەت نازانی؟
سێیەم/هەل دروستکردن بۆ کاری تیرۆریستی و کوشتنی چەندین هاوڵاتی بێ گوناه لەکاتی خۆپیشاندانەکان خیانەت نەبوون لەو خەڵکە کرا؟
چوارەم/بازرگانی لەڕێگای عەقید سەرحەد و چەکدارەکانی داعش بەمەبەستی ئاژاوە نانەوەو کاری تیرۆریستی و بەئاسان کردنی هاتوو چۆی داعشەکان و دزە پێکردنیان ،خیانەت نیە؟
پێنجەم/هەر لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە کاتێ عەرەبەکان لەوێ هەڵهاتن و ملیان شکاند،ئەوە پارتەکەی مەسعود نەبوو نەیانهێشت عەرەبەکان ئەوێ چۆڵ بکەن و ئەوانەی ڕۆیشتبوون ،هەموویانیان هێنانەوە،ئەمە خیانەت نیە؟
شەشەم/ڕێگە خۆشکردن بۆ هێزەکانی وەك حەشدی شەعبی و داعش و هەرچی تیرۆریستانە تەنها بۆ مەبەستی ئەوەی کێشەو قەیران بۆ پارتەکانی ترو هاوسەنگی سیاسی تێك بدەن،خیانەتکردن لەوە زیاتر ئەی چی؟
ئەمە تەنها چەند خیانەتێکی پارتیە لە شاری کەرکوك ،بۆیه پێوستە دیاری حسێن باسی خیانەت نەکا وەك کورد ئەڵێ(گەر خانووت لەشوشەیە،بەرد مەگرە ماڵی کەس). بۆ پارتی جگە لەخیانەت لە کورد وکوردستان هیچی تر ئەزانێ،بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی مۆڵەتیان داوە بەکەسی تر خیانەت بکەن،بۆ لەبەر ئەوان خیانەتکردن بەر کەسی تر ئەکەوێ؟! بەڕاستی لەخیانەتکردن لەپێشی پێشەوەن و پشکی نەك شێر،بەڵکە نەهەنگتان بەر ئەکەوێ. لەکۆتاییدا تەنها ئەوە ماوە بیڵێم کەوا چۆن موسڵ و شەنگارتان فرۆشت و تەسلیم بەعەرەبەکانتان کرد،ئەوا مڕی خۆتان لەکەرکوكیش خۆش کردوە و بەناوی فشە کوردایەتیەوە ئەتانەوێ فێڵ لە خەڵکی گەرمیان بکەن و دەست خەڕۆیان بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست