چیرۆکی ئەو پیاوەی دەچێت بۆ دیداری گۆڕکەی خۆی
Wednesday, 08/06/2016, 20:34
پەری کەلەخەڵوەتگەی پیری دەستی بەکارکردن کرد، واژۆی لەسەر نوسراوێک کرد کە نابێت هیچ کاتێک باسی ئەم خەڵکانە بکات، کە لەدوا ویزگەی ژیانیاندا لەو خەڵوەتگەیە نیشتەجێ بوون و ڕۆژرەکانی کۆتایی ژیان دەژمێرن. بەڵام چیرۆکی ناو ئەو خەڵوەتگەیە چیرۆکی سەفەری کۆمەڵێ ژن و پیاوی هێندە دنیا دیدەیە و هێندە ساردوگەرمی ژیانیان دیوە ناکرێت دوای مردنیشیان نەگێڕێتەوە و لەناو بچێت.
پەری ووتی : من ناوی کەس نابەم بەڵام ناتوانم چیرۆکی پیاوە چاوشینەکە فەرامۆش کەم کە بەتامزرۆیەوە حەزی بەمەرگی خۆی دەکرد...! پیاوە چاوشینە سەرتاپا مووسپێکەی هیچ کەسێکی نەبوو، ئەو نە کوڕ نەکچ نەژن، تەنانەت ئامۆزاو پورزاشی نەبوو، بەڵام قەیرە ژنێک، وەک مانگگیران هەرچەند مانگ جارێک دەهات سەردانی دەکرد. قاوەیەکی تاڵی ڕەشیان بەئیشتهاوە پێکەوە دەخواردەوەو ئیتر وون دەبۆوە، هەرجارێک ژنە قەیرەکە دەڕۆشتەوە، پیاوە چاوشینە موو سپێکە ئیشتهای بۆ مردن نوێ دەبۆوە. پیاوە چاوشینەکە چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو بۆیە ژوورەکەی سیمای ژووری زیندانیەکی لەخۆ گرتبوو، پەنجەرەکانی دەسکیان پێوە نەبوو ، لەدەرەوەش بە کەتیبەی ئاسن مەحکەم کرابوو. لەژوورەکەشی هیچ چەقۆو چەتاڵو قاپ وقاچاغی لێنەبوو و تەنانەت مێزو کورسیەکەشی بەدیوارەکەوە بەسرابونەوە، ئەو حەوسەڵەی ئەوەی نەبوو کە لەسیمای خۆشی بڕوانێت ، بۆیە ئاوێنەی بەر دەستشۆرەکەشیان لابردبوو، ڕاستێکەی بۆ ئەوەبوو کە هەوڵ نەدات بە ئاوێنەکە خۆی زامدار کات. چونکە بەر لەماوەی ساڵێک بەیانیەک یەکێک لەدەمارەکانی قۆڵی دەبڕێت، بەڵام زوو پەرستداریك پێی دەزانێ و بەخێرای دەیبەن بۆ نەخۆشخانە و لە وخۆکوژیە قوتاری دەکەن و جارێکی تر دێتەوە ناو ژیان. چیرۆکی پیاوە چاوشینەکە بۆ خۆکوژی چەند جارێکە و هەمووجارەکانیش لەدوا چرکەدا قوتاری دەکەن و یان بەڕێکەوت ڕزگاری دەبێت. ئەو لەگەڵ کەس قسەناکات هەمووڕۆژێک سەری کاسی لەناو دەستە چرچ و لۆچە بەفرینەکەی دەنێ و دەگری. گەر فرمێسکی ڕۆژێکی بۆ کۆکەیتەوە بێگومان سوراحیەک بە ئاسانی پڕ دەکات.
پەری ووتی : زۆرئارەزووم بوو بزانم چ هۆکارێک وای لەم پیاوە چاوشینە بەتەمەنە کردوە کە ئارەزووی دنیای فانی بکات و ئەو پەلەپەلەی لەچییە بۆمردن...؟ پیاوە چاوشینەکە لەگەڵ کەس قسەی نەدەکرد، ئەو زیاتر لەمرۆڤێکی لاڵ دەچوو بێدەنگێکەی پڕبوو لەپرسیارو تێڕامان، پیاوە چاوشینە موسێکە نورانیەکی بێدەنگ بوو، زۆرجاران بێدەنگێکەی پڕبوو لەقسەکردن ؟ ئەو بۆواتەنهایە، بۆ لەگەڵ کەسدا قسەناکات، بۆداوایەکی نییە، بۆخواردن و خواردنەوەکان نایهێنەزمان ؟ ئەو هەمیشە ڕەزامەندبوو لە هەمووشتێک، بۆ هەموو کارێک کە بۆی دەکرا تەنها سەری نەوی دەکرد ، ئەوەسوپاسگوزاری ئەوبوو. پەری ووتی : من لەسیمای ئەم پیاوەدا باوکی خۆم وێنەکردبوو، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێت هۆگری من و خەمی من ، چونکە کەباوکم کۆچی کرد من دوربووم لێوەی، بەڵام خوشکەکانم دوا ساتەکانی ژیانی باوکمیان وەک چیرۆکێکی تراژدیایی دەگێڕایەوە، باوکیشم لەدواساتەکانی ژانیدا گریانێک داگیری کردبوو ، ئەو لەلەتەکەی تری نیشتمانەوە هاتبوو، ئەو هەمیشە خۆی بەغەریب و بێکەس دەزانی، گەرچی خاوەنی هەشت منداڵ بوو بەڵام کە نەخۆش دەکەوت هەمیشە بۆ غەریبی خۆی دەیلاوانەوە. پیاوە چاوشینە پیرەکەش گریان و لاوانەوەیەکی ئاسکیمۆیانەی هەبوو، هەرچەند گوێم دەگرت ووشەکانیم بۆ نەدەنوسا پێکەوە تاتێیان بگەم. ڕۆژێک بەخەیاڵما هات کە خوناڵەکەی بخوێنمەوە تالەوێوە لەم باوکە غەریبەم بگەم و بەڵکو سەرەداوێکم بۆ دەرکەوێت، چونکە ژیانی ئەم باوکە چاوشینە پڕبوو لەپرسیار ی بێ وەڵام. دوای خوێندنەوەی ژیان نامەکەی بۆم ڕوونبۆوە کە باوکە چاوشینەکە بەڕەچەڵەک ئەڵمانی یە و لە کاتی جەنگدا لەگەڵ دایکیدا ڕایکردوە، جەنگ و دەنگی تەقینەوەکان لەگەڵیا گەورەبوون، نەفرەتی جەنگ هەرچی هیوایەک هەیە لێی داگیر کردوە و ژیانی لەخەستەخانەکان و تەنهایدا دەباتەسەر، ئەو چەندجارێک هەوڵدەدات هەستێتەوە بەڵام سەرکەوتوونابێت، جارێک بەدەنگی بەرز دەڵێت : " من لەخۆکوشتینشدا وەک ژیان سەرکەوتوونەبووم ". جەنگ هەموو شتێک و مرۆڤێکی بۆ دەکاتە گومان، بۆیە تەنهایی دەبێتە پیشەی و تاهەتنی بۆ ئەم خەڵوەتگەیە تەنهایی بەرۆکی بەرنەداوە.
پەری ووتی: ڕۆژێک پیاوە چاوشینە نورانێکە زۆر ئاسودەبوو، کەچومەلای بۆ ژوورەکەی خۆی گۆڕیبوو پرچی شانەکردبوو کراسێکی سپی لەبەردابوو لەگەڵ قاتێکی ڕەش، من هەمیشە پرسیارم لێدەکرد چی دەوێت، چی بۆبکەم، حەز بەچی دەکات، دەرمانەکانت خواردوە، قاوەت بۆبێنم ؟ لەگەڵ پرسیارگەلێکی تر وەک ئاوهەوا ساری گەرمی ژوورەکەی، بەڵام ئەو هیچی نەدەوت تەنها سەری ڕەزامەندی دەلەقاند. ئەمڕۆ جیاوازبوو...! خۆی کەوتە سڵاو کردن، منیش ووتم چی یە دەڵێ دەچی بۆ ئاهەنگی ژنهێنان ؟ پێکەنی دانە زەربوەکانی بۆیەکەم جار دەرکەوت هێندەپێکەنی چاوەکانی پڕبوون لەئاو، من ترسام شتێکی لێبێت، بەڵام وانەبوو ئەوووتی : "خانمەکەم، ئەمڕۆ دەچم بۆ سەیری ماڵە نویەکەم کە بڕیارە ٢٥ساڵ ئاسودانە تێیدا دانیشم.
لەدڵەوە پێم ناخۆش بوو، کە لەلامان دەڕۆی بۆیە ووتم : بۆ دەڕۆی ؟ ماڵە نویەکەت لەکوێ یە ؟ دیسان پێکەنی ئەمجارە بەخێرایەکی زیاتر و قاقالێدان ، لەدڵی خۆمدا ووتم بەڕاستی دەبێت ڕاکەم بە پەرسدارەکە بڵێم کە پیاوەچاوشینەکە تەندروستی باش نی یە و فریای کەون. دوای پێکەنینەکەی کەم بۆوەو بوو بەخەندەیەکی جوان کە زیاتر لەباوکم دەچوو، ووتی" کچەکەم من دەچم بۆ سەیری گۆڕەکەم ". سەرەتا تێنەگەشتم بۆیە ووتم :"گۆڕەکەت"...! گاڵتە دەکەی ؟ .
لەدەرگایان دا .بەڵێ ئەو پیاوە باڵابەرزە لاوازەبوو کە بەرلەماوەیەک لەسمینارێکدا باسی چارەنوسی مردۆکانی بۆکردین، کە هەمووکەسێک لەم نیشتمانە مافی خۆیەتی بۆماوەی ٢٥ساڵ ببێتە خاوەنی گۆڕێک ، دوایش کە کەسو کارەکەی کرێی بەن دەتوانێت گۆڕەکەی چۆڵنەکات و بەردەوام بمێنێتەوە تێیدا. بەڵام گەر کەس و کارەکەی کرێی نەدەن ئەوە کەسێکی تر دەبێتە خاوەنی ئەوگۆڕە. بۆیە پیاوە چاوشینە ووتی: ماڵێکم گرتوە بۆماوەی ٢٥ساڵ.
پاش ئەوەی سەردانی ماڵەکەی کرد، کە وەک خۆی ووتی: لە مابەینی دارە بەتەمەنەکاندایە و هاوینان سێبەری بۆدەکەن و زستانانیش نایەڵن سەرمای بێت ، زۆرشادمان بوو. بیرمە ماوەیەک زووزوو دەچوو بۆ سەردانی ماڵەکەی تاشەوێک لەبێدەنگی ژوورەکەیدا سەفەری کرد و گواستێوە. ئێستا پیاوە چاوشینە سەرتاپا سپیەکە لەماڵەکەی خۆیدایە تا ٢٤ساڵی تر ئەو لەوێ ژیان دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست