رۆڵی کورد لەو دوو ئەگەرەی بۆ عیراقی پاش داعش دانراوە
Monday, 06/06/2016, 20:54
سەرچاوە هەواڵیەکان باس لەوە دەکەن کە عیراق لەپاش تەواوبونی داعش لە بەردەم دوو رێگەدایە و، ژێر بەژێریش کار بۆ ئەوە دەکرێت و، وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش لە هەوڵی هەمانهەنگین، کە کامەیان لەگەڵ پێشهاتەکاندا بگونجێت و بتوانرێت جێبەجی بکرێت پەنای بۆ ببەن، ئەم باسوخواس و وتوێژانە لە کاتێکدایە، ئەوان لە دوورەوە بەرژەوەندیە قوڵەکانیان ناچاری کردون پەنا بۆ یەکێک لە دوو ئەگەرە بەرن، کەچی کورد خۆی لە ناوەراستی کێشەکەدایە و مێش میوانی نیە و بێ ئاگا خەریکی کێشە نێوخۆییە تاقەتپروکێنەکانی خۆیەتی و نازانێت خەریکە بەڕەکە لەژێر پێی دەردەچێت و، لەولاوە بە ئامانجی سیاسی رووت و موزایەدە ئیدیعای پەنابردن بۆ ریفراندۆم دەکات .
هەوڵی یەکەم کە کۆمەڵێک وڵات و لایەن تێیدان و بە گوڕوتینەوە کاری بۆ دەکەن و، ئەمریکاش تا ئێستا لەگەڵ لایەنەکانی تەرحکردنی ئەم بیرۆکەیەی وەک سعودیە و وڵاتانی تری عەرەب قسەی کردووە، بەڵام وای دەردەخات کە تا ئێستا هەڵوێستی یەکلایی خۆی لەوبارەوە دیارینەکردووە . دیارە لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەم کارەیان سەربگرێت بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانن تا رادەیەک ئێران تێیدا پەناگیر بکەن، بەڵام بە خوێندنەوەی هاوکێشەکان و مامەڵە کردن و روانینی نوێی ئەمریکا بۆ ناوچەکە بێت، ئەم بۆچونە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیدا نایەتەوە، کەس باوەر ناکات کاری وا بکات و، لەم کاتەدا خۆی بکاتە هاوسەنگەر لەگەڵ میحوەرێکی دژ بە ئێران، هەر ئەم هۆکارەش وامان لێدەکات بڵێین رێژەی جێبەجێ کردنی و سەرکەوتنی لە چاو ئەگەری دووەمدا زۆر کەمە. ئەم هەوڵانە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە مەبەست لێی ئەوە بێت عیراق بەیەک پارچەیی بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی لە ژێر رکێڤی ئیران دەریبکەن و هەوڵی ئەوە بدەن بەشداری لە ئەنجومەنی هاریکاری دورگەی عەرەبدا بکات و تەنانەت ئەگەر بکرێت وەک ئەندام وەریبگرن و، بە بۆچونی خۆیان بیگەرێننەوە بۆ باوەشی عەرەب و یارمەتی مادی بدەن، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی گوایە ئێران لەو هەوڵەدایە عیراق بە یەک پارچەیی بیهێڵێتەوە، بە مەرجێک لە ژێر رکێڤی خۆیدا بێت و، تورکیاش لە هەردوو بارەکەدا لەگەڵ یەکپارچەیی عیراقدایە .
سیناریۆکەش بەم شێوەیە دەبێت؛ پاش شکستهێنانی لە چاکسازی، حکومەتی عەبادی بگۆرن، یان ئاوها درێژەی پێ بدەن تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو .
بە پیرۆز کردنی ئەم هەوڵە لە لایەن سیستانی یەوە، کە لەم بارەوە تا ئێستا چەندین جار قسەی لەگەڵدا کراوە، یەکێک دیاری دەکەن، بە مەرجێک عەرەب و ئەمریکا پشتگیری بکەن و ئێرانیش دژی نەبێت و، بە پارەی پترۆدۆلار و هێزی ئەمریکا بتوانن فەرزی بکەن بەسەر لایەنە عیراقیەکاندا . وا دیارە چاوپۆشی لە هەندێک لە بنەماکانی دیموکراسیش بکەن، ئەوجا مەبەستەکانیان بپێکن .
سیناریۆی دووەم خۆی لە سەپاندنی هەرێمی سونە لە عێراقێکی فیدراڵی سێ هەرێمیدا دەبینێتەوە، کە ئەمە تا رادەیەک ئاسانترە بۆ هەموو لایەک، بەڵام لە جێبەجێ کردنیدا، تەگەرەی هەمەچەشن دێتە رێی؛ وەک سنوری هەرێمەکە و هەڵوێستی حکومەتی ناوەند و کورد و ئێران و تورکیا و عەرەب لەو رووەوە، هەر یەکە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوێت بۆچونی خۆی بە پێی ئەو کارتانەی بە دەستیەوەیە بسەپینێت و، بە پشت بەستن بە سەنگ و وەزعی خۆی بتوانێت مەرجەکانی فەرز بکات.
بە پێی خوێندنەوەی ئەرزی واقیع بێـت، بۆچون و ئاراستەی ناوچەکە و ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن کە سیاریۆی دووەم جێگەی خۆی بگرێت و، بە شێوەیەک بکەوێتەوە کە وڵاتان رۆڵی خۆیان تێدا بگێرن و تەنها لایەنێک کە خۆی تێدا ئامادە نەکردبێت کوردی کوردستانی باشوورە و، ئەویش سەرقاڵی شتی لاوەکی و بەرژەوەندیە تەسک و ململانێیە نابەجێکانیەتی، کە لەم هەلە بەردەستەدا بە گەورەترین غەدر بە دەستی دەسترۆیشتوانی خۆی لە میلەتەکەی خۆی بکرێت و، پاش بیست و پێنج ساڵ خۆ بەرێوەبەری ئێستاش تۆ بنەما سەرەکیەکانی پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکانت ئامادە نەکردبێت و رۆژانە پاشەکشە بکەیت و کارتەکانی خۆت بسوتێنیت .
بۆیە زۆرینەی چاودێران وای بۆ دەچن کە لەم بارەشەوە کورد دەستکەوتەکانی وەک دوو پێکهاتەکانی تری عیراق نەبێت و بەگوێرەی قوربانیدانە چەندین ساڵەکەی میلەتەکەی قازانج نەکات و رووبەرە فراوانەکەی هەلە رەخساوەکەی بەردەمی بدۆرێنێت و، لەو نێوەندەشدا ئەگەری لێکترازانیشی تێدا بەدیبکرێت و، لە کۆتاییدا لە رووە سیاسیەکەوە دابەش ببێت بەسەر دوو هەرێمەکەی تردا، لەبەر ئەوەی هەریەکە و لەو دوو هەرێمە پشتی دەرەکی بەهێزی خۆی دەبێت و دەتوانن مەرجەکانی خۆیان فەرز بکەن و، هەردوولا دەتوانن ناکۆکی و دووری لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەیەکتریەوە ئیستغلال بکەن .
دیارە دەتوانرێت ئەم ئەگەرە لە چوارچێوەی نەخشەی نوێی ناوچەکەش مەیسەر بێت و چەندین هەرێمی تر جێگەی خۆیان بگرن و، لەم بارەوە لە کاتو ساتی گونجاوی خۆیدا، لە وڵاتانی تری ناوچەکەدا هەمان هەنگاو بنرێت و گۆرانکاریەکان بە شێنەیی بەردەوام بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست