رێکەوتن یان هێلکەڕەنگکردن
Sunday, 29/05/2016, 14:42
(هەتا مێژوویەک نەگاتە خاڵی وەرچەرخان دەستەڵاتدارانی هەرچییەک بڵێن دەخوات. بەڵام کاتێک کە مێژووەکە وەردەچەرخێت دەستەڵاتی زۆردار هەرچییەک بڵێت بە هەمان ئەو یاسایەی کە هەموو شتێک دەیخوارد، بە وەرچەرخاویی بە پێچەوانەوە هیچ شتێکی ناخوات.
وەرچەرخانی مێژوو خودی تێگەشتنەکان ناگۆڕێت. وەرچەرخانی مێژوو جێگەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت کە بە شێوەیەکی تر دنیای لێوە دەبینرێت.)
----------------------------------------------
لە کاتێکدا کە باشوری کوردستان ورد ورد لە لیتاوی قەیرانی ئابوریی و بەڕێوبەرایەتییدا نوقم دەبێت، یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان کە خۆیان سەرچاوەی قەیرانن لە پەخشانێکی فکرییدا بۆ جەماوەر رێکەوتنێکیان رۆژی ١٧/٠٥/٢٠١٦ بەیان کرد. (
کلیکی ئێرە بکە) بە گشتیی رێکەوتننامەکە هیچ ناوەڕۆکێک نابەخشێت جگە لە بەردەوامیدان بەو ناکۆکییەی نێوان سەرانی سەوز و پارتی لەسەر دەستەڵات و پارە. ژمارەیەک لە ئەندامە ئەقڵکەچەکانی هەردو لایان ئەم ئاهەنگە دەکەن بە دەرمانی چارەسەر بەرامبەر بە پارتی، وەکو ئەوەی پارتی سەرچاوەی ئاوەکەی گرتبێت، ئەگینا لەمبەر قەرسیل تا بن دەست بێت. هەموو کاتێک پەیوەندیی یەکێتی و پارتی نزیکترە لە پەیوەندیی هەر یەکێکیان بە میللەتەوە لەوپەڕی شەڕە تفەنگیشیاندا. یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان بەرزکردنەوەی دیوارە سەر ڕوخاوەکەی هێزی سەوزە بەرامبەر بە دیواری زەرد. دوو دیوار کە هەمیشە لە نێوانیاندا ئازادیی دەخنکێت.
زمانی رێکەوتنەکە
رێکەوتننامەکە وەکو نوسین پڕیەتی لە هەڵەی زمانەوانیی کە نیشانەیە بۆ بێموبالاتیی، گرنگیی پێنەدان، بێباکیی و شێوازی کاری سەرەتایی. پەخشانەکە دیارە کە یەک کەس هزراندویەتی و ئیتر هیچ ئیشێکی لەسەر نەکراوە. لە کاتێکدا کە پەخشانەکە باس لە کاری دامەزراوەیی دەکات کەچی خودی رێکەوتنەکە سیمای کاری شەخسیی پێوەیە نەک دەستگایی. هەر لە راگەیاندنەکەدا کەسی یەکەمی ئیمزاکەر کۆسرەت رەسوڵ لە قسەکانیدا ناوی مەسعود بارزانی، شێخ جەعفەرو مەحمود سەنگاویی دەهێنێت بۆ مەبەستی خۆی.
موراڵی رێکەوتن
یەکێک لە کارەکتەرەکانی پارتە کوردییەکانی باشور بە درێژایی مێژوویان ئەوە بووە کە ناتوانرێت رێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت. هەمیشە کاتی خۆی چەندەها خاڵی رێکەوتن ریز دەکرا لە نێوانیاندا بەڵام هیچ لایەک موراڵی لەو ئاستەدا نەبووە کە پەیوەست بێت بە خاڵێکی ئاراییەوە (مەوزوعییەوە). هەر لایەک کە لە کۆبوونەوەکە هەستاوە خاڵەکان هەر لەوێدا وەکو پەشمەک لە دەمیاندا تواوەتەوەو ئیتر بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوتیان کردووە. بەوەش هەر لایان لەم هەڵوێستەی خۆی دڵنیا بووە کە لایەکەی تریش هەمان رەفتاری هەبووە. واتە، هیچیان لە هیچ.
دیموکراتیی یان پیسخۆرکراتیی؟
ئەم رێکەوتننامەیەش هەمان دار گرتوویەتی. هەردوو هێز خۆیان بەوەوە ماندو نەکردووە کە ئەوەی باسی دەکەن لە بەرامبەریدا کەرەسەیەکی هەبێت. کاتێک کە باسی نەشتەرگەریی دەکەن بە لایەنی کەمەوە پیشانی بدەن کە پزیشکن نەک پینەچیی. بۆ نموونە لە پەخشانەکدا هاتووە:
"ههردوولا پابهندن به جێبهجێكردنی سیستمی دیموكراسی و بنهماكانی." هەروەها: "ئەم رێکەوتنە بۆ چهسپاندنی پرهنسیپهكانی دیموكراسییه." بەڵام بەرامبەر بەم هزراندنانە دەبینین کۆسرەت رەسوڵ کە تەندروستیی زۆر خراپە بۆ ئەوەی ئاسانترین ئیش بکات، کەچی قسەکەری یەکێتییەو ئیمزای رێکەوتننامەکە دەکات. ئایا هۆی زۆرداریی و دواکەوتویی نەبێت یەکێتی نیشتیمانیی ناتوانێت کەسێکی تر بۆ ئەو پۆستە ئامادە بکات؟ لە هەمان کاتدا ناوبراو و هەموو دەستەڵاتدارەکانی تریش نەوەکانیان بە یاسای پیسخۆرکراتیی دەبن بە خاوەنی پۆست، کۆیلەو پارە، هەر یەکەو بە گوێرەی قەبارەی پشکی باوکی لە دەستەڵات و تاڵانییدا. راستییەکە ئەوەیە کە ئەم دەستەڵاتدارە خاوەن پشکانە تا هەناسەیان تیا بێت شوێنەکانیان بەجێ ناهێڵن. دوای خۆشیان منداڵەکانیان میراتگری دەستەڵات و سامانن. ئەندامانی پارتەکانیش کۆیلەن تا سەر ئیسقان. هەتا ئێستا یەک ئەندام ئەوەندە جوامێر نەبووە هەڵوێست وەرگرێت لە هیچ لادان و پیسخۆرییەک. کەچی پەخشانە فکرییەکەی هەردو هێز سڵ ناکاتەوە لەوەی کە باس لە دهستاودهستكردنی ئاشتیانهی دهستهڵات و دیموکراتیی بکات. ئەمە لە کاتێکدا هەر سەرگردەیەک دەستەڵاتەکەی وەکو لوت ئەوەتا بە خۆیەوە. زۆر جار سەرچاوەی دەستەڵاتەکە سیخوڕییە بۆ وڵاتێکی بێگانە. دەستەڵات پۆست نایدات بە سەرگردە کە لا چوو لە ئیشەکەی ئیتر ببێتەوە بە کەسێکی ئاسایی. پۆستیش بگۆڕن لوتیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن. ئیستاش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ژێر وێنەیەکی گەورەی مام جەلالدا نوسراوە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق. لە کۆریای باکوریش "کیم ئیل سۆنگ" هەر سەرۆکی وڵاتە کە دووەم نەوەیە دوای خۆی حوکم دەکات. هەتا سیستێمەکە نەگۆڕدرێت قوش نییە دەست بۆ ئەلفێکی جێگاکەی ببات.
ئەمە رەنگە لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتودا ئازایەتیی بێت کە کەسانێک زەق گردو سامانی گشتیی ببەن بۆ خۆیان و روی ئەوەشیان هەبێت پەیام بۆ میللەتەکەی دەربکەن. زەلیلیی و نامەردیی نەبێت بۆ هاوڵاتیان کە ئەمانە پاڵەوانەکانیان بن و چەپڵەیان بۆ لێ بدەن. ئەگینا لە وڵاتانی دیموکراتییدا هەر کەسێک پێی خوار دانا یەکسەر لای دەبەن. کەسێک جێگای متمانە نەبێت گوێی لێ ناگرن هەرچییەک بڵێت. ئەمە لە کۆمەڵگای دواکەوتودا دەخوات کە کەسێک خائین بووبێت بەڵام زانا یان پێشکەوتنخوازە، ساختەچی و دز بووبێت بەڵام شاعیرە، وڵاتفرۆش و تاڵانچی بووبێت بەڵام سەرکردەیە.
لە کوێووە بۆ کوێ؟
لە مانگی دووی (١٧)ی شوباتداو مانگی سێی یادی راپەڕیندا نەوشیروان مستەفا کوردستان بەجێدێڵێت. لە مانگی پێنجدا دەگەڕێتەوەو رێکەوتننامەیەک لەگەڵ "کۆسرەت رەسوڵ"دا وەکو کۆکاکۆلا هەڵدەبچڕێت. بزوتنەوەی گۆڕان جاران باسی ناهەمواریی، دزیی و تاڵانیی سەرانی یەکێتی و پارتی دەکرد کەچی ئەم جارەیان کاتێک فڵچە لە کاغەزی قومارەکە ئەدەنەوە کارتێک دەکەوێتە روو سەیر نییە کە لە کارتەکەی پێشوو نەچێت. رێکەوتنەکەیان دەنوسێت کە: "ههدوولا جهخت دهكهنهوه سهر ئهوهی كه ئهم رێككهوتنه له پێناوی باشتركردنی گوزهرانی هاوڵاتیان و چاكتركردنی سهرچاوهكانی بژێوییانه."
یەکەم، گوزەرانی هاوڵاتیان و سەرچاوەی بژێویان بە "جەخت" باشتر و چاکتر ناکرێت.
دووەم، بزوتنەوەی گۆڕان لەم پەخشانەدا دان نانێت بەوەدا کە خەڵک گوزەرانی خراپە. بەڵکو باشەو بەڵام لەمەودوا بە حسابی خۆیان بە "جەخت" باشتری دەکەن.
سێیەم، وەسفکردنی رەوشێکی پڕقەیران بە "باش" و "چاک" ئیشارەتدانە بەوەی کە ئیتر ئەم رێکەوتنەی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەیەوێت دەرگا لەسەر رەخنە دابخات. لە پەخشانەکەدا هاتووە کە: "دهزگاكانی ڕاگهیاندنی ههردوولا بهگیانی تهباییهوه ههماههنگی یهكتر دهكهن بۆ پابهندبوون لهم ڕێككهوتنه."
پارتەکان بۆ میللەت دروست نەکراون
رێکەوتننامەکە باس لە راییکردنی کاروباری پارێزگاکان دەکات. ئەمەش لە رێگای ههمواركردنهوهی یاسای ژماره (٣)ی ساڵی (٢٠٠٩)ی ئهنجومهنی پارێزگاكانەوە. وەکو ئەوەی یاساکە بەلوعە بێت کە ئەمان بایان دا ئیتر کاربەڕێکردن خوڕەی بێت. یەکێتی و گۆڕان ماوەیەکی درێژ لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی کورسییان لە ژێر یەکتریی دەرئەهێنا. هاوڵاتیان هیوایان بە بزوتنەوەی گۆڕان بوو گۆڕانکارییەک بکات. کەچی ئێستا شاری سلێمانی زیاتر لەوتاوە. سەرجادەکان بوون بە دوکانی دەستگێڕەکان. کرێکاران دەستیاوەکانیان لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا دائەنێن. ئوتومبیل لەسەر شۆستەکان رادەوەستن. جادەی مەولەوی قەرەوێڵەی دەستگێڕەکانی لەسەر بەستراوەتەوە. گوشت و خواردەمەنیی بێ کۆنترۆڵ لە چەقی جادەکاندا دەفرۆشرێن. ناوشار بووە بە ژینگەی دروستبوونی چالاکیی مافیایی. پارێزگاری پێشووی سلێمانی لە سەر تەلەفیزیۆن جارێکیان وتی ئێمە زانستییانە چارەسەری ئەم قەڵەباڵغییەی ناو شار دەکەین. چارەسەرەکەش ئەوە بوو کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی دەهێنن بۆ ئەوەی ئەم گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات. ئێوە تەماشای ئەم کارەساتە بکەن کۆمەڵگایەک ئەوەندە ئیفلیج بێت پەنا بەرێت بۆ وڵاتێکی تر بێن بەرسمێڵی بۆ بکەن. برادەرێک بە تەوسەوە وتی رەنگە ئەڵمانییەکان بهێنن گازی کیمیاویی بکەن بە خەڵکەکەدا. ئەوەی بە دوو پارتی بەناو سیاسیی ناکرێت زەمانی سەددام حسەینی داگیرکەر "عەبە سور"ی چاودێر بە تەنها دەیکرد. بەڵام ئایا ئەم ئیفلیجییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
ساڵی ١٩٢٢، واتە ٩٤ ساڵ لەمەوبەر، راوێژکارێکی شێخ مەحمود بە شێخ دەڵێت: "بۆ ئەوەی خەڵکیی لێت بترسن چەند کەسێک گولـلەباران بکە!" شێخی نەمریش لە وەڵامدا دەڵێت: "ئێمە بۆ راییکردنی کاروباری خەڵکیی هاتووین، ئنجا ئەگەر خەڵکەکەمان کوشت ئیتر چی تیادا دەمێنێتەوە؟" لە راستییدا جەوهەری کێشەکە ئەمەیە: ئایا دەستەڵات بۆ چ مەبەستێک هاتووە، بۆ بەڕێوبردنی کۆمەڵگاو پاراستنی نیشتیمان یان بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگا و تاڵانکردنی کوردستان؟
مشتوی ناو هەمانەکە
مشتوی ناو هەمانەکە ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان کە لەگەڵ پارتییدا هاوبەشن لە دەستەڵات، نەوت و پارەدا، هیچ کام لە پۆستە گرنگەکانیان بە دەستەوە نییە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گرژییەکە تێکچونی هاوسەنگیی دەستەڵاتە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا. یەکێتی پایتەختی هەرێمی بۆ بردنە هەولێر. پۆستی سەرۆکی هەرێمی لە جیاتی سەرکۆماری عێراق دا بە پارتی. مەلەفی نەوت لە دەستی پارتییدایە. سەرۆکی حکومەتیش برازای سەرۆکە. بەرپرسی دەزگای ئاسایشی نەتەوەییش کوڕی سەرۆکە.
پێشتر ویستیان فشار بخەنە سەر پارتی. ئەنجامەکەی بە دەرکردنی سەرۆکی پەڕلەمان یوسف محەمەد شکایەوە لە لایەن پارتییەوە. ئیستاش هەردولا دەیانەوێت گەلەکۆمەکێیەکی تر لە پارتی بکەن بەو هیوایەی کە ئەم جارە پۆستی سەرۆکی حکومەتیان بەربکەوێت. لە رێکەوتننامەکەدا دەنوسن:
"ههردوولا پابهندن به پێویستی سیستمی پهرلهمانی له كوردستان و ئهم سیستمه به گونجاوترین سیستم بۆ ئهم قۆناغهی ئهمرۆ دهزانن كهتێیدا سهرۆكی ههرێم له ناو پهرلهمان ههڵدهبژێردرێ و سهرۆكی حوكومهتی ههرێمی كوردستان لێپرسراوی راستهوخۆی دهسهڵاتی جێبهجێكردنه."
رێکەوتن یان هێلکە رەنگکردن؟
رێکەوتنەکە رۆژی ١٧/٠٥/٢٠١٦ لە هوتێل میلینیۆم لە لایەن حاکم قادرەوە خوێنرایەوە. ئەم هوتێلە لە کاتێکدا دوو قوتابخانە لە بینایەکدا دەوام دەکەن، ٢٦٠ میلیۆن دۆلاری تێچووەو بووە بە سیمبۆلی پیسخۆریی شاری سلێمانی. لە روانگەی ئابورییەوە یەکێکی ترە لە پڕۆژە ژێرکەوتووەکان. بەڵام رۆن کە زۆر بوو سمێڵی پێ چەور دەکرێت. ئەوانەی کە لە ئاهەنگی بەیانکردنی رێکەوتنەکەدا دەبینران ئەوانە بوون کە پشکی شێریان هەیە لە پارەو سامانی حەرامدا. بۆیە ئاساییە کە پێچەوانەی ئەم راستییە پەخشانەکە بفکرێنێت:
"ههردوولا كۆكن لهسهر پێویستی بهگژداچونهوهی گهندهڵی و ئهنجامدانی چاكسازی سیاسی و یاسایی و ئابووری و داراییی و كارگێڕی بهمهبهستی چارهسهری ڕیشهیی بۆ ئهو كێشانهی كه ئهمڕۆ ههرێمی كوردستانی گرتۆتهوه."
رێکەوننامەکە دان بە "قەیران"دا نانێت. بەڵام قیران نەک کێشە. لە راستییدا چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو قەیرانانەی کە هەرێمی کوردستانیان گرتۆتەوە بەستراوەتەوە بە خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگای باشور لە کۆنتراکتێکی سیاسیی نوێدا. تا هۆکاری قەیرانەکان کە پارتەکانن، هەبن قەیران بنبڕ ناکرێت. ئەوەی خراپی کردووە ناتوانێت چاکی بکات. ئەمە راستییەکی سەلماوە. بەڵام کێشەکە چاکسازیی نییە، قسەکردنی دەستەڵاتێکی داگیرکارە کە هەر شتێک بڵێت مەڕمیللەت دەبێت سەری بۆ بلەقێنێت.
شانبەشانی وەسفکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان بە "باش" و سەرچاوەی بژێو بە "چاك" لە پەخشانەکەدا، رابەری بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە وتارەکەیدا لە جیاتی وشەی "قەیران" وشەی "ئاڵنگاری" بەکار دەهێنێت. ئەمەش ئاهەنگی هێلکەڕەنگرتن دێنێتەوە یاد. ئایا بۆیاخکردنی تەنەکەیەک چی لە خاشاکی ناوەکەی دەگۆڕێت؟
کاک نەوشیروان لە کۆتایی وتارەکەیدا روو دەکاتە هەردولا یەکێتی و پارتی و دەڵێت:
"دەمەوێت بەبیری هەردولای بهێنمەوە عیبرەت لە نوسیندا نییە، بەڵکو عیبرەت لە جێبەجێکردندایە."
لە راستییدا ئەم سەرگردانە ئەگەر بە تەسلیمکردنەوەی گردەکانیان دەمیان بکردایەتەوە "عیبرەت" لێرەدا مانایەکی تری نەدەبوو."
بەڵام ئایا ئەوان قسە بۆ کێ دەکەن؟ ئەندامی پارتەکان تەنها چاوەڕێی فەرمانن. دەیان نوسەر، چاوکوێری سیاسیی و تاریکبیریان بە هەموو شتێکی سەرگردەکانیاندا، رەش یان سپی، هەڵدەدەن بەو هیوایەی بستێک لە دەستەڵادار بچنە پێشەوە.
کێشەکە قسەکان نییە
فەیلەسوفی روسیی "پیتەر کرۆپۆتکین" دەنوسێت کە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ پێچکردنەوەی هاتوچۆکەرێک دێنێتەوە یاد. ئەو پێچانەی کە تا ئێستا سەدان ساڵیان خایاندووە. دوای ماوەیەکی درێژ لە نوستن خاڵێکی وەرچەرخان دێت کە ئیتر مرۆڤ بەئاگادا دێت. مرۆڤ بیری خۆی لە هەموو ئەو کۆتانە ئازاد دەکات کە دەستەڵاتداران، قەشەکان و یاسادانەرەکان تێیان ئاڵاندووە (١).
بۆ نموونە وەکو سەعاتی چاڵمە یان جۆلانەیەک. مێژوویەک هەر دێت تا دەگاتە خاڵێک. ئیتر لەو خاڵەدا حەتمیی وەردەچەرخێت. ئەو کاتە هەموو تێگەشتنە کۆنەکان هەڵدەوەشێن. یەکێک لەو یاسایانەش کە کارڵ مارکس کۆمەڵگای پێ شی دەکاتەوە یاسای گۆڕینی چەندێتییە بۆ گۆڕانێکی جۆرێتیی. کاتێک کە بلۆکی کۆمۆنیزم روخا بە چاوی خۆمان بینیمان هەر حکومەت و دەزگاکان نەڕوخان، بەڵکو موراڵی کۆمۆنیزمیش هەرەسی هێنا. پێوەرو تێگەشتنەکانیش نەمان.
هەتا ئەم مێژووەی کورد لە باشوردا نەگاتە خاڵی وەرچەرخان دەستەڵاتداران هەرچییەک بڵێن دەخوات. چونکە ئەوان لەم مێژووەدا قسە بۆ مەڕمیللەت دەکەن، بۆ گەلێکی مردوو، گەلێکی بێ ماف، گەلێکی ملکەچ و بەند بە هەموو بڕیارێکی ئەوانەوە. بەڵام کاتێک کە مێژووەکە وەردەچەرخێت دەستەڵاتی زۆردار هەرچییەک بڵێت بە هەمان ئەو یاسایەی کە هەموو شتێک دەیخوارد، بە وەرچەرخاویی بە پێچەوانەوە هیچ شتێکی ناخوات. وەرچەرخانی مێژوو خودی تێگەشتنەکان ناگۆڕێت. وەرچەرخانی مێژوو جێگەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت کە بەشێوەیەکی تر دنیای لێوە دەبینرێت.
سەرۆکی رۆمانیا نیکۆلای چاوسیسکۆ ساڵی ١٩٨٩ وەکو جاران قسەی بۆ جەماوەر کرد. بەڵام ئەم جارەیان لە جیاتی چەپڵە هوهایان لێ کێشا. ئنجا لێی راپەڕین، گرتیان و کوشتیان. چاوسیسکۆ هەڵە لە قسەکانیدا نەبوو. بۆیە حەپەسا. ئەو نەیزانی کێشە تێکست نییە، مێژووەکە بوو وەرچەرخا بوو.
ناسر حەفید
٢٧/٠٥/٢٠١٦، سۆڵنا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست