کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی کوردی لە نێوان سنوری سایس بیکۆ و دێگەڵەدا

Sunday, 12/06/2016, 20:12


ئەوکاتەی خەلافەتە نەخۆشەکەی عوسمانیەکان پاڵپشتی ئەڵمانیای کرد و جەنگی جیهانی یەکەمیان دۆڕاند، دەوڵەتە براوەکانی وەکوو ئینگلیز و فەڕەنسا دەستیان کرد بە دابەشکردنی میراتی تورانەکان. لەو بەینەدا بێگوێدان بە مرۆڤ و کلتورو نەتەوە و ئاینی  ناوچەکە، کۆمەڵێک وڵاتی لاواز و پڕ کێشەیان دروست کرد. کە سنورەکانیان لەو ساتەوە بوونە نیشانەی ستەم و زۆرداری و بەرژەوەندی چاوچنۆکان.
 ئەم سنورانە کوردستانیان وەکو مەسیح لەوساتەوە کردوە بە خاچدا، جەستەی خوێنی لێدەچۆڕێ تا ئەمڕۆ. کوردەکان بە درێژایی سەد ساڵە چاوەڕێن جەستەی بەخاچکراو لەتکراویان بهێننەخوارەوە و بەیەکیەوە بکەنەوە. یەکێک لەو سەرکردانەی کە لەم ڕۆژانەدا بە توندی دژی سنورەکانە و بە تایبەتی دژی سنوری سایکس بیکۆ، مەسعود بارزانی سەرۆکی خێڵی بارزانە. ئەم پیاوەش بیری ئەو ڕابەر و شێخ و سەرۆک عەشرەتانەمان دەهێنێتەوە کە ماوەیەک لە مێژوودا لەسەر ئاستی ناوچەیەک دەستڕۆیشتو بوون و پاشان لەناو چوون.
ئەوەی ئەم باسە دەیهەوێت سەرنجی بدات، ئەو گوتارە فریادڕەسە و ڕزگارکەرەیە، کە ئەم پیاوە ماوەیەکە کردویەتیە سەر وێردی زمانی و دەیهەوێت کوردەکانی پێهەڵ خەڵەتێنێت. بێواتایی ئەم فریادڕەسیە لەو کاتەدا دەردەکەویت، کە ئەم پیاوە و خێڵەکەی گوایا سنوری دەستکردی سایس بیکۆ ناهێڵن، کە ئەوە ١٠٠ساڵە کوردستانی لەت کردوە. بەڵام لەو لاوە جەستەی لەتکراوی کوردستان لەت دەکەنەوە و سنوری نوێ دەکێشن.
ئێوە کە چارەکە سەدەیەکە حوکمڕانی ٣ شارلە باشوری کوردستان دەکەن و دواجار سنوری قەڵەمڕەوی خۆتان لە دێگەڵە کێشا، ئیتر چۆن لە ڕووتان یەت، باسی سنورێک بکەن، کە سەدساڵە کوردستانی لەت کردوە و ئێستەش ئێوە دەتانهەوێت بە یەکیەوە بنێنەوە. کوردەکانی کە دوای ئەم خێزانە کەوتون، ئەگەر تۆزێک بیربکەنەوە، بۆیان ئاشکرا دەبێت کە ئەم پیاوە ئەوەی کە باوەڕی پێی نی یە لابرندی سنورەکانی کوردستانە.
ئەوەی کە ئەو باوەڕی پێیەتی، باوەڕو گەورەیی خۆیەتی و بەس. ئەو وامان نیشان دەدات کە بە تەنها خەونی زیاتر لە چل ملیۆن کورد دەبینێت و وەکو مەسیح لە لای خواوە هاتۆتە خوارەوە و مژدەی بەهەشتبونی بۆ کوردەکان پێیە. بەڵام ئەو مژدەیەی کە ئەو دەیهەوێت بۆمان بهێنێت، تەنها لە ڕووکەشدا لە هی ئێمە دەچێت، گەرنا لە پاش٢٦ ساڵ حوکمڕانی جەستەی بە خاچکراوی کوردەکانی جارێکی تر لەت نەدەکرد و هەلێکی مێژووی نەدەکردە قوربانی دەسەڵاتی خۆی و خێزانەکەی.
دواجار هەموو نەتەوەیەک لە بڕگەکانی بوونیدا هەمان سەرۆک و ڕابەری تیا دروست دەبێت، کە شایانی ئەو نەتەوەیە بێت، گەرنا ئەدۆڵف هیتلەر نەدەبوە ڕابەری ئەڵمانیا و جەنگێکی خوێناوی بۆ ئەڵمانیای نازی و جیهان نەدە‌‌‌هێنا. بە هەمان شێوەش کوردەکان بە گشتی تا ئەمڕۆ خاوەنی بیرێکی ڕەخنەگرانە نین و تا عەشایر و خێڵەکین، گەرنا لە سەدەی ٢١ دا قبوڵیان نەدەکرد، خێزانێکی عەشایری خێڵەکی و لەوێش تەنها یەک پیاو، چارەنوسیان بەدەستەوە بگرێت و بەرەو هەڵدێرێکی تریان بەرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە