ماڵ ئاوایی لێ کردین
Sunday, 12/06/2016, 20:08
ئەمڕۆ هەینی بۆ دواجار محەمەد عەلی(کاش کلێی) ماڵئاوایی لەهەموان کرد و لە کۆبونەوەیەکی پڕشایستەو ڕێز،خێزان،هاوڕێ،کەسە دوور و نزیکەکانی محەمەد عەلی ووتەی خۆیان لەسەر ئەو مرۆڤە گەورەو مەزنە کرد کەجیهان سەرتاپا دڵگران بوون بە مردنی. هەروەك گوێبیستنی چەندین ووتەی کەسە نزیك و هاوڕێکانی محەمەد عەلی بووین،ئەوەی زیاتر بایەخی ئەو پاشخانەی عەلی جێیهێشت ئەوەیە کە مرۆڤێکی گەلێ ئاسایی وئازاو قسە خۆش و جوان بوە. محەمەد عەلی خاوەنی خێزانی خۆی بوەو لای ئەو خێزان مانای خۆشی و دهاتوو و سەرمایە بوە.
محەمەد عەلی ئەگەر چی وەك کۆیلەیەك لە ئەفریقاوە باوك و دایکیان هێناوەو بەو شێوەیەش مامەڵەیان لەگەڵدا کرابوو،لێ ئەم توانی ئەو بەربەستە بشکێنێت و بەخاڵێکی نوێ دەست پێبکا کەوا شتێك نیە لە جیهانی مرۆڤدا ناوی(مەحاڵ)بێ. بەڵکو ئەوەی هەیە هەمووی ئەکرێ گۆڕانکاریان تیا بکرێ و سنوورە دروست کردوەکانی مرۆڤ تێك و پێك بدرێن و سەرلەنوێ دایڕێژنەوە. محەمەد عەلی ئەگەر چی ئەو نازناوو مەدەلیانەی وەرگرتبوون لێی وەرگیراوە،بەڵام نەیان توانی ئەو خواستە گەورەیەی نێو هزری بسڕنەوە.هەر بۆیە جارێکی تر گەڕایەوە بۆ بۆکسین و توانی نازناوەکان وەك خۆی وەربگرێتەوە. محەمەد عەلی خاوەن کەسایەتی ماندوو نەناس و لەخۆبووردەیی کەهەمیشە دوای ئەو هەموو سەرکەوتنانەی جیهانی وەرزشی ،لەخزمەت مرۆڤایەتی و ئاکارە جوانەکان و بەها پیرۆزەکانی مرۆڤ دوو دڵ نەبوەو کاری گەورەی کردوە. گەر سەیری ئەرشیفی خزمەتەکانی بکەین ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخا کەئەم کابرایە هەموو سنوورەکانی ڕق و کینە و نایەکسانی و نامرۆڤایەتی بەزاندوەو گۆڕیونی بۆ خۆشەویستی،پێکەوە ژیان،گیانی لەخۆبوردەیی،ئازایی و سادەیی.
ئەڵبەت سایتە جوانەکەی کوردستانپۆست بەم چەند ووشەیە لەسەر موحەمەد عەلی زیاتر جوانتر ئەبێ و لای خوێنەرانی ئەو ڕاستیە بەرجەستە ئەکا کەبەڕاستی ئەم سایتە تەنها بۆ گەلێك و زمانێك و کۆمەڵێك کەس دروست نەبوە. کوردستانپۆست لەکوێ جوانی و ئازایەتی و کاری مرۆیی هەبێ،لەوێ قسەی پێیە و هەڵوێستی ڕوونە. هەروەك چۆن لەسەر دیاردە ناشرین و قێزەوەنەکان سڵی لەهیچ نەکردۆتەوەو پەنجەی بۆ هەموو دۆسیەو کەسایەتی و ڕووداوەکان ڕاکێشاوە. بەهەمان شێوەش ، کاتێ ئەبینێ کەسێکی خاوەن مۆڕاڵ بەرز و ئازاو مرۆڤدۆست کارێکی جوان ئەکا وەیان نەوەیەك فێری شۆڕشگیڕی و خەباتی بەردەوام ئەکا،ئێدی نووکی خامەکەی لەوێیەو سادەو ساکار لەسەریان هەڵوێستە ئەکا.
ئەوەی محەمەد عەلی کردە ئەم مرۆڤەی کەوا هەموو مرۆڤایەتی شانازی پێوە ئەکا،ئەوەیە توانی قسەی دڵی هەموو ئەو ڕەش پێستانە بکا و خەبات بکا بۆ ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆی. محەمەد عەلی یەکەم کەس بوە ڕازی نابێ دژ بە خەڵکی ڤێتنام بجەنگێ و ناچێتە ڕیزی سوپاوە . ئەم پێی وایە؛کوشتنی مرۆڤەکان هەروا سانا نیەو ئەبێ هۆیەکی گەلێ مەزن لەئارادا بێ بۆ ئەوەی ژیان لەمرۆڤ بسەندرێتەوە.ژیانی مرۆڤ بەهایەکی مەزنی لەهزری محەمەد عەلی داگیر کردوەو بۆ ڕۆژێکیش مرۆڤی نەکووشتوە ،وەیان چەکی بەکارنەهێناوە دژی. ئەو خەباتەی ئەم کردی جیاواز لەوەی(مالکۆم ئێکس) کە ئاینی ئیسلامی وەك ڕەوایەتی بەکارهێنا بۆ کامپینەکەی دژ بەسپی پیستەکان. بەپێچەوانەوە ،ئیسلامی محەمەد عەلی گەلێ جیاواز بوەو تەنانەت لە ڕووداوەکانی ٩/١١ زۆری پێناخۆش بوە ئیسلام بەکاربهێنرێت بۆ کاری وێرانکاری و تێكدان. باوەڕ لای ئەو بۆ خۆشەویستی مرۆڤەکان وپێشخستنی ژیانیان بوە،نەوەك پێچەوانەکەی.محەمەد عەلی توانی لەجهانی سەرمایەداری نمونەی مرۆڤی جوان و سەرکەش و سەرکوتوومان بۆ دروست بکا. محەمەد عەلی وانەی سەرکەشی و یاخیبوونمان بۆ بکاتە دەرکەوتە(واقیع)یەکی بینراو . محەمەد عەلی وێنەی کەسی ئازاو خاوەن توانای لەبن نەهاتوومان نیشان ئەداو ئەڵێ؛مرۆڤ نابێ سنوور بزانێ و پیوستە لەهەوڵ و خەبات بەردەوام بێ.
هەزار سڵاو لەگیانی ئەو مرۆڤە مەزنانە کە جیهان بتوانن شانازیان پێوە بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست