جیاوازی لە نێوان زەمینەی بەردەستی ئالمەسعود و ئالسعود دا
Thursday, 09/06/2016, 14:24
ئەوەی تۆزێک لە مێژووی دوور و نزیکی سعودیەدا بزانێت، لە رووی سیفەت و سروشتی خەڵک و بارودۆخی ژینگەیی و ئاستی رۆشنبیری گشتی و، لە چۆنێتی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام و خۆفەرزکردنی هۆز و عەشیرەت و پیاوانی ئاینی، ئاگادار بێت و بەراوردی لەگەڵ زەمینە و مێژووی کوردستاندا بەراوردی بکات لە هەمان رووەکانەوە دەتوانێت قورسی لاساییکردنەوەی بە باشی بۆ دەردەکەوێت .
رەفتار و بۆچونی گەلی عەرەبی سعودی و مامەڵە کردنی لەگەڵ خۆیدا لە لایەک چۆنێتی هەڵکوتانە سەر یەکتر و راماڵین و قرکردنی یەکتری بە غەزاکردنی بەهێز لەودژی بێ هێز وراوروت کردن و سەبیکردنی ژناو منداڵی یەکتر و بەکۆیلە گرتن و کەنیزەک لەخۆگرتن و روانینی بۆ ئەوی تری غەیرە عەرەب لە لایەکی ترەوە بزانێت، هەست دەکات کە زۆر خاڵی دەگمەن و تاکی تێدایە و، لە رووی سەختی و زبری و دڵرەقی و دوفاقیەت و خودپەرستی و خەیاڵ و دەستدرێژی بۆ ئەوی تری ئەوتۆی تێدا دەبینرێت کە باوەر ناکەم لە هیچ شوێن و میلەتێکدا هەبێت و، ئەمەش لە دەرئەنجامی هۆکاری خودی و بابەتی کەسێتی خەڵکی بیابان و نەبوونی و قاتوقری لە هەموو بوارێکدا وای فەرز کردووە کە هەمیشە بیر لە خۆپارساتن و مانەوە بکەن، بەهەر شێوەیەک بێت، جا بە لەناوبردنی رکابەر یان تەنانەت ناپاکی لە هاوشان و هاوکار و هاوپەیمانیش . مێژووی پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و لە کاتی بڵاوبونەوەی ئیسلامیش و کاریگەریەکانی ئاینی ئیسلام و لەسەر مرۆڤی عەرەب لە هەموو لایەکانیەوە بە سیفەتی شەخسی و کەشی ژیان و باری گشتی میلەتەکەی و چۆنێتی گردبونەوە و هەلکوتانە سەر یەکتر و خۆشاردنەوە و پەلاماردان و یەکترقرکردن، نمونەی لە جیهاندا بەم فراوانی و توندی و گەورەیی و سەختیەوە زۆر نیە، مەگەر لە شوێنێکی بیابانی هاوشێوەی دوورگەی عەرەبی نەبێت لە هەندێک قوشبنی سەر زەویدا.
لە بارێکی تردا چۆنێتی دروستبونی دەوڵەتی عەرەبی سعودی و یەکخستنی هۆز و عەشیرەتەکانی دوورگەکە بە زەبری شمشێر و چەک و بەکارهێنانی بیری میتافیزیک لە ترساندن و فەرززکردنی دەسەڵاتی عەشیرەت و ئینجا خربونەوە لە یەک بنەماڵەی گەورە و بە توانای چەکداری و ئابووری وەک ئالسعود و بە یارمەتی شێخ و زانا و فەقیەکانی سیلام بە ملکەچکردنی خەڵکی عەوام بۆ وەلی ئەمر و بڤە کردنی دەست بردن بۆ دەسەڵات بەدەر لەوان و، بە هێشتنەوەی نەزانی و نەخوێندەواری و جەهل و دواکەوتوویی لە پێناو خۆفەرزکردن تاوەکو ئەو کاتەی لە هەموو بوارەکاندا پێگەی تاک وبنەماڵەو خێزان خۆی فەرز بکات، لە هەردوو لاکەدا؛ واتە، لە لایەنی دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری بە شێوەی کرداری و، لایەنی تیۆری و بەستنەوەی فکرو بیری ئاینی بە میتافیزیک و پەیوەست کردنی بە وەلی ئەمرەوە هەرچۆنێک بێت؛ بووە هۆی درێژەکێشان و زاڵبونی ئالسعود وەک تاکە خێزان و بنەماڵەیەکی ئەمارەتی سعودیە و دواتر کۆبونەوەی هۆز و عەشیرەتەکان لە ژێر چەتری ئەواندا بە هەموو شێوەیەک، چ بەکارهێنانی هێز بێت یان فرتو فێڵ و تەرهیب و تەرغیب، تا رۆژگاری ئەمرۆ درێژەیان بە دەسەڵاتدارێتی خۆیان داوەو هەموو نارەزایەیتەکان کپ کردۆتەوە . دیارە لمەشدا رۆڵی وڵاتانی جیهان لەمانەوەی وەزعی سعودیا وەک پاشایەتی و بەدەست بنەماڵ’یەکەوە لەبەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیانەوە لە فاکتەرە خودیەکان کەمتر نەبووە ئەگەر تاکە هۆکارێکی زاڵ نەبوبێت لە ەرگریکردن و مانەوە و لەبناوبردنی بەرامبەرەکانیان و پەرسوبڵاوەپێکردنی نیار و دوژمن و ئۆپۆزسیۆنەکانیان؛ واتە بەکورتیەکەی: بارودۆخی خودی و بابەتی رێگەی پێ داون درێژە بە تاکرەوی و حوکمی بنەماڵەیی خۆیان بدەن و زاڵبونی ئاینی ئیسلام بەم جۆرەی دەیبینین و بونی کەعبە و پرسی پێغەمبەرایەتی و گۆری موحەممەد لە زۆر لاوە لە قازانجی مانەوەی ئالسعود بووە بە یارمەتی بیری تەسکی وەهابیەت لەو دورگەیەدا، سەرەرای بونی نارەزایەتیەکی زۆری بێ شومار کە لە مێژووی دوور و نزیکی سعودیەدا سەرکوتکراون و کپ کراونتەوە .
بەڵام دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگرێن ئەمە هەمووی لە زەمین و زەمانێکدا رووی داوە و پایەکانی حوکمی ئالسعود لە خۆفەرزکردن قایم کردووە و سەرکەوتوبون، کە لە رۆژگاری ئەمرۆمان بوایە یەک هەنگاو بواری خۆ فەرزکردنیان نەبوو، تەنانەت لەو ژینگە و بارودۆخەی سعودیەشدا بێت .
جا لێرەوە وەرەوە بۆ کرودستان و لە کاتێکی وەک ئەمرۆی سەدەی بیست و یەکی سەردەمی جیهانگیری و دیموکراسیەت و فراوانی عەقڵ و رۆڵی رۆشنبیری گشتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و رادەی هۆشیاری میلەت لەم بارەدا بێت، کەسێک یان بنەماڵەیەک هەوڵی دوبارە کردنەوەی لە جۆری خۆسەپاندنەکەی ئالسعود لە کوردستاندا بداتەوە، واتە لاساییکردنەوە لە شوێنێکی جیاواز و سەردەمێکی گۆراو و میلەتێکی تا رادەیەکی وریا و شارەزا بە رێژەیەکی جیاوازی لێرەو لەوێ و ئاستێکی رۆشنبیری و پلەیەکی زانستی زۆر جیاوازتر و باڵاتر لە میلەتێکی عەرەبی بیابانی و جاهلی پێپەتیی ئەوکاتەو ئێستاش .
لە رووی جوگرافیەوە جیاوازیەکەی وای کردووە خەڵکی جیاوازی تێدا دروست بێت و سیفەتەکانی زۆر دوور بن لە خەڵکی چادر و خێوەت نشینی بیابانی سعودی، لەرووی بیرو فکر و تەنانەت مێژووی دیانەتەوە، رەسەنایەتی ئاین وەک سەرەتای بیری فەلسفە لێرە دوورتر و کۆنتر بووە و بە فیعلی داگیرکاری زۆر و شمشێر رەشکراوەتەوە، ئەوەتا ئێستالە رووی بیری ئاینیەوە خەڵک بە سەردەمیانە هەوڵی گەرانەوە بۆ مەشخەڵی فکری ئاینیانەی بابو باپیرانی خۆی دەدات لە زەمینێک کە رێگری لە ئاینی ترو تەنانەت بێ ئاینیش ناگرێت، ئەمەش بواری تاکرەوی نەهێشتووە . گرنگترین فاکتەری بوارنەدان بۆ دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوەی رەفتاری ئالسعود بە بیر و رەفتار و سیاسەتی ئالمەسعود؛ بونی کایەیەکی پێشکەوتنخوازی وەک پەیوەندیە هەمەلایەنەکانی میلەت لە نێوخۆ و دەرەوەی خۆیدا و لەگەڵ تێکەڵاوی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوەیدا و کاریگەری پێشکەوتنخوازی و بیری سەردەمانەیە کە هیچ هەلێکی بۆ خۆسەپاندن بە بیری پاشایەتی و تاکرەوی هۆزگەری و عەشیرەتگەری نەهێشتۆتەوە، بۆیە، ئەگەر هەر کەسێک توانیبێتی لە شوێن و ژینگەیەکی تا رادەیەک دواکەوتوودا خۆی بسەپێنێت، بە هۆکاری مادی و مەعنەوی و کۆمەڵێک فاکتەری بەردەستیەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەم سەردەمەدا لە کوردستان بە گستی ناتوانێت خۆی فەرزبکات و پایەگانی هۆزگەری و عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی داکوتێت و ناتوانێت لە زەمین و زەمانێکی جیاوزادا ئەزمونی دواکەوتووی ئالسعود دووبارە بکاتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست