کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داوایەك لە پەکەکە

Tuesday, 14/06/2016, 20:52


زۆربەی میدیاکان باس لەهەوڵێك ئەکەن بەگۆڕینی شوێنی ڕابەڕ ئاپۆ لە زیندانە تاکە کەسیەکەیەوە بۆ شوێنێکی تر لە هەمان دوورگە(ئیمرالی)،ئەوەش وەك هەنگاوێکی سەرەتایی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە وەك نیاز پاکیەك بۆ دەست پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەو ووڵاتە کەماوەیەکی زۆرە پەکی کەوتوە.
بەڵێ ڕاستە؛ هەوڵدان و داکۆکی کردن لە زیندانیانی سیاسی ئەرك و ستراتیژی هەموو پارت و گروپێکی سیاسیە ،بەتایبەتی پێش دانیشتن و کۆبونەوە لەمەڕ پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی گشتی. بەڵام پێوستە ئەم داواکاریە گشتگیر بکرێ و تەنها خۆی لەخودی سەرکردەو ڕابەردا بچووك نەکرێتەوە. مادەمەکی لایەنێك ئەیەوێ دەست پێشخەری بۆ ئاشتی بکا،ئەوا پێوستە لایەنی بەرانبەر بەهەمان گڕو تینەوە بەرەو ڕووی بچێ. داخۆ ئەکرێ لەم کاتەدا پەکەکە تەنها داواکەی بۆ ئازادکردنی سەرکردەکەی بێ وەیان تەواوی ئەو کوردانەی لەسەر کورد لە زیندانەکاندا تووند کراون؟؟
هەموان ئەو ڕاستیە باش ئەزانین بە تایبەتی پەکەکە کە حکومەتی ئاکەپە و ئۆردوگان لەم کاتەدا ناتوانن بانگشە بۆ ئاشتی بکەن،لەبەرئەوەی ئەوان نەك تەنها پەکەکە بەڵکە،پەیەدە و هەموو کوردیش بە تیرۆریست ئەناسێنن. کەواتە ،وەك دەستپێکێکی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی و پێش ئەوەی پەکەکە داوای بەرەڵاکردنی زیندانیانی سیاسی بکا؛ئەوا پێوستە داوا لە تورکیا بکا کە ناوی پەکەکە وەك تیرۆریست نەهێنێ و ئەو چمك و زاراوانەی لەوەو پێش بەکاریهێناون لە فەرهەنگی سیاسی تورکیادا ،بیان سڕنەوە.
گەر تورکیا ڕازی نەبوو بەم مەرجە ،ئەوا پەکەکە پێوستە دان بەخۆیدا بگرێ و لەخەبات نەوەستێ. کەواتە وەك مەرجێك بۆ ئاشتی پێوستە یەکەمین جار پەکەکە وەك هێزێکی نەتەوەیی و گەلی بناسرێ و ئاستی کۆبونەوەو دانیشتن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەبەشداری ئەندامانی پەرلەمانی کوردی باکوور و نەتەوە یەکگرتوەکان بەئەنجام بدرێ. بەدەر لەوە کۆبونەوە هیچ ئەنجامی نابێ.
مەرجی دووەم پێوستە لەسەر پەکەکە تەنها بەئازادکردنی ڕابەرەکەی کۆتایی بەخەباتی چەکداری و سیاسی نەهێنێ و داواکار بێ لە تورکیا کەهەرچی هێزی سەربازی و بنەکەکانێتی لە کوردستانی باشوور بیان کشێنێتەوە. دەنا گەر ئەمە نەکرێ بەهیچ شێوەك چوونە نێو هەر دانیشتنێك هیچی لێ سەوز نابێ.
پەکەکە بەهەردوو باڵی سیاسی و سەربازیەوە ئەبێ ئەوە باش بزانن کە هەنووکە باری سیاسی تورکیاو ئۆردۆگان گەلێ لەرزۆك و لەقە. دۆستەکانی لەناتۆ وەك خۆیان نەماون و سەنگەریان لێ گرتوە. باری ئابووری تورکیا گەلێ خراپەو بەرگەی جەنگی درێژخایەن ناگرێ. بۆیە پێوستە لەسەر پەکەکە فشارە سیاسی و سەربازیەکانی لەسەر حکومەتی تورکیاو هاوپەیمانەکانی زیاتر بکا.هەروەها نەیەڵێ نەوتی کوردستانی باشوور بەئاسانی بگەنە بەندەری جیهان . پەکەکە ئەوڕۆ لە لێواری سەرکەوتن و بەهێزی زیاتر نزیکە وەك لە پێچەوانەکەی، هەربۆیە پێوستە لە زمان و دایەلۆگی بەهێزیەوە بپەیڤێ و نەچێتە ناو هەر پرۆسەیەکی بەناوی ئاشتی کە گومانی لەسەرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە