کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیکتاتۆڕەکان دەڵێن: بنووسن!

Sunday, 29/05/2016, 20:00


ماڵ بە ماڵ لە من دەگەڕان تا بمبیننەوە و هەڕەشەم لێبکەن. پەیامیان بۆ ناردم کە دەست لە نووسین و رەخنە بەرابەر بەو خۆفرۆشانە هەڵگرم.
---------------------------------------------
پێشگووتن :
١٣ ساڵم بە فارسی دەرس خوێند ، ٢٥ ساڵیشم بە فارسی وانە بە منداڵی بێ تاوانی کورد گووتوە. (بە ملی شکاوم). ئەو کات دەبوا لە هەر حەوتوویەکدا دووجار  / دیکتە/  بە منداڵان بڵێمەوە. بەو واتایە لە رووی کتێبی فارسی من بابەتێکم هەڵدەبژارد ومنداڵی هەژاری کوردیش بە بێ ئەوەی هیچ بڵێن هەرچی من دەمگووت دەیانیش دەیان نووسیەوە! هیچ کەس زاتی نەبوو سەری هەڵێنێ و چاو لە کەسی تەنیشتی خۆی بکا. زۆر جار منداڵەکان وەگریان دەکەوتن و دیانگووت: نازانین بنووسین و نمرەی کەم وەردەگرین! مەبەستی من لە گێڕانەوەی ئەو قسانە چییە؟ دەتوانم بڵێم ئەوکات مامۆستاکان (موعەللیمەکان) بە شێوەیەک وەک دیکتاتۆڕێکی بچووک دەچوون کە بە زەبری تووند و تیژی بەسەر منداڵەکاندا خۆیان دەسەپاند. نە زمان زمانی دایکی بوو، نە ناوەرۆک پەڕتووکەکان  مێژووی کوردی تێدا بوو لە سەری مانگ تا ١٥ مانگ مامۆستا کەیفی قنج بوو چون مەعاشی لە گیرفاندا بوو، لە ١٥ مانگ تا کۆتایی مانگ دەتگووت بورجی زەهری مارە منداڵ نەیدەوێرا پێبکەنێ چون مامۆستا گیرفانی بەتاڵ بوو تا سەری مانگ.!
" گووتن"
دیکتاتۆڕەکان سەرەتا لە سەر ناوی سەرۆک و رێنیشاندەر و خەمخواری گەل دێنە سەرکار. یان بە کۆدەتا، یان بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، یان بە زەبری پۆلیسی نەهێنی، یان بە زەبری چەکدارەکانی خۆیان و پەرەپێدانی پڕوپاگەندە بۆ مانەوەی خۆیان سیاسەت بەڕێوە دەبەن. دیکتاتۆڕەکان لە مێژوودا زۆرن. من بە دوو دەستەیان  دابەش دەکەم. دیکتاتۆڕ هەیە کە بڕیار لە سەر چارەنووس و ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی دەدا. لە کۆمەڵگای ناونەتەوەییدا هێز وقسەی پێیە. بەڵام دواجار خەڵک ودونیای وەزاڵە هاتووی گەلان چارەنووسی بۆ دیاری دەکا. زۆرن ئەو کەسانە من ناویان نابەم و بۆ خۆتان سەر پشک بن. هەرچۆنێک بۆ دیکتاتۆڕەکانی مەزن وبچووک رۆژێک دادێ کە گۆڕی خۆیان بۆ خۆیان بە دەستی خۆیان هەڵکەنن.
" جەوهەری کەلام "
بەڵام دیکتاتۆریشمان هەیە  بە ماچکردنی رکێفی سوڵتانان خۆی بەختەوەر دەکا. بەو واتایە لە ناوخۆی وڵات شێرە و لەدەرەوەی وڵاتیش ڕێوی گڕوێ. دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە سای سەری دڕندەیەکی وەکی / داعش/ نان بە نرخی رۆژ دەخوا. ترسی دونیای هەندەران و زلهێزەکان لە داعش ئەوەندە زۆرە کە زۆر بێویژدانانە خەڵکی بێتاوانی باشوریان رادەستی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی کردووە. رێفڕاندۆم و دەوڵەتی کوردی وەک بنێشتە خۆشکەی لێهاووە کە بارزانی گەمەی سیاسی لە سەر بەڕێوە دەبا. رۆژێک لە عێڕاق جودا دەبێتەوە ، رۆژێک بۆ سەربەخۆیی دەدوێ ، رۆژێک ناچێتەوە بەغدا، رۆژێک دەگەڕێتەوە بەغدا! هەر مانگێک سازێک دەژەنێ، وەکی دووزەلە ژەنی لێهاتوە کە بۆ نەیار دەژەنێ. شەڕە دندووکەی ناوخۆییش دوای رێککەتنی گۆڕان و یەکێتی لە جێی بمێنێ کە ئاسۆیەکی روونی تێدا بە دیناکەم. ئەگەر قەرار بێ پارلمانیش کارا بکرێتەوە دەبێ چاوەڕوانی شەڕی ئەو جار بین.! ئەوە چارەنووسی نەتەوەیەکی مەزنی کە دووجار داگیرکراوە، جارێک دیکتاتۆڕی بیانی لە خشتەی دەبا، جارێکیش دیکتاتۆڕەکانی خۆماڵی لە خشتەی دەبا. دیکتاتۆڕەکان دەڵێن: بنووسن ، ئەوەی ئێمە دەیڵێین دەبێ بینووسن ! هەر چی گووتمان بێدەنگ بن ، ئێمەین کە بڕێار دەدەین ، ئێمە دەتانکووژین ، ئێمە ژیانتان پێدەدین! ئەوە ئێمەین لە هەر شووێنێک بن وەدواتان دەکەوین و دەتانکوژین ! چمان گووت دەبێ بینووسن.
سەرنج بۆ ڕای گشتی لە ڕێگای کوردستان پۆستەوە :
ماوەیەک لەوەی پێش بە کرێگیراوەکانی سەر بە مەسعود بارزانی و کوڕە خوێڕیەکەی / مەسروور / وەک بەرپرسانی / پارتی / لە هەولێر هاتنە ئەو وڵاتەی کە من لێی دەژیم (فەنلاند) . ماڵ بە ماڵ لە من دەگەڕان تا بمبیننەوە و هەڕەشەم لێبکەن. ئەو کورد کوژانە لە رێگای کەسێک بە ناوی / س ، ز ، ج / پەیامیان بۆ ناردم کە دەست لە نووسین و رەخنە بەرابەر بەو خۆفرۆشانە هەڵگرم . لەمەو بەدوا ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردسانیش گرفتی جیددی بۆ بنەماڵەکەم چێ بێ سیخۆرەکانی سەر بە بنەماڵەی سەرشۆڕی بارزانی بەرپرسن. چون لەوێش بەکرێگیراویان هەیە.  ئێرە وڵاتێکی ئازادە و نوسینیش ئازادە. جارێکی دیکە وەک رێوی خۆتان حەشار مەدەن. غیرەتوو هەبێ رووبەروو وەرنە لام. ئەوە جاری یەکەم نییە ئەو کارە سەرشۆڕانە دەکەن. من نەمدەویست ئەو قسانە بڵاو کەمەوە بەڵام با خەڵک بزانێ ئەو نۆکەرانە ، نۆکەرایەتی لە مەلامستەفای باوکیان فێر بون. 
چاوەڕوانتانم بگەڕێنەوە کوردفرۆشەکانی سەردەم.
جەعفەر کەریمی
کوردستانپۆست
٢٩/٥/٢٠١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە